سبەی تەرمی عەلی قازی دەگەڕێنرێتەوە ھەرێمی کوردستان
کوردسات نیوز
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٢
دوای ئەوەی رۆژی ھەینی رابردوو عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بە نەخۆشی لە شاری بۆنی ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد، بڕیارە سبەی تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
بەپێی وتەی کەسوکارەکەی، سبەی لە ھەمان رۆژ تەرمەکەی عەلی قازی بەڕێ دەکرێت بۆ کەلار و لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بەخاک دەسپێردرێت.
بە پێی زانیارییەکان تەرمی عەلی قازی لە قەزای کەلار لە تەنیشت گۆڕی خوشکەکەی بەشێوەی کاتی بەخاکدەسپێردرێت.
عەلی قازی، لە ساڵی ١٩٣٣ لە شاری مھابادی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، دوای روخانی کۆماری مھاباد لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێبووە، سەرۆکی پێشوی پارتی ئازادی کوردستان بووە.