بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
سەرۆک مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە شەست ساڵی بێوچان خەباتی ھەمەلایەنەی کرد بۆ سەلماندن و بەدیھێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموکراسیەکانی گەلی کورد و پیادەکردنی بژاردەی دیموکراسی و دادپەروەری و پێکەوە ژیان لە عێراقدا.
ئەزموونی چەندین ساڵەی سەرۆک مامجەلال لە خەباتی دیپلۆماتیدا، لە مێژووی کوردایەتی ھاوچەرخ و ھەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەکەدا وێنەیەکی دەگمەنی پەیوەندییەکان بوو لە ئاستی میللەتانی رۆژھەڵات و رۆژئاوادا و بناغەی پتەویی ئەو دەستکەوتە دیپلۆماتیانە ، رەوایی و رەسەنایەتی مەسەلەی کوردی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دووپات دەکردەوە.
لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسیشیدا سەرۆک مام جەلال لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە ھەمیشە خاڵی کۆکەرەو و ڕاگرتنی ھاوسەنگی بوو، ھەڵبەتە ئەمرۆش دوای ساڵێک لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ھەلومەرجی چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و لە ھەرێمی کوردستانیش، زیاتر لە ھەر کاتێکی تر دروستی دنیابینی سەرۆک مام جەلال لەسەر بنەماکانی تەوافق و شەراکەت و ھەماھەنگی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان دووپات دەبێتەوە و پێویستە ئەو بنەمایانە ببنە رێنوێنی تێپەڕاندنی قەیرانەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات و پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە ئەولەویەتی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیان بێت. ھەر ئەمڕۆش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستپێشخەر و داکۆکیکاری سەرسەختی ئەو پرەنسیبی سازان و پێکەوەییە.
لەساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆکی نەمر مام جەلال دا ئەوە بە بیر ھەموو لایەک دەھێنینەوە کە ئەمڕۆ لە ھەموو رۆژێک زیاتر یەکێتیەکەمان، گەلەکەمان و رێبازی دیموکراسی ناوچەکە و عێراق بەتایبەتی، پێویستی بە حیکمەت و ئەزموون و دونیابینی سەرۆک مام جەلالە کە لە رێگەوە سود لە حیکمەت و رێبازی چەپکەگوڵەکە و پێکەوەژیان ببینین بۆ دەرچوون لە بەربەست و قەیرانەکان، چونکە رێبازو دونیابینی مام کەلتورێکی سیاسی و میراتێکی شۆرشگێرانەی دەوڵەمەندە و ھەموو لایەک دەتوانن دەرس و وانەی لێ وەر بگرن.
سڵاو لە رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال
قامەتی مێژوو و ستوونی پتەوی نیشتمان پەروەری
نەمری بۆ ھەموو شەھیدانی یەکێتی و گەلی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیستیمانیی کوردستان
٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