دەقی راگەیەندراوەکە...
دەستخۆشی لە بەڕێزانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکەین کە بە کاندیدکردنی بەڕێز محەمەد شەیاع ئەلسودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داھاتوو ھەنگاوێکی گرنگیان نا لەڕێی بەگوڕکردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا. ھیوادارین ئەم ھەنگاوە رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ خێراتر بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای پێشوازی لەو بڕیارە، جەخت لە پتەوکردنی ھەماھەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە نیشتمانییەکان دەکاتەوە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە ببێتە مایەی سەقامگیری، بەھێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری، خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کورد و عێراق و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٢
ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سێ مووشەک ئاڕاستەی کێلگەی غازی کۆرمۆر لە سنوری ناحیەی قادر کەرەم کراون.
وتیشی، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی ھەبووە و موشەکەکان لە دەوروبەری کێڵگەکە کەوتونەتەخوارەوە.
رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵیش بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، چەند کاتیۆشایەک ئاراستەی کێلگەی غازی کۆرمۆر کراون و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی بەرپرسیارانی ھێرشەکە دەستپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی راسپێردراون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی بەھۆی کاتیۆشاکانەوە کەوتۆتەوە.
رۆژانی ٢٢ و ٢٤ و ٢٥ی حوزەیرانی رابردووش سێ جار بە کاتیۆشا ھێرشکرایە سەر کێلگەی کۆرمۆر و دوو کارمەند بە سوکی برینداربوون.
کێلگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆری سەر بە ناحیەی قادر کەرەم، لە ساڵی ٢٠٠٧ حکومەتی ھەرێم بۆ پەرەپێدانی کێلگەکە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز و کۆمپانیای کریسنت پترۆلیۆمی ئیماراتی ئیمزاکرد و دوای ١٥ مانگ توانرا غازی لێ بەرھەمبھێنرێت، لە ئێستاشدا رۆژانە ٤٥٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی کێلگەکە بە بۆری رەوانەی ھەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و وێستگەی کارەبای ھەولێر دەکرێت . جگەلەوەش رۆژانە ١٠٥٠ تۆن غازی ئێل پی جی لێ بەرھەم دەھێنرێت.
لە درێژەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، ماوەی ٤٨ رۆژە ٧ کۆچبەری خەڵکی دھۆک لە لیبیا دەستبەسەرن، بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز ئەو گەنجانە ئێستا ئازادکراون و بڕیارە بەمنزیکانە بھێنرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەو گەنجانە ٣ کەسیان خەڵکی ناحیەی شیلادزێ و ٣ کەسی تریان خەڵکی ناحیەی مانگێشی سەر بە پارێزگای دھۆکن، یەکێکیشیان خەڵکی ناوشاری دھۆکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا کوردسات نیوز راپۆرتی لەسەر چارەنوسی ئەو گەنجانە کردبوو و کەسوکارەکەیان چیرۆکی رۆیشتن و چۆنیەتی گەیشتنە لیبیایان بۆ کوردسات نیوز باسکردبوو.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە، سەعات ٧:٥٥ ئێوارەی ئەمڕۆ ھێڕشی موشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام ھیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی بەرھەمھێنانی گازی سرووشتی نەبووە.
رایگەیاند، لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەموزی ئەمساڵ، بۆ جاری چوارەمە ھێڕش دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.
راشیگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە توندی ئەم ھێرشە شەرمەزار دەکات کە چەندین جارە ژێرخانی مەدەنیی ھەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی ھێڕشی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت، کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان سامانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، ھەر جۆرە ھێرشێک بۆ سەر دامەزراو و ژێرخانە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە ھیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و بەرپرسیارێتی ئەم ھێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج.
ئەحمەد موفتی بڕیکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ئاگرەی بەھۆی ھێرشەکانەوە کەوتوەتەوە کۆنتڕۆڵکراوە، ھیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر ھەناردەکردنی غاز دروست نەکردووە.
پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان ھێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەوەش درێژکراوەی زنجیرەیەک ھێرشی ترسنۆکانەیە بۆسەر ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراقی بۆ بەرژەوەندی خەڵک فەراھەم کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی کردنی ئەو ھێرشانە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین پابەندییان بە ھەماھەنگییەکانیان لەگەل حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن، و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەو ناوچانە دروست بووە پڕ بکەنەوە.
راشیگەیاند، ئەرکی حکومەتی عێراقە بەپەلە ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، ھەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە.
پەرلەمانی کوردستان رونیشکردەوە، دامەزراوەکانی وزەی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی کوردستان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بنیاتنراون و موڵکی خەڵکی ھەموو عێراقن و ماف و دەسکەوتی خەڵکی کوردستانن، بۆیە پێویستە پارێزگاری تەواویان لێ بکرێت،
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھێرشکردنەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە ئەمڕۆ لە لایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوی یاسا ئەنجام درایەوە، بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین.
وتیشی، داوا لە حکومەتی فیدرال دەکەین، ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ھێرشە تیرۆریستیانە.
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش، کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ھەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری ھەرێمی کوردستانە .
رۆژی ھەینی رابردوو، تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێکی لە سەر رێگای قامیشلۆ کردە ئامانج و تیایدا "ژیان تۆڵھیڵدان" فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی ھەسەدە لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھاوڕێکانی رۆژ و بارین کوژران.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) رایگەیاند، ئەو بە پاڵەوانانەی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش جەنگان بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە دڕندەکان رزگار بکەن، بەڵام تورکیا ئەوانی کردە ئامانج و شەھیدی کردن.
جەختیشیکردەوە، ئەوە پێشلکارییە و کاریگەری لەسەر شەڕی دژ بە داعش دەبێت و ھێزەکانیان لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییەی تورکیا بێدەنگ نابَن و تۆڵەی شەھیدەکانیان دەکەنەوە، وتیشی، پێویستە وڵاتانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەوڵێکی زیاتر بدەن بۆ رێگریکردن لەو پێشلکاریانەی تورکیا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، شەوی شەممە ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری ماڵتە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا دوو برای کۆڵبەر کە خەڵکی گوندی گڵە سوورە بوون و خێزاندارن بە سەختی برینداربوون، کە دواتر یەکێکیان لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو راشیگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا ٢١ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بریندار بوون، کە ١٤ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.
سالار مەحمود، چاودێری سیاسی و بەشداربووی کۆنفرانسەکە لە فەیسبووک وێنەیەکی لە بەردەم ئەو ھۆڵە بڵاوکردووەتەوە کە ٩٩ ساڵ پێش ئێستا پەیماننامەکەی تیادا ئیمزا کرا و رایگەیاند، بە مەبەستی دیراسەی ھەلومەرجی پێشووی لۆزان و لێکەوتەکانی، بەشداری کۆنفرانسەکەیان کردووە و گفتوگۆش دەکەن بۆ ئامادەکاری و خۆ سازدان بۆ ساڵی داھاتوو کە تیایدا پەیماننامەکە دوای ١٠٠ ساڵ کۆتاییدێت.
وتیشی ھەوڵدەدەن ئەو کۆنفرانسە بکەن بە وێستگەی بەخۆداچوونەوە و سودوەرگرتن لە کەموکوڕیەکانی ناوخۆ و وەستاندنی پێشێلکاری ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.
سالار مەحمود راشیگەیاند، بەھۆی ئیمزاکردنی پەیماننامەی لۆزان کورد دەرفەتی رێکەوتننامەی سیڤەر و بوون بە دەوڵەتی لەدەستدا و بە رێکەوتننامەی لۆزان کوردستان پارچە پارچەکرا، جگە لەوەش سەد ساڵە کورد جینۆساید دەکرێت و لەسەر خاکی خۆی پاکتاو و قڕ دەکرێت، بەڵام ھێشتا نەتەوەیەکی گەورە و بەپێوەماوی ناو مرۆڤایەتییە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سوپای تورکیا گوندی موجەیبرەی بۆردومان کردوە لەسەر رێگای تەلتەمر و قامیشلۆ، ھەروەک بەچڕی بۆردومانی ھەردوو ریفی تەلتەمری خۆرئاوا و تەلتەمری باکور و ناوەندی ناحیەی زرکان و ریفی باکوری ناحیەکەی کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی ناحیەی شەرا و شیراوا لە عەفرین بەردەوامە .
بەپێی ئامارەکانیش، تا ئێستا بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیا لە تەلتەمر کەسێک شەھید بووە و ٤ کەسی تریش برینداربوون، ھاوکات ئەندامێکی ھێزەکانی سوریا کوژراوە و ٤ی تریش برینداربوون.
ئۆپراسیۆنی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەڵگەی دروست و پشتڕاستکراوەی دەستکەوت لەسەر ھەردوو گرووپە تیرۆریستیەکە لە ھەرێمی کوردستان، کە پیلانیان دانابوو مەرامەکانیان جێبەجێبکەن، بەڵام پاش لێکۆڵینەوە و ئاشکرابوونی شوێن و جێگە و جوڵەی تۆمەتباران، هەردوو گروپە تیرۆرستییەکە دەستگی کراون.
ئۆپراسیۆنەکە لەدوای رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە و بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی/ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەنجامدراو، لە چەند ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتێکی جیاجیادا، ژمارەیەک تیرۆریستی داعش دەستگیر کراون کە پیلانیان ھەبوو دوای جێبەجێکردنی مەرامەکانیان ھەڵبێن و پەیوەندی بە داعشەوە بکەن .
وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوەی ھەرێم راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە، سەبارەت بە کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن بەمەبەستی دانانی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستنی میکانیزمەکانی فرۆشتنی توێژاڵی ئەلیکترۆنی"سیم کارت" لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیم کارتی بێ خاوەن نەفرۆشرێت لە بازاڕەکان کە ھەندێک جار دەبێتە سەرچاوەی ھەڕەشە و تاوان لە ھاووڵاتیان و بۆ نەھێشتنی دیارەی فرۆشتنی سیم کارتی بێ مۆڵەت لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەنراوەکە، مۆڵەتی یەک مانگ لە ٢٤/٧/٢٠٢٢ تا ٢٣/٨/٢٠٢٢دەدرێتە کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی"مۆبایل و ئینتەرنێت"بە ئاگادارکردنەوەی بریکارەکانی فرۆشتنی سیم کارت لە بازاڕەکان بەمەبەستی دەرھێنانی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەزامەندی ئاسایشی تایبەتمەند.
ھەروەھا لە ٢٤/٨/٢٠٢٢ بە دواوە دەست دەکرێت بە ھەڵمەتی داخستنی ئەو شوێنانەی سیم کارت دەفرۆشن و مۆڵەتییان نییە، لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش فرۆشتنی سیم کارتی بێ مۆڵەت قەدەغە دەکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، عەبدولئەمیر شەمەری، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانی عێراق و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی دیالە و خورماتوو لەگەڵ مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ پێشمەرگە و فەرماندەکانی محوەری یەک و دوو و سێ پێشمەرگە لە شاری خانەقین کۆبونەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆبونەوەکەدا باس لە چەندین خاڵ کرا کە پەیوەستن بە ئەمنییەتی ناوچە جێناکۆکەکان و شارەکانی کەلار و کفری و ھەموو ئەو شوێنانەی دەکەونە ھەرێمی کوردستانەوە.
لە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، داماڵینی گشت ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە ھەرێمی کوردستان بونیان ھەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ داماڵینی چەک ١٢ بنکەی کۆکردنەوەی چەکی جەنگی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناخۆ و بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە و پێویستە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ئەو چەکە جەنگییانەی لە لایانە لەگەڵ تەقەمەنییەکانیان لەو بنکانە رادەستی بکەن.
لە راگەیەنراوێک لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەک ئەیانەوێت سوکایەتی بە کوردو کوردستان بکەن، تێ ناگەن لەوەی ئەوە لە زەلیلی و داماویانەوەیە بە رامبەر پێشمەرگە، پیاوەتی و جوامێری پێشمەرگە لە شەڕی داعش و جەنگی دژی دیکتاتۆریەتدا تاقی کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێوە بەم کارەتان جگە لە بێ ڕێزی بەرامبەر کۆی بەھای مرۆڤایەتی و بەھا ئاینییەکانی پێکھاتەیەکی گرنگی کوردستان و عێراق و ماناکانی پێکەوەیی و بێ بایەخ کردنی ھەر ھەوڵێک بۆ بەدیھاتنی سەقامگیری و بەرەنگاری مەترسێکانی داعش و تیرۆر لەو ناوچانە و شکاندنی شکۆی خۆتان ھیچی ترتان نەکردوە.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئامادەی ھاوکاری و پشتیوانی بۆ ئەو پێشمەرگە دەربڕی و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سزای تاوانباران بدات و قەرەبوی دەرونی و مادی بکەنەوە، تا کەسی تر و لە کاتی تر بوێری ئەم جۆرە کارانەی نەبێت بەرامبەر پێشمەرگە وەک ھێزێکی دەستوری لە عێراقدا.
دکتۆر گەیلان قادر زەنگەنە نوێنەری کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییان کرد بە لایەنە پەیوەندارە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین لەبارەی دروستکردنی کۆدەنگییەک بۆ سزا گەیاندنی ئەو دەستەی کە سوکایەتی بە شوناسی کاکەییەکی ڕەسەنی کەرکوک کردووە، بەڵێندراوە لە نزیکترین کاتدا ئەو چەکدارەی بەناوی حەشدی شەعبییەوە کارەکەی ئەنجام داوە سزا بدرێت.
راشیگەیاند، پێویستە کاکەییەکان مەدالیایی شەرەفیان پێببەخشرێت لەبەرانبەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، کە بەردەوام لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان بوونە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان نەک سوکایەتی پێکردن و دەستبردن بۆ ڕەمزە پیرۆزەییەکانیان.