رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ھەلیکۆپتەری سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سوڕاونەتەوە.
لە شەقامی مەنگوڕ لە پیرانشار، بەردەوام دەنگی دەستڕێژی ھێزەکانی حکومەتی ئێران بەڕووی خەڵکدا بیستراوە.
ھەروەھا چارەنووسی چەندین کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات نادیارە، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی جوانڕۆیە.
لەلایەکی ترەوە، "مەسعود ستایشی" وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی رایگەیاند، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، ٤٠ ھاووڵاتی بیانی دەستگیرکراون. ھەروەھا رۆژنامەی "جیھان سانات"ی ئابوری داخراوە، چونکە تۆمەتی ئاڕاستەی ھێزە ئەمنییەکان کردبوو.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بۆردوومانەکە سەعات ٢:٣٣ خولەک بووە لەڕێی سێ مووشەکەوە، کە لە سەردەشتەوە ئاڕاستە کرابوون و بەر شوێنی چۆڵ کەوتوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، بۆردوومانەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئەو فەرمانگە و خوێندنگایانەی دەوامی ئێوارانیان ھەبووە لە پردێ، چۆڵ کراون و دەوامی ئێواران بە تەواوی لە ناوچەکە راگیراوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد کۆبونەوە، بە پێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکەش پرسی ئاوارەکان و رەوشی ژیانیان لە نێو کەمپەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، ھەردوولاش ڕێککەوتن لەسەر پێویستی کاری ھاوبەش بۆ باشترکردنی رەوشی ژیانیان بۆ گرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
ھەردوولا پشتیوانی ھەنگاوەکانی حکومەتی عێراقیان کرد لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، کە ئامانج لێی دابینکردنی خزمەتگوزاریی و پێداویستی زیاتری ھاووڵاتیانە، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێش تاوتوێکرا و جەخت لەسەر ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەری عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرایەوە.
لەبارەی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەسەندکردنی دیالۆگی بنیاتنەر و پەلەکردن لە چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور.
بەپێی راگەیەنراوێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران گەیشتوەتە ٤١٦ کەس، لەو ژمارەیەش ٥١ منداڵ و ٢٧ ژن لە نێو کوژراوەکاندان.
راشیگەیاندوە، تەنیا لە ھەفتەی رابردوودا ٧٢ کەس بە تەقەی ھێزە ئەمنیەکان کوژراون کە زیاتر لە ٥٦ کەسیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بوون، زۆرترین ژمارەی کوژراوەکانیش لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و سنە و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و تاران و مازەندەران و گیلان بووە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، ھەلیکۆپتەری سەربازیی ئێران بەسەر شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سوڕاوەتەوە، لە شەقامی مەنگوڕ لە پیرانشار، بەردەوام دەنگی دەستڕێژی ھێزەکانی حکومەتی ئێران بەڕووی خەڵکدا بیستراوە و چارەنووسی چەندین کەسیش لە شارەکانی رۆژھەڵات نادیارە.
مەسعود ستایشی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش رایگەیاندوە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، ٤٠ ھاووڵاتی بیانی دەستگیرکراون، رۆژنامەی "جیھان سانات"ی ئابورییش داخراوە، چونکە تۆمەتی ئاڕاستەی ھێزە ئەمنییەکان کردوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو پێشمەرگەی گیانی لەدەستداوە ناوی (بەھزاد ئیسکات)ە و خەڵکی پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان بوو، تەمەنی ٢٢ ساڵان بووە و ئەمشەو لەکاتی پاسەوانی بارەگای حزبی دیموکرات لە کۆیە، بەھۆی بۆردومانی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھێرشی مووشەکی نوێی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کاتێکدایە کە پێشتر لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگە و ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئێران بە بەزاندنەوەی ھەموو پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی بە مووشەک بەئامانج گرت و لە ھێرشەکاندا ١١ پێشمەرگەی دیموکرات گیانیان لەدەستدا. حزبی دیموکرات داواش لە وڵاتان دەکات بەربەستێک بۆ سنوربەزاندنی ئێران دابنێن.
ھاوکات، محەمەد پاکپور، فەرماندەی ھێزی زەمینی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند، یان بنکە و بارەگاکانتان چۆڵ بکەن یان ھێرشەکانی ئێران بەردەوام دەبن.
