وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوەی ھەرێم راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە، سەبارەت بە کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن بەمەبەستی دانانی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستنی میکانیزمەکانی فرۆشتنی توێژاڵی ئەلیکترۆنی"سیم کارت" لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیم کارتی بێ خاوەن نەفرۆشرێت لە بازاڕەکان کە ھەندێک جار دەبێتە سەرچاوەی ھەڕەشە و تاوان لە ھاووڵاتیان و بۆ نەھێشتنی دیارەی فرۆشتنی سیم کارتی بێ مۆڵەت لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەنراوەکە، مۆڵەتی یەک مانگ لە ٢٤/٧/٢٠٢٢ تا ٢٣/٨/٢٠٢٢دەدرێتە کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی"مۆبایل و ئینتەرنێت"بە ئاگادارکردنەوەی بریکارەکانی فرۆشتنی سیم کارت لە بازاڕەکان بەمەبەستی دەرھێنانی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەزامەندی ئاسایشی تایبەتمەند.

ھەروەھا لە ٢٤/٨/٢٠٢٢ بە دواوە دەست دەکرێت بە ھەڵمەتی داخستنی ئەو شوێنانەی سیم کارت دەفرۆشن و مۆڵەتییان نییە، لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش فرۆشتنی سیم کارتی بێ مۆڵەت قەدەغە دەکرێت.