لە نوێترین بڵاوکراوەیدا ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی ھەپەگە رایگەیاند، رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ھێزەکانی ھەپەگە لە چەند کات و شوێنێکی جیا جیا ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران، یەکێکیان ئەفسەری پلە باڵایە.
راشیگەیاند، سوپای تورکیا لە ماوەی سێ رۆژدا ٢٦ جار بە چەکی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی و ٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٧٤ جاریش بە ھێلیکۆپتەری جەنگی بۆردومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ١٥ تا ٢٩ی ئەیلول، شەش ناوچە و شاخی سنوری برادۆست لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە کاتیوشا و ھاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردومان و تۆپباران کران.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بریندارێکی تری خۆپیشاندانەکان لە شاری پیرانشار گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کوردانەی لەو خۆپیشاندانانە گیانیان لەدەستداوە بۆ نزیکەی ٢٠ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش کۆی گشتی گیان لەدەستدان ٧٦ کەسی تێپەڕاندووە.
رێکخراوی ھەنگاو بڵاویشیکردەوە، لە رۆژی دووشەممەوە تا ئێستا ٧٠ ژن لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون و ناسنامەی ٥٢یان ئاشکرا بووە.
ھاوکات "ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، ھەمووان بۆ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خەمبار بوون، ھیچ کەسیش پێویست ناکات لە دەربڕینی بیروڕاکانی بترسێت.
وتیشی، لە چەند رۆژی داھاتوودا راپۆرتێکی پزیشکی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژینا دەردەچێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز راگەیاند، لەکاتی وەرگرتنی مووچە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو ئەفسەری لیواکان لە بانکی چەمچەماڵ دروستبوو و پاشان یەکێک لە ئەفسەرەکان دەستڕێژی گولـلەی لە بانکەکە کردووە.
وتیشی، بەھۆی تەقەکردنەوەکەوە ھیچ کەسێک بریندار نەبووە، بەڵام زیان بەر بینای بانکەکە کەوتووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەشکرد، لە دوای تەقەکردنەکە کارمەندەکانی بانکی چەمچەماڵ دەستیان لە کارھەڵگرت و داوایان کرد لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگەنەدا بکرێت دەمەقاڵێ و دەستڕێژی گولـلەیان کردووە.
سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەرجەم ئەو ئەفسەر و پیشمەرگەنەی لە بانکی چەمچەماڵ گرژیان دروستکردووە و ئەو ئەفەسەرەشی تەقەی کردووە دەستگیرکراون.
دەقی راگەیەندراوەکە...
دوێنی ٢٠٢٢/٩/٢٨، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەندین مووشەک و درۆنی خۆکوژ، چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانی لە سنووری پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بۆردوومان کرد.
پێش چەند ڕۆژێکیش پەلاماری ھەندێ ناوچەی سنووری سیدەکان و دەڤەری برادۆستی دابوو.
لە ئەنجامی ئەم ھێرشە ناڕەوا و بۆردوومانە بێ پاساوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لەم پەلامارەدا چەندین ناوچەی سیڤیل و قوتابخانە و ماڵ کرابوونە ئامانج.
بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، بە تووندی ئیدانەی ئەم ھێرش و پەلامارانە دەکەین و پێمان وایە لە ژێر ھەر بیانوو و پاساوێکدا ناکرێ پەنا بۆ تووندوتیژی و مووشەک و پەلاماری سەربازی و بۆردوومانکردن ببرێ.
پەرلەمانی کوردستان سوورە لەسەر ھەڵوێستە نەگۆڕەکەی خۆی بەوەی کە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی ھاوبەش و سەروەری و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و بەپێ یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ دراوسێکانیدا و پشتیوانیی ھیچ ھەوڵ و جووڵەیەکی نییە کە خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەلاماری وڵاتان بەکار بھێندرێ. پێمان وایە چارەسەری سەربازی و ھێرش و پەلامار نەک کێشەکان چارەسەر ناکات و ڕیشەکێش ناکات، بەڵکو ئاڵۆزی دەکات.
پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ئاستێک بۆ ئەم پەلامار و پێشێلکردنانەی خاک و سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنێن.
جارێکی دیکە، وێڕای نیگەرانیی قووڵمان و سەرکۆنەکردنی ئەو ھێرش و پەلامارانەی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی بنەماڵەی شەھیدەکان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٩/٢٩
بەھمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەرسێ جۆری بەنزین (سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ ) بۆ ھەر لیترێکی ٥٠ دیناری دیکە لە نرخەکەی دادەبەزێت.
