ناوەندی ھاوکاری: ئێران بۆ دوورخستنەوەی ڕای گشتی لەسەر خۆپیشاندانەکان ھێرشدەکاتە سەر ھەرێم
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
سەبارەت بە ھێرشە مووشەکی و درونییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ناوەندی ھاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، حکومەتی ئێران لە ئاست خرۆشانی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دۆشداماوە، بۆ بەلاڕێدا بردنەوەی شۆڕشی نوێ و دوورخستنەوەی ڕای گشتی جیھان لەسەر ئەم ئاخێزە گەورەیەی کوردستان و ئێران، وێڕای ھەڕەشەی بەردەوامی ھێرشکردنە سەر خاکی ھەرێم ، ناوە ناوەش بنکە و بارەگاکان و کەمپی دانیشتووانی مەدەنی حزبەکانی کردووەتە ئامانجی ھێرشی موشەکی و درۆن.
ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بەرامبەر بەو زنجیرە ھێرشەی ئێران بێدەنگ نەبن.