زانکۆلاین بۆ دەرچوانی ١٢ ئامادەیی کارادەکرێت
کوردسات نیوز
١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە سبەینێوە یەکشەمە ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٢٢ لە سەعات (٨)ی بەیانی، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠٢٢ واتە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەبێت، بەوەش دەرچوانی (١٢)ی ئامادەیی لەو ماویە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوەو پێشکەشی بکەن، ھەروەک دەرچوان دەبێت بە بەکارھێنانی ھەمان ناوی بەکارھێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) کە پێشتر لە خوێندنگەکانیان وەریانگرتۆتەوە فۆرمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزەو ئاشنابونیان بەسیستمەکانی وەرگرتن (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتی (www.regayzanko.com) ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، ھەروەھاش دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەکان، کە ئەمەش دەرەفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشکەش بکەن و ئاگاداری وردەکارییەکانی سیستمەکە بن و ھەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنھا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەھەر ھەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن. ھەروەھا پێویستیشە دەرچوانی پۆلی دوانزە ھەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەش کردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
لە کۆتایدا وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە ھەبونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافی وەرگرتن ھیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان ھەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕێگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بەم ناونیشانە (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).