دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم راگەیەندراوێکی لەبارەی سوکایەتیکردن بە پێشمەرگەیەک بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٢
لە راگەیەنراوێک لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەک ئەیانەوێت سوکایەتی بە کوردو کوردستان بکەن، تێ ناگەن لەوەی ئەوە لە زەلیلی و داماویانەوەیە بە رامبەر پێشمەرگە، پیاوەتی و جوامێری پێشمەرگە لە شەڕی داعش و جەنگی دژی دیکتاتۆریەتدا تاقی کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێوە بەم کارەتان جگە لە بێ ڕێزی بەرامبەر کۆی بەھای مرۆڤایەتی و بەھا ئاینییەکانی پێکھاتەیەکی گرنگی کوردستان و عێراق و ماناکانی پێکەوەیی و بێ بایەخ کردنی ھەر ھەوڵێک بۆ بەدیھاتنی سەقامگیری و بەرەنگاری مەترسێکانی داعش و تیرۆر لەو ناوچانە و شکاندنی شکۆی خۆتان ھیچی ترتان نەکردوە.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئامادەی ھاوکاری و پشتیوانی بۆ ئەو پێشمەرگە دەربڕی و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سزای تاوانباران بدات و قەرەبوی دەرونی و مادی بکەنەوە، تا کەسی تر و لە کاتی تر بوێری ئەم جۆرە کارانەی نەبێت بەرامبەر پێشمەرگە وەک ھێزێکی دەستوری لە عێراقدا.