سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە پاشای بەریتانیا دەکات
١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
دوای گەیشتنی بە بەریتانیا بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردوو ئێلێزابێسی دووەم، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتی فەرمیی پاشا چارلزی سێیەم، شای شانشینی یەکگرتوو، لەگەڵ سەرکردە و ڕێبەرانی وڵاتانی جیھان لە کۆشکی شاھانەی بەکینگھام لە لەندەن، بە یاوەریی بەڕێز باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە میوانان کرد.
نێچیرڤان بارزانی، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە پاشا چارلزی سێیەم و خانەوادەی شاھانە و گەل و حکوومەتی شانیشنی یەکگرتوو و وڵاتانی کۆمۆنوێڵس گەیاند و ھاوسۆزی و ھاوخەمی لەگەڵیاندا دووپات کردەوە.