د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی و فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو دوای چەند جارێک دیدار و گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ کە دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و نەینەوا و سەڵاحەدین، کە بە پێی یاسا مافی دامەزراندنیان ھەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی ڕێکارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە بڕوانامەکانیان لەو مافەیان بێبەشببوون.
راشیگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافی ئەو دەرچووانە، داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بڕگەیەکی تایبەت بە مافی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ زیاد بکرێت، دوای داواکارییەکە دواجار وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە فۆڕمی دامەزراندنیان بە ئەلەکترۆنی بۆ کارا بکات.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی ٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بریاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی ١٨ یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە ھەرێمی کوردستان و بە نادەستوری ناویبردوە بەوەش ھێنانی ژنی دووەم لە لایەن پیاوەوە نابێتە پاساوێک بۆ ژنی یەکەم کە داوای جیابونەوە بکات.
بە پێی بریارە دادگا کە پێشتر ئەو تانەیە لەلایەن دادگای باری کەسێتی ھەڵەبجەوە پێشکەشی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کراوە.
ھەر بەپێی بریارەکەی دادای فیدراڵی عێراق ئاماژەشی بۆ ئەوەشکردوە ئەو ماددەیەی یاسای باری کەسی ھەرێمە لەلایەن ھیچ مەزھەبێکی ئیسلامی پاڵپیشتی نەکراوە بۆیە دەرچوونی ئەو ماددەیە لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانەوە نادەستوریە چونکە دەستوری عێراق بۆ دانانی یاساکانی پیشتی بە ئایینی ئیسلام بەستووە.
رەنج پشدەری رۆژنامەنووسی کورد لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆچبەرەکان ژمارەیان ٤٣ کەسە و بە وتەی خۆیان زۆربەیان کوردن، لەناویاندا سێ ژنی دوو گیان ھەیە کە حاڵیان باش نییە.
وتیشی، کۆچبەرەکان لە سەعات ١ی شەوی رابردووەوە لە رێگەی ئاوییەوە لە فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتوون، بەڵام بەھۆی شەپۆلی زۆرەوە نەیانتوانیوە بە زوویی بگەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆچبەرەکان لە رێگەی ئەو رۆژنامەنووسەوە داوای بەھاناوەچوونیان کرد و دوای گەیاندنی پەیامەکەیان، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی دەریاوانی بەریتانیا کۆچبەرەکانی رزگار کرد.
ئاژانسی ھرنا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاویکردەوە، لە ١٧ی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا ٢٩ی تشرینی یەکەم کە خۆپیشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەردەوامە، ٤٥٩ کەس گیانیانلەدەستداوە، کە ٦٤یان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن و ٦١ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانیشی تێدایە.
سەبارەت بە دەستگیرکراوەکانیش ئەو ئاژانسە رایگەیاند، زیاتر لە ١٨ ھەزار و ١٩٥ کەس دەستبەسەرکراون بەڵام تا ئێستا توانراوە ناسنامەی سێھەزار و ٤٤٦ کەسیان بناسرێتەوە.
ھەر بەپێی ئاژانسەکە، ھێزە ئەمنییەکان لە رۆژی چوارشەممە هەشت ھاووڵاتیان لە شارە جیاوازەکان دەستگیرکردووە.
لە ئاگادارییەکی بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانیدا ھاتووە، سلێمانی، بەھۆی بارانبارین و ھەورەبروسکە، دوو ھێڵی گواستنەوەی وزەی کارەبا لەکارکەوتووە کە بریتین لە ھێڵی ١٣٢ کەیڤی دەربەندیخان - ئەزمڕ کە ویستگەی گۆرینی کارەبای کازیوەی لەسەرە، لەگەڵ ھێڵی ١٣٢ کەی ڤی تاسڵوجە -کوردسات، کە وێستگەی مۆبایلی ھەواری شاری لەسەرە بەوھۆیەوە ئەو گەڕەکانەی لەو وێستگانەوە کارەبا وەردەگرن بێ کارەبان.
دەشڵێت، لەئێستادا تیمەکانی بەشی چاکسازی ھێڵەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.
دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دھۆک لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بە ھاوکاری لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی MAG رووبەری زیاتر لە ٦٢ ھەزار مەتردووجا زەوی لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی پاککردووەتەوە، دواتر رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.
راشیگەیاند، لە گوندی شەریفا سەر بە قەزای ئامێدی، لە کێڵگەی مینی (مەلا قاقیچکێ) رووبەری ٥٠ ھەزار مەتردووجا لە مین و تەقەمەنی پاککردنەوە، لە ئیدارەی زاخۆش لە ناحیەی دەرکار کێڵگە مینی (خرابێ رەشوی) بە رووبەری ١٢ ھەزار مەتردووجا پاککرایەوە.
دەزگای گشتی کاروباری مین راشیگەیاند، ئەو کێڵگانەی پاککراونەتەوە دەتوانرێت بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ و ئاودێری و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان سوودی لێوەربگیرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە سەرەتای پرۆسەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا تا ئێستا، وەزارەتی تەندروستی ھەرێم دوو ملیۆن و ٦٨٧ ھەزار و ٦١٤ دۆزی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتییان دابینکردووە.
راشیگەیاند، یەک ملیۆن و ٤٤٨ ھەزار و ٩٨٥ دۆزی یەکەم بە ھاووڵاتیان دراوە، ھەروەھا یەک ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار و ٤٥ دۆزی دووەم و ٣٤ ھەزار و ٥٨٩ دۆزی سێیەم بۆ ھاووڵاتیان دابینکرا، ٩٥ کەسیش دۆزی چوارەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرت.
لەو دیدارەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان یاسای رزگاربووانی ئێزدی بوو کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێپەڕی، بەڵام گرنگ لە جێبەجێکردنیدایە، کە تائێستا بەشێک لە بڕگەکانی ئەو یاسایە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێنەکراوە و دەبێت ھەوڵبدرێت بە زووترین کات ئەو بڕگانەش جێبەجێبکرێن و دادپەروەری ھەبێت لەنێوان ئێزدییە رزگاربووەکان.
ھاوکات بەرێوