حکومەتی ھەرێم: پێشێلکاری سەروەری عێراق و ھەرێم ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بۆردوومانەکەی ئەمشەوی ئێرانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە توندترین شێوە ئیدانەی کرد.
راشیگەیاند، پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.
داواشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ئەم شاڵاوە دژی ھەرێمی کوردستان رابگیرێت، چونکە سەقامگیری ھەرگیز لەڕێی توندوتیژییەوە دەستەبەرنابێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستی روون و ئاشکرایان بەرامبەر ئەو ھێرشە بەردەوامانە ھەبێت.