ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی د. خالید شوانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەت، ئەنجومەنی وەزارەتەکە کۆبووەوە و بریکاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداربوون.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەت، ئاماژەی بە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە کردو تیشکی خستە سەر ئەو تەوەر و بابەتانەی بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت و پەسەند دەکرێن.

لە دەستپێکدا لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕاپۆرتی پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی زانکۆی لەندەن لە ھەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، بۆ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرج و پێشنیارانەی کە لە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیراندا ھاتوەو گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا، تەوەری دوەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوە بریتی بو لە خوێندنەوەی پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ئامادەکرابو، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە بە گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەن ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەند کرا.

تەوەری سێیەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بریتی بو لە پەسەندکردنی مەرجەکانی بەستنی کۆنفرانسی زانستی، کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان خرایەڕو، بۆ ئەمەش ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی مەرجەکانی کۆنفرانسی زانستی خستەڕو و ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا.