شەوی رابردوو لە شارەکانی سنە و کرماشان و  تاران و قوم و مەشھەد و رەشت و شیراز و چەند شارێکی تری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی درێژەیان ھەبوو، بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، خۆپیشاندەران چەندین دروشمیان لە دژی حکومەت وتۆتەوە و لە شەقامەکاندا ئاگرییان کردۆتەوە.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش، گیانلەدەستدانی گەنجێکی دیکەی لە خۆپیشاندانەکانی شاری قوچانی سەر بە پارێزگای خۆراسان راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە ناوی عەلی موزەفەرییە و تەمەن ١٧ ساڵە و بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە، لەبەرامبەر رادەستکردنەوەی تەرمەکەشی، بڕی ٥٠ ملیۆن تمەن لە کەسوکارەکەی وەرگیراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی کرمانشان ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە.

خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی مانگەوە دەستیان پێکردووە و بە پێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، تا ئێستا لانیکەم ٨٣ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە.