لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو
١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
ھاوڵاتیانی شاری سەقز دوای بەخاکسپاردنی تەرمی (ژینا ئەمینی) لە گۆڕستانی ئایچی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە رێپێوان بەرەو بینای قائیمقامیەتی شارەکە رۆیشتن و لە ئەنجامی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنییەکان، ١٣ کەس برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی تری رۆژھەڵاتی کوردستانیش ناڕەزایی لێکەوتەوە و لە زانکۆی تارانی پایتەختیش، خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
ماڵپەری رەسمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانیش بڵاویکردەوە، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە پەیوەندی بە خێزانی ژینا ئەمینییەوە کردووە و ویڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو، بەلێنی پێداون بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکات.
ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە سەردانێکی خێزانیدا بۆ تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا و دوای چەند سەعاتێک کەسوکارەکەی ئاگادارکرایەوە کە جەڵدە لێی داوە، رۆژی ھەینیش بەھۆی خراپی باری تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا و دواتر لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا تەرمەکەی لە سەقز بەخاکسپێردا.