بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢⁄٩⁄١٨ لە کاتی دەوامی ئاسایی خوێندکاران لە قوتابخانەی سەرکەشی بنەڕەتی تێکەڵاو پانکەیەک کەوتووەتەخوارەوە و لە ئاکامدا دوو خوێندکار بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ لەلایەن دەستەی کارگێری خوێندنگەکەوە گەیندرانە نەخۆشخانە و کاری پێویستییا بۆ ئانجامدراوە و لەئێستادا تەندروستیان باشە.
دەشڵێت، کارگێری خوێندنگەکە لە پشووی ھاوین نۆژەنکردنەوەی بۆ تەواوی پێداویستییەکانی خوێندنگەکە بە تایبەتی لە رووی کارەبا ئەنجامداوە و دوای روداوەکەش بە بڕیاری وەزیری پەروەردە لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ھۆکاری روداوەکە پێکھێندرا .
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتی رەسمی حکومەتی بەریتانیا ، ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی دەگاتە لەندەن و سبەینێ بەشداری لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی شاژن ئێلیزابێسی دووەم دەکات و لە ماوەی دوو رۆژی رێوڕەسمەکەشدا ئامادەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی سەرکردەکانی جیھان دەبێت.
رۆژی ١٩ ی ئەیلول شاژن ئێلیزابێسی دووەم لە لەندەن بەخاکدەسپێردرێت و سەرکردەی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیھان بەشداری رێوڕەسمەکە دەکەن.
ھاوڵاتیانی شاری سەقز دوای بەخاکسپاردنی تەرمی (ژینا ئەمینی) لە گۆڕستانی ئایچی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە رێپێوان بەرەو بینای قائیمقامیەتی شارەکە رۆیشتن و لە ئەنجامی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنییەکان، ١٣ کەس برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی تری رۆژھەڵاتی کوردستانیش ناڕەزایی لێکەوتەوە و لە زانکۆی تارانی پایتەختیش، خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
ماڵپەری رەسمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانیش بڵاویکردەوە، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە پەیوەندی بە خێزانی ژینا ئەمینییەوە کردووە و ویڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو، بەلێنی پێداون بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکات.
ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە سەردانێکی خێزانیدا بۆ تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا و دوای چەند سەعاتێک کەسوکارەکەی ئاگادارکرایەوە کە جەڵدە لێی داوە، رۆژی ھەینیش بەھۆی خراپی باری تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا و دواتر لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا تەرمەکەی لە سەقز بەخاکسپێردا.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ھەنگاوەکان بەرەو بە دامەزراوەیکردنی سەربازیانە جێگەی خۆی گرتووە و بۆ لەمەودوا خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران رێچکەی ئاسایی خۆی وەردەگرێت و دواناکەوێت.
ئەو پلە بەرزکردنەوەیەش لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پلەی سێ ھەزار و ٩٧٦ کارمەند و پێشمەرگە و پلەدار بەرزکرایەوە، بڕیارە لە رۆژی دەرچوونی فەرمانەکەوە جیاوازی موچەکەیان بۆ خەرج بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ھەرێم کوورتە باسێکی دۆخی ناوچەکە و پێشھاتەکانی ئەم دواییەی بۆ وەفدی میوان خستە ڕوو، ھەروەک ئاماژەشی بەدوا پێشھاتەکانی تەشکیل کردنی حکومەتی تازەی عێراق و تێڕوانینی حکومەتی ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراەوکان کرد .
کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور، بەبایەخەوە سەرنج و تێروانینەکانی خستە روو، بەوەی کە حکومەتەکە لەگەڵ چارەسەر کردنی کێشەکانی عێراق دایەو ھیوای خواست ناکۆکیەکانی نێوان لایەنەکان و پێکھێنانی حکومەت و رێککەوتن بەپێی دەستووری عێراقی کە تیایدا زامنی ماف و دەسکەوتی گشت پێکھاتەو لایەنەکانی عیراق بێت.
کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کرد لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و بەڵێنی بەردەوامیشی دا بە پتەوتر کردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا و خۆشحاڵیش بوو، بە بەردەوامی دانووستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ سەبارەت بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا، بەپێی دەستوور و مامەڵەی دروست کە لە بەرژەوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا بێت.
دوای گەیشتنی بە بەریتانیا بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردوو ئێلێزابێسی دووەم، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتی فەرمیی پاشا چارلزی سێیەم، شای شانشینی یەکگرتوو، لەگەڵ سەرکردە و ڕێبەرانی وڵاتانی جیھان لە کۆشکی شاھانەی بەکینگھام لە لەندەن، بە یاوەریی بەڕێز باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە میوانان کرد.
نێچیرڤان بارزانی، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە پاشا چارلزی سێیەم و خانەوادەی شاھانە و گەل و حکوومەتی شانیشنی یەکگرتوو و وڵاتانی کۆمۆنوێڵس گەیاند و ھاوسۆزی و ھاوخەمی لەگەڵیاندا دووپات کردەوە.
زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، لە راپۆرتی نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ ی پێگەی Webometrics جارێکی تر رانکینی زانکۆکانی لەسەر ئاستی جیھان و عیراق بڵاوکردەوە، وەک ھەمیشە و چەند بارە زانکۆی سلێمانی، بۆ ئەمجارەش بە ئاستێکی زۆر بەرزتر لە جارەکانی پێشوو پێشەنگە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر بەپێی راپۆرتە نوێیەکەی Webometrics زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لە پلە یەکەمدایە و لەسەر ئاستی عێراق و جیھانیش چەندین پلە چووەتەپێشەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی وەبەرھێنان و ئابووری لە سلێمانی رایگەیاند، دەبێت حکومەت ئاسانکاری تەواو بکات بۆ کەرتی تایبەت و کەرتێکی تایبەتی بەھێزمان ھەبێت بۆئەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان گەشە بکات و دەتوانرێت بەشێک لە کەموکورتییەکانی حکومەتیش لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە پڕبکرێنەوە.