"دەمیرتاش" لە چەند تویتێکدا سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان نوسیویەتی، سەرباری ئەو ھەموو زوڵم و ستەمە لەگەڵ جەنگدا نین.
دەشڵێت، ملکەچی سیاسەتی قێزەونی جەنگ نابن و ھەوڵی تەواودەدەن تا دەبنە خاوەن کۆمەڵگەیەکی پڕ ئاشتی و برایەتی و گەشەسەندوو.
"دەمیرتاش" ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی پشتیوانی جەنگ ناکەن بە ناپاک ناو دەبرێن، بەڵام دەبێت ئەو ھاوکێشەیە چارەسەربکرێت و ھێندە قورس نییە.
ھەروەھا "دەمیرتاش" راشیگەیاندووە، حکومەتی تورکیا ئۆپراسیۆنەکانی بە بەرگریکردن لە وڵات ناودەبات و دەیەوێت لەو ڕێیەوە ھەستی خەڵک بۆ خۆی رابکێشێت، بەو شێوەیەش ھەموو ئەو دەنگانە بێدەنگ دەکەن و ئەوەی گومانی ھەبێت بە پاڵپشتی تیرۆی دەزانن.
رێکخراوی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە خۆپیشاندانەکانی شاری جوانڕۆ کە گرژی لێکەوتووەتەوە بەھادین وەیسی، خوێندکار و عیرفان کاکایی مامۆستا لە ئیدارەی پەروەردە و بارھێنان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
ھاوکات لە خۆپیشاندانەکانی شاری دێوڵان و پیرانشار و سنە، چوار خۆپیشاندەری تر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
ھەر شەوی رابردوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی ئێران و پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خەڵکی مەھاباد خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە خۆپیشاندانیان کرد و پێکەوە سروودی (ئەی ڕەقیب)یان دەخوێندەوە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بۆردوومانەکەی ئەمشەوی ئێرانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە توندترین شێوە ئیدانەی کرد.
راشیگەیاند، پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.
داواشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ئەم شاڵاوە دژی ھەرێمی کوردستان رابگیرێت، چونکە سەقامگیری ھەرگیز لەڕێی توندوتیژییەوە دەستەبەرنابێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستی روون و ئاشکرایان بەرامبەر ئەو ھێرشە بەردەوامانە ھەبێت.
سەبارەت بە ھێرشە مووشەکی و درونییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ناوەندی ھاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، حکومەتی ئێران لە ئاست خرۆشانی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دۆشداماوە، بۆ بەلاڕێدا بردنەوەی شۆڕشی نوێ و دوورخستنەوەی ڕای گشتی جیھان لەسەر ئەم ئاخێزە گەورەیەی کوردستان و ئێران، وێڕای ھەڕەشەی بەردەوامی ھێرشکردنە سەر خاکی ھەرێم ، ناوە ناوەش بنکە و بارەگاکان و کەمپی دانیشتووانی مەدەنی حزبەکانی کردووەتە ئامانجی ھێرشی موشەکی و درۆن.
ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بەرامبەر بەو زنجیرە ھێرشەی ئێران بێدەنگ نەبن.
داود گول پارێزگاری دێرک رایگەیاند، پێنج مووشەک ئاڕاستەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی کارکامیشی سەربە پارێزگای دیلۆک لە باکوری کوردستان کرا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و شەش کەسی تریش بریندار بوون کە برینی دووانیان سەختە.
روونیشیکردەوە، مووشەکەکان بەر خوێندنگەیەکی ئامادەیی و دوو ماڵ کەوتوون و یەکێکی تریشیان بەر بارھەڵگرێک کەوتووە لە نزیک دەروازەی سنووری کارکامیش.
پارێزگاری دێرک راشیگەیاند، یەپەگە و پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانەوە مووشەکەکانیان ئاڕاستەی شاری کارکامیش کردووە، بەڵام تائێستا بە رەسمی ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو ھێرشەیان لەئەستۆ نەگرتووە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی بەبۆنەی رۆژی شەھیدی یەکێتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی شەھیدی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەرز رادەگرن، کە گیانی پاکیان بەخت کرد لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و دیموکراتی بەسەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال و پۆلێک لە خەباتگێڕان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھیوادارە ئەو بۆنەیە ببێتە پاڵنەرێک بۆ یەکڕیزی و نەھێشتنی ناکۆکیەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی، لە پێناو بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات و فیدراڵ و رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەکان و سەروەری یاسا.