لە کۆبوونەوەیەکدا کە ھەریەکە لە رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و ئەنجومەنی گشتی ڕاژە و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون، ھەڵسەنگاندن کرا بۆ بڕیارەکانی کۆبونەوەی پێشوو لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی. 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتی کار و ڕۆڵی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە و ڕێکخستنەوەی میلاکات، ئاماژە بەوەشکرا کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەتە لەپرسی ڕێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی چاکسازی ئیداریی و رێکخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بە پێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاری کردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت پشت بەست بە میلاکاتی ئەلکترۆنی کە بڕیارە دروستبکرێت.

ھەروەھا لەکۆبوونەوەدا جەختکرایەوە کە لەڕێی ئەنجومەنی ڕاژەوە کاربکرێت لەسەر چۆنییەتی ڕاگرتنی ھاوسەنگی کارگێڕی و رێکخستنەوەی ھەیکەلیەت و دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران بەسەر وەزارەت و داموودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و گونجاوتر.