رونیشیکردەوە، نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە ١٤٠٠ دینارەوە دەبێتە ١٣٥٠ و موحەسەنیش لە ١٢٧٥ دینارەوە دەبێتە ١٢٢٥ و نۆرماڵیش دەبێتە ١٠٢٥ دینار.
ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی بەنزین لە سلێمانی لە خوار نرخی بۆرسەوەیە و ئەگەر بەنزین لە دوبەی و ئێران و تورکیاوە ھاوردە بکرێت، نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت.
سێ لەتۆمەتبارەکان بەنای (د ، و ،ع) و(م ، ج ، ح ) و (ھ ، ھ، ئ) دانیشتوی ناحیەی تەکیەی کاکەمەندن، باندێکێ دزیکرنیان پێکھێنابوو، لە شاری سلێمانی لەم شوێنانە دزیان کردبوو: لەمزگەوتی ڕەحمان، لە گەڕەکی کانی کوردە، لە مزگەوتی فیردەوس لە گەڕەکی ڕاپەڕین، لە مەحەلێکی چیمەنتۆو چەوولم کەخاوەنداریەتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مامی یەکێک لەتۆمەتبارەکان، لەگەڵ دزینی ماتۆڕسکیلی ھاوڵاتیان.
لەکاتی لێکۆڵینەوەدا یەکێک لەتۆمەتبارەکان ئاشکرای کرد لەلایەن تۆمەتبار (ھ ، ھ ، ئ) دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەشڵێت، لەکردەوەیەکی دیکەی ھێزەکانمان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی (ج ، ئ ، ج ) ی دانیشتوی گەڕەکی پیرادییەکانی ناحیەی شۆڕشیان دەستگیرکرد ، کەھەستاوە بە دزینی ماتۆڕسکیلی ھاوڵاتیان و پاش تەلەفکردن و پارچەپارچە کردنیان ویستوێتی لەبازاڕدا بیفرۆشێت.
ماتۆڕسکیلێک و چەندین پارچەی ماتۆڕسکیل کە دزرابوون لەلایەن تۆمەبارەکانەوە وە چەندین کەلو پەلی سەربازیش بەبڕیاری دادوەر لەلایەن ھێزەکانمانەوە دەستیبەسەردا گیراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ھێرشە مووشەکییەکەی رۆژی چوارشەممەی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتیەکی وڵاتەکەی کوژراوە و ئیدانەی پێشێلکارییەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی عێراق کرد.
پێشتریش کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ھێشتا رێنماییەکانی گەشتکردن لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق لە ئاستی چواردایە، کە داوا لە ھاوڵاتیانی ئەمریکا دەکات، گەشت بۆ عێراق نەکەن، بەھۆی تیرۆر و رفاندن و ململانێی چەکداری و مانگرتنی مەدەنی.
کونسوڵخانەی ئەمریکا داواشی لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردبوو، لە ناوچە بەئامانجگیراوەکانی وەک پردی و کۆیە و زڕگوێز و ناوچە سنوورییە کێشە لەسەرەکان دوور بکەونەوە.
خلووسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ھێزەکانی سوپای تورکیا رۆژی سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە قووڵایی ١٤٠ کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سوپای تورکیا ١٦ ئەشکەوت و بنکەی فەرماندەیی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە چیای ئاسۆس خاپوور کردووە.
ئەو لێدوانەی خلووسی ئاکار لە کاتێکدایە کە ، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ جار گوندی بێرکمە و ناوچەی گەرواسنگایان لە سنوری ناحیەی سیدەکان بۆردمان کرد و زیانێکی زۆر بەر ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتوە.
لە سەعات ١٢ی شەوەوە، بەشێک لە شەقامەکانی بەغداد لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بە کۆنکرێت داخران و ھەروەھا ھێزێکی ئەمنی زۆر لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدادیش رایگەیاندووە، دەروازەکانی شاری بەغداد دانەخراون و تەنھا رێکاری ئەمنی گیراوەتەبەر، بەھۆی داخستنی بەشێک لە پرد و شەقاماکەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوزیش قەرەباڵغییەکی زۆر لە ناوچەکە دروست بووە و کێشە بۆ ھاتووچۆی خوێندکاران دروست بووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند ، ئەمرۆش تۆپخانەکانی ئێران لە سنوری برادۆست بە چڕی تۆپبارانی ناوچەکانی بەربزین و ناوڕووبارا و سەقەر و ممبەر دەکەن و لەماوەی کەمتر لە ٥ خولەکدا زیاتر لە ١٠٠ تۆپ ئاراستەی ئەو ناوچانە کراون .
