خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی راگەیەنراوێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران گەیشتوەتە ٤١٦ کەس، لەو ژمارەیەش ٥١ منداڵ و ٢٧ ژن لە نێو کوژراوەکاندان.
راشیگەیاندوە، تەنیا لە ھەفتەی رابردوودا ٧٢ کەس بە تەقەی ھێزە ئەمنیەکان کوژراون کە زیاتر لە ٥٦ کەسیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بوون، زۆرترین ژمارەی کوژراوەکانیش لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و سنە و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و تاران و مازەندەران و گیلان بووە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، ھەلیکۆپتەری سەربازیی ئێران بەسەر شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سوڕاوەتەوە، لە شەقامی مەنگوڕ لە پیرانشار، بەردەوام دەنگی دەستڕێژی ھێزەکانی حکومەتی ئێران بەڕووی خەڵکدا بیستراوە و چارەنووسی چەندین کەسیش لە شارەکانی رۆژھەڵات نادیارە.
مەسعود ستایشی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش رایگەیاندوە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، ٤٠ ھاووڵاتی بیانی دەستگیرکراون، رۆژنامەی "جیھان سانات"ی ئابورییش داخراوە، چونکە تۆمەتی ئاڕاستەی ھێزە ئەمنییەکان کردوە.