(کامەران حەمە ساڵح) بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ساڵی رابردوو روبەڕوی گرفتی وشکبوونی باخچەکان بونەوە، دواتر گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک ئیمزاکرا بۆ ئاودانی باخچەکان و ھەردوو بلواری مەلیک مەحمود و بلواری شەقامی تاسڵوجە-سلێمانی، گرێبەستەکەش تا مانگی ١٠ی ئەمساڵە.
وتیشی، داوایان لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە گرێبەستەکان ساڵانە نەبن، بەڵکو زیاد بکرێن بۆ ماوەی ١٠ تا ١٢ ساڵ بۆئەوەی روبەڕوی گرفتی وشکبونی باخچەکان نەبنەوە.
جەختیشیکردەوە، دەبێت لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ جارێکی تر پارە بۆ باخچەکان پەیدا بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ھەردوو بلوارەکە پێویستیان بە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار ھەیە، بۆ پاراستانی باخچەکان لە وشکبوون، بۆ چاککردنەوەی باخچەکانی ناوشاریش پێویستییان بە نزیکەی ملیارێک دینار ھەیە.
بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سلێمانی لە ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان زۆرترین رێژەی سەوزایی تێدایە و لە ستانداردی جیھانیدایە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم، پێشبینییەکانی کەشوھەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە، لەبارەی پارێزگای ھەولێر دەڵێت ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای ھەولێر ئاسمان لەنێوان نیمچە ھەور و ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک، خێرایی با لە نێوان (١٠-٢٠ ) کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت بە ئاراستە گۆڕاو.
لەبارەی پارێزگای دھۆک کەشناسی ھەرێم دەڵێت سبەینێ لە سنوری پارێزگای دھۆک ئاسمان لەنێوان ھەور و نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانێکی کەم لەناوچە شاخاوچە سنوریەکانی باکوری پارێزگادا و ئەگەری بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵێکی سووک لەناوچەکانی باشوری پارێزگادا.
دەشڵێت مەودای بینین لەنێوان ٧ -٩ کم دەبێت، نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو ١٦ پلەی سیلیزی، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٨ پلەی سیلیزی دەبێت، سبەینێش ئاسمان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵێکی سوک.
لەبارەی کەشوھەوای پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم دەڵێت ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان نیمچە ھەور و ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک، خێرایی با لە نێوان (١٠-٢٠ ) کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت بەئاراستەی گۆڕاو، مەودای بینین(٨ -١٠) کم، نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو ١٦ پلەی سیلیزی بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو٢٦ پلەی سیلیزی دەبێت.
بۆ سبەی لە پارێزگای سلێمانی، ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بەرزبونەوەی تۆزوخۆڵێکی سوک خێرایی با/ لە نێوان (١٠-٢٠ ) کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باشوری خۆرھەڵات، مەودای بینین/ (٧ - ٩) کم ، نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ١٧ پلەی سیلیزی .بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٩ پلەی سیلیزی دەبێت.
ھەر بە گوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە ئاسمان لەنێوان نیمچە ھەور و ھەوری تەواو دەبێت. خێرایی با لە نێوان (١٠- ٢٠) کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت ئاراستەی گۆڕاو مەودای بینین/ (٨ -٩) کم نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو ١٣ پلەی سیلیزی .بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٧ پلەی سیلیزی دەبێت، بۆ سبەینێش ئاسمان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت، خێرایی با/ لە نێوان (١٠- ٢٠) کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت بەئاراستەی باشووری خۆرھەڵات. مەودای بینین (٨- ١٠) کم . نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ١٤ پلەی سیلیزی .بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٣٠ پلەی سیلیزی دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕایگەیاند میکانیزمەکان تایبەتن بە ھەژمارکردنی باج بۆ گرێبەستەکانی دابینکردن کە لەنێوان لایەنی گرێبەستکاری عێراقی و بیانی ئەنجامدەدرێت، ھەروەھا گرێبەستەکانی دیکە کە لەنێوان کەسی نیشتەجێ لەگەڵ کەسی بیانی نانیشتەجێ ئەنجام دەدرێت.
لە نوسراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت بڕیارەکان بەشداریپێکردنی لقی کۆمپانیای بیانی لە خەرجییەکانی کۆمپانیای دایک دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ لە ھەولێر وۆرکشۆپی ئەشکەنجەدانی زیندانییان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، لە لێدوانێکدا "شوان سابیر" سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بەندییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، زیندانییانی بادینان و بەشێک لە زیندانیانی تر لەکاتی دادگاییکردنیان لەبەردەم دادوەر ئاشکرایان کردووە کە لە زیندانەکان ئەشکەنجە دراون، ئەو کارانەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی دروستکردووە و پێویستە ئەو رەوشە چارەسەر بکرێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە نوێترین راگەیەنراویدا ئاشکرایکرد، بە ھاوکاری دۆستەکانیان ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆسەر ناوچەکانی "مەتینا و زاب و ئاڤاشین و باسیان" لە ھەرێم دەستپێکردووە و تەنھا چەکی تورکیا بەکاردەھێنن و زیانی گەورەش لە پەکەکە دراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ "خڵوسی ئاکار" وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە رێگەی ھێزی ئاسمانی و وشکانییەوە دەستپێکردووە و ئەو ئامانجانەشی لە قۆناغی یەکەمدا دیاریکرابوون بەدیھاتوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیا، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەڕاسیۆنەکە دەکات.
لە بەرامبەردا ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) راگەیەندراوێکی تری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە روبەڕوبونەوەیەکدا ٢٨ سەربازی تورکیا لە زاپ و ئاڤاشین کوژران و ٩ سەربازی تریش برینداربوون و دوو ھێلیکۆپتەری سوپای تورکیاشیان خستووەتەخوارەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تورکیا لەرێگەی تۆپخانەکانی و درۆنی مووشەکھەڵگرەوە ناوچەی زەرگانی لە حەسەکە بۆردومان و تۆپباران کرد، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش سوپای تورکیا دەستیکردووە بە ھێرش و بۆردومان بۆ سەر گوندەکانی ناوچەی تەل تەمر.
بە پێی زانیارییەکان، لە ئێستاشدا تۆپھاوێژەکانی تورکیا گوندەکانی سەفا و تەلوەرد و تەل شنانی و دردارا و گوندی ئوم ئەلکێف لە دەوروبەری ناوچەی تەل تەمر تۆپباران دەکات.
بەپێی راگەیەنراوێکی ھاتوچۆی سلێمانی، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە لەمەودوا ھەر کەسێک بیەوێت ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەی لە ھاتووچۆی پارێزگاکانی ھەرێم نوێ بکاتەوە ، پێویستە کەسەکە (واتە ئەو کەسەی ساڵانەکەی بەناوەوەیە) ئامادەبێتو ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی ساڵانەکە ئەنجام بدات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ھاتوچۆی سلێمانیدا ھاتووە، ڕێگەیەکی دیکە بۆ نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل ئەوەی دەبێت کەسێکی ڕێگەپێدراو لە ڕێگەی یاساوە واتە ( وەکالەت)ی پێبێت دەتوانێت ساڵانەکە نوێ بکاتەوە.
ھاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت، "سەبارەت بە نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، بەپێی بریارەکە پێویستە خاوەن مۆڵەتەکە خۆی ئامادەبێتو کارەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکە ئەنجام بداتو ھیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت مۆڵەتی شۆفێری کەسێکی دیکە نوێ بکاتەوە."
پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، لە پارکی ئەڤین لە گەڕەکی ھەڤاڵان شەش کەس بە ناوەکانی (ڕ. م. م.) و (ک. ج. ع.) و (ف. م. م.) و (ک. ک. ح.) و (ھـ. ع. ڕ.) و (ف. ع. ع.) بەھۆی خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دەستگیرکران.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ھەولێردا ھاتووە " دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری (شۆفرلێت ئۆپتڕا) و ماددەکحولییەکان داگیرا و ڕادەستی بنکەی پۆلیسی سەروەران کران."
سەرەتای ئەم مانگە پارێزگای ھەولێر ژمارەیەک بڕیار و ڕێنمایی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە لەمانگی ڕەمەزاندا فرۆشتن و پێشکەشکردنی خواردنەوە کحولییەکان بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری شارۆچکەی نەوسود لە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بەھۆیەوە لانیکەم ١٠ کۆڵبەر برینداربوون، بەوەش ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە ماوەی کەمتر لە یەک ھەفتەدا لەو سنورە برینداربوون، بۆ ١٧ کەس بەرزبووەتەوە.
ساڵانە دەیان کۆڵبەر لە رێگە سەخت و پڕ مەترسییەکانی سنورەکانی نێوان ھەرێم و خۆرھەڵاتی کوردستان دەکوژرێن و برینداردەبن و ساڵی رابردوش ٥٤ کۆڵبەر کوژران و نزیکەی ١٧٠ دیکەش برینداربوون.
فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی کردووە ئاگاداریان دەکاتەوە، دەرچووانی ئێواران ئاستی یەکەم و دووەم و سێیەمی خوێندنی ئێواران ھەمان مامەڵەی خوێندنی بەیانیان لەگەڵ دەکرێت و سەبارەت بە تەواوکردنی خوێندنەکەیان واتا خوێندنەکەیان بە خۆڕایی دەبێت.
لە نوسراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، سەبارەت بەو خوێندکارانەی ئێستا لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەردوامن لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ واتا خوێندکار لە ھەر قۆناغێکدا بێت لە ئێستادا تا تەواوکردنی خوێندنەکەی کرێێ خوێندنی لێ وەناگیرێت بە مەرجێک تێکڕای نمرەیان لە ٨٠٪ کەمترە نەبێت.
رێکخراوی "سی پی تی" ئەمریکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ راگەیەنراوێکی سەبارەت بە لەشکرکێشی و بۆردومانەکانی تورکیا لە گوندەکانی شیلادزێ و دێرەلوک و کانی ماسی بڵاوکردەوە و داوادەکات، دەستبەجێ بۆردوومانەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، شەوی رابردوو سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ و مەتین لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دھۆک دەستپێکرد، بەرلە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەش، ھێزی ئاسمانی تورکیا نزیکەی ٥٠ جار گوندەکانی دەوروبەری "شیلادزێ و دێرەلوک و کانی ماسێ"یان بۆردوومانکرد و بەدەیان سەربازی تورکیش لە ھێلیکۆپتەرەوە بۆ سەر چیاکانی دەڤەری نێروە و ڕێکان دابەزێنرانە خوارەوە.
ھاوکات داواش لە سوپای تورکیا دەکات، دەستبەجێ بۆردوومانەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت و ژیانی ھاووڵاتیان نەخرێتە مەترسییەوە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق، ھەرێم و ئەو بەرەوپێشچونانەی ھاتوونەتە پێش بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی.
ھەر لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە لێکتێگەیشتن و پەنابردن بۆ گفتوگۆ وەک چارەسەرێک بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ رێککەوتن لەبارەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسییەکان و پێکھێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاست پێویستی و خواستی ئەمڕۆی خەڵک و ھەموولایەک بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.
"جەمال حەوێزی"ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو سەردانی مەیدانیان بۆ ناوچەی"کانی ماسێ و مەتین و شیلادزێ و دێرەلوک"کردووە، لە نزیکەوە ئاگاداری لەشکرێشییەکانی تورکیان، لە سەردانی دووھەمیشدا وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەشدایکردوە، راپۆرتیان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم و عێراق بەرزکردۆتەوە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە و لە رێوشوێنەکان ئاگادار نەکراونەتەوە.
وتیشی، لە راپۆرتەکاندا ھۆکار و چارەسەرەکانیان ئاماژە پێکردوە کە ئەو لەشکرکێشییە لە بێدەسەڵاتی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، بۆیە تورکیا دەتوانێت بە قوڵایی ٤٥ کیلۆمەتر بێتە ناوخاکی عێراق.
راشیگەیاند، حکومەتی ھەرێمیش ھیچ ھەڵوێستێکی نییە و تەنیا ئیدانەی روداوەکە دەکات، ئیدانەکردنەکەش وەکو پێویست نییە.
بەڕێوەبەرایەوتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، دوای ئەوەی دوو نوسراوی دادگای سۆران و دادگای کەرکوک گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە گومان دەکرا دوو تۆمەتباری داواکراو بەپێی مادەکانی ٤٤٦ و ٤٤٠ لەیاسای سزادان بڕیاری دەستگیرکردنیان ھەیەو بەرەو شاری سلێمانی ھەڵاتبن، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکرد.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، توانرا ھەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی راپەڕینەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا ھەردوو تۆمەتبار ە، ق، ع لەدایکبووی ١٩٦١، کە لەلایەن دادگای سۆرانەوە بەپێی مادەی ٤٤٦ داواکراو بووە، ھەروەھا تۆمەتبار پ، ڕ، ڕ لەدایکبووی ١٩٨٥ کە لەلایەن دادگای کەرکوکەوە بەپێی مادەی ٤٤٠ داواکراو بووە بە بڕیاری دادوەر راگیراون و دوای تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان رەوانەی ئەو دوو شارە دەکرێنەوە.