رۆژی سێشەممەش، سەرباری تۆپبارانەکان ، درۆنێکی ئێرانی کە بۆمبڕێژکراو بوو خۆی تەقاندەوە بە بنکە و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی دیموکرات لە دەوروبەری گوندی (مێرگەی) سەربە قەزای چۆمان ، بۆردومانەکە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە بەڵام ئاگر لە پوش و پاوان و دارستانی سنورەکە کەوتەوە.
ماوەی پێنج رۆژە تۆپخانەکانی ئێران، تۆپبارانی سنوری گوندەکانی باڵەکایەتی و برادۆست دەکەن و بەوھۆیەوە بەشێک لە گوندنیشانی سنورەکە ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتووە.
لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا، خوێندنەوەی دووەم بۆ ١٢ ماددە لە پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری کرا بە ئامادەبوونی "ئالان حەمە سەعید" وەزیری پەروەردە" و "د.سەیوان عەلی" بریکاری وەزارەتی پەروەردە.
ئەو ١٢ ماددەیە کە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە تایبەتبوون بە دامەزراوە حکومییەکان و بازنەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامانجە تایبەتییەکانی باخچەی منداڵان و خوێندنی بنەڕەتی.
بەپێی کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆش، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری تەواو دەکرێت.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بۆ پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی و ئەوانەی تائێستا فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، ماوەی زانکۆلاین ٤٨ سەعاتی دیکە و تاکو سەعات ١٢ی شەوی رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ئەیلوول درێژکردووەتەوە.
عەباس ئەکرەم راشیگەیاند، ئەوە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، داواشی لە دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی کرد، ئەوانەی کە تائێستا فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە، لە ماوەی ئەو ٤٨ سەعاتەدا پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تەواو بکەن.
لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگەوە سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی کارا کراوە، بڕیاروابوو بۆ ماوەی ١٠ رۆژ سیستمەکە کارا بێت.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لەبەردەمی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا، گەنجێکی خەڵکی شاری سونقوری سەر بە پارێزگای کرمانشان بەناوی عەلیرەزا فەتحی تەمەن ٢٢ ساڵ لە خۆپیشاندانەکانی شاری قەزوین بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
ھاوکات ئاژانسی تەنسیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنییەکان، بەتۆمەتی ھاندانی خۆپیشاندەران ( فایزە ھاشمی) کچی ھاشمی رەفسنجانی سەرۆک کۆماری پێشووتری وڵاتەکەیان دەستگیرکردوە.
لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران لە وڵاتانی جیھانیش خۆپیشاندانی رەوەندی ئێران لەدژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمنینی درێژەی ھەیە.
بەپێی دواین ئامارەکان، لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران کە لە ١٦ی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە، تا ئێستا ٧٦ کەس کوژراون کە ١٩یان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانن، ھەروەھا زیاتر لە ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستگیرکراون کە ٥٢یان ژنن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئێران بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی لە زڕگوێزەڵە و کۆیە و پردێ بۆردومان کرد و کەمێک لەمەوبەریش بۆ جاری دووەم بارەگاکانی حزبی دیموکراتی لە کۆیە بۆردومانکردەوە.
نەوید میھراوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بە ١٢ درۆن و دوو مووشەک بارەگاکانیان لە زڕگوێزەڵە بۆردومان کراوە و ٢ ئەندامیان برینداربوون.
ھەروەھا حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەعات ١٠.٣٠ خولەکی بەیانی ئێران بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو ھێرشیکردووەتە سەر بارەگانیان لە کۆیە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ٢ کەس بە ناوەکانی ( میلاد پیرساحێب و ھاجەر) گیانیان لەدەستداوە و کۆمەڵێک پێشمەرگەی تریش برینداربوون.
بەرپرسێکی حزبی دیموکرات بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێران بە زیاتر لە ٣٠ درۆنی بۆمبرێژکراو و چەندین مووشەک بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکرات و قوتابخانە و نەخۆشخانەیەکی بۆردومانکردوە.
ھەر لە درێژەی بۆردومانەکاندا، بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو سەنگەرەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ و بەرزاییەکانی پشت ناحیەی سەرگەڕان کرانە ئامانج.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، ١٣ برینداری کۆیە و پردێ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر، ٣ لەو بریندارانەش کە دووانیان لە پردێ و یەکێکیان لە کۆیە برینداربووە گیانیانلەدەستداوە.
پەیامنێری کوردستان نیوز رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتبوو بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری، بەھۆی بۆردومانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگیرا.
وتیشی، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان لەبارەی بۆردومانەکانەوە لە کۆبوونەوەدان و راگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە.