لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی رۆژھەڵاتی کوردستان شەش ھاووڵاتی کوژران
کوردسات نیوز
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە خۆپیشاندانەکانی شاری جوانڕۆ کە گرژی لێکەوتووەتەوە بەھادین وەیسی، خوێندکار و عیرفان کاکایی مامۆستا لە ئیدارەی پەروەردە و بارھێنان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
ھاوکات لە خۆپیشاندانەکانی شاری دێوڵان و پیرانشار و سنە، چوار خۆپیشاندەری تر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
ھەر شەوی رابردوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی ئێران و پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خەڵکی مەھاباد خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە خۆپیشاندانیان کرد و پێکەوە سروودی (ئەی ڕەقیب)یان دەخوێندەوە.