قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئیریک شوڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە کۆبوونەوەیکدا کە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەیبوو، جەختی کردەوە کە پێویستە گفتوگۆ و دانوستان بکرێتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی چەقبەستوی پێکھێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاکان لە عێراق.
لە کۆبوونەوەیەکەدا تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەھەرێمی کوردستان و عێراقدا کرا لەبەر رۆشنایی ھەلومەرجە ھەرێمییەکان و جەختکرایەوە کە دەبێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەپێناو خێراترکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێک کە لەئاستی چاوەڕوانی شەقامی عێراقیدا بێت و خزمەتی ھاوڵاتیانی بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا پتەو کردنی زیاتری پەیوەندییەکانی فەرنسا و ھەرێمی کوردستان باسی لێوەکرا، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ھەموو ھەماھەنگییەکانی ئەو وڵاتەی کرد لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان.