لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە، سەعات ٧:٥٥ ئێوارەی ئەمڕۆ ھێڕشی موشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام ھیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی بەرھەمھێنانی گازی سرووشتی نەبووە. 

رایگەیاند، لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەموزی ئەمساڵ، بۆ جاری چوارەمە ھێڕش دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. 


راشیگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە توندی ئەم ھێرشە شەرمەزار دەکات کە چەندین جارە ژێرخانی مەدەنیی ھەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی ھێڕشی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچوو. 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت، کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان سامانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، ھەر جۆرە ھێرشێک بۆ سەر دامەزراو و ژێرخانە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە ھیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و بەرپرسیارێتی ئەم ھێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج.

ئەحمەد موفتی بڕیکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ئاگرەی بەھۆی ھێرشەکانەوە کەوتوەتەوە کۆنتڕۆڵکراوە، ھیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر ھەناردەکردنی غاز دروست نەکردووە.