ئێران بنکە و بارەگاکانی دیموکرات و کۆمەڵەی لە کۆیە و زڕگوێزەڵە کردە ئامانج
ئاکار
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو پێشمەرگەی گیانی لەدەستداوە ناوی (بەھزاد ئیسکات)ە و خەڵکی پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان بوو، تەمەنی ٢٢ ساڵان بووە و ئەمشەو لەکاتی پاسەوانی بارەگای حزبی دیموکرات لە کۆیە، بەھۆی بۆردومانی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھێرشی مووشەکی نوێی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کاتێکدایە کە پێشتر لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگە و ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئێران بە بەزاندنەوەی ھەموو پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی بە مووشەک بەئامانج گرت و لە ھێرشەکاندا ١١ پێشمەرگەی دیموکرات گیانیان لەدەستدا. حزبی دیموکرات داواش لە وڵاتان دەکات بەربەستێک بۆ سنوربەزاندنی ئێران دابنێن.
ھاوکات، محەمەد پاکپور، فەرماندەی ھێزی زەمینی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند، یان بنکە و بارەگاکانتان چۆڵ بکەن یان ھێرشەکانی ئێران بەردەوام دەبن.