لەبارەی ئەو رێکارانەی لە ماوە پێشوودا لە سلێمانی گیراونەتەبەر ئاشکرایکرد، ئەو رێکارانەی لە سلێمانی ئەنجامدران بۆ نەھێشتنی پشێوی بازاڕ و زیادەڕۆیی بووە و رێکارەکانی چاکسازی لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و شارەکانی تریش دەگرێتەوە
وتیشی، رۆتین ئاستەنگی گەورەی بۆ وەبەرھێنان دروستکردووە و رون نییە بۆچی رێگری لە وەبەرھێنان کراوە، بەڵام دەبێت تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت کارابکرێنەوە بۆ خزمەتی خەڵک و کاری لە پێشینەش بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت، کە زۆرترین ھەلی کار دەڕەخسێنێت.
د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە سبەینێوە یەکشەمە ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٢٢ لە سەعات (٨)ی بەیانی، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠٢٢ واتە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەبێت، بەوەش دەرچوانی (١٢)ی ئامادەیی لەو ماویە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوەو پێشکەشی بکەن، ھەروەک دەرچوان دەبێت بە بەکارھێنانی ھەمان ناوی بەکارھێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) کە پێشتر لە خوێندنگەکانیان وەریانگرتۆتەوە فۆرمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزەو ئاشنابونیان بەسیستمەکانی وەرگرتن (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتی (www.regayzanko.com) ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، ھەروەھاش دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەکان، کە ئەمەش دەرەفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشکەش بکەن و ئاگاداری وردەکارییەکانی سیستمەکە بن و ھەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنھا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەھەر ھەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن. ھەروەھا پێویستیشە دەرچوانی پۆلی دوانزە ھەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەش کردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
لە کۆتایدا وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە ھەبونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافی وەرگرتن ھیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان ھەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕێگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بەم ناونیشانە (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).
فەرماندەیی گشتیی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا کۆتایھاتنی قۆناغی دوەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٢٦ تیرۆریستیان دەستگیر کردوە، کە سەر بە شانە نووستوەکانی داعش بوون و دەستیان بە سەر چەندین پارچە چەکیشدا گرتوە.
٢٥ی ئاب ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە ھاوکاریی یەپەژە و ھەسەدە، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان بۆ سەر کامپی ھۆل بە ئامانجی ئاشکراکردنی شانە نووستووەکانی داعش و بنبڕکردنی تیرۆر و کۆنترۆڵکردنی دۆخی مەترسیداری کامپەکە دەستپێکرد و ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەردەوام بوو.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە رایگەیاند، سوپای تورکیا بە بۆمب و چەکی کیمیایی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەدەغەن، ھێرشی کردوەتە سەریان.
ئەوەشی ئاشکرا کردوە، ھێزەکانیان ٢٥ ھەڵمەتیان کردوە و بەھۆیەوە ١٩ سەربازی تورک کوژراون. ھەروەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندوە.
ھێزەکانی پاراستنی گەل-ھەپەگە رایگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە سنوری پارێزگای دھۆک بەردەوامە و تورکیا وای دانابوو کە لە ماوەیەکی کورتدا دەگاتە ئەنجام و ھەموو تەکنەلۆژیایەکی نوێی شەڕکردنی بەکارھێنا، بەڵام شکستیھێنا.
راشیگەیاندووە، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢ تائێستا ٢١٣٢ سەربازی تورکیا کوژراون، ١٣یان ئەفسەری پلە باڵابوون، ھەروەھا ٢٩٠ سەربازیشیان برینداربوون و ١٠ ھێلیکۆپتەریش خراونەتەخوارەوە.
ھەپەگە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا تورکیا زیاتر لە ٦ ھەزار و ٣٠٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ھێلیکۆپتەر بۆردومانی کردووە و بە بەڵگەوە تۆمارکراوە کە ٢٠٠٤ جاریش چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراوی بەکارھێناوە، لە ئەنجامی ئەو ھێرشانەش ١٠٥ گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی ھەنگاو رایگەیاند، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ڕۆژی ١٣ی ئەیلول لەلایەن ھێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووەتە کۆما و ئاستی ھۆشیاری لەدەستداوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ژینا ڕاگەیاندووە، ژینا ئەمینی لەکاتی دەستبەسەرکردنی لە تاران لێیدراوە و سەری بەسەختی برینداربووە، دوای گواستنەوەی بۆ زیندان باری تەندروستی تێکچووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ڕاشیگەیاندووە، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ژینایان ڕاگەیاندووە کە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و ھیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.
دەقی پرسەنامەکە :
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و روناکبیر ، تێکۆشەری دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڤاڵ خەیری شەنگالیمان بیست.
ھەڤاڵ شەنگالی جگە لەئەرکی تێکۆشانی سیاسیی و چالاکێکی ئاوارەی ئێزدی نووسەرێکی دیاری رۆژنامەی ئیتحاد زمان حاڵی یەکێتییش بوو.
بەم بۆنەیەوە سەرخۆشی لە کەسوکار و خزمانی کۆچکردوو و ھەڤاڵانی مەڵبەندی مووسڵ دەکەین. خوا لێی خۆش بێت و دوا ناخۆشی بنەماڵەکەیان و ھەموو لایەک بێت.
ماڵئاوا ھەڤاڵ خەیری شنگالی
مەکتەبی راگەیاندن
١٦-٩-٢٠٢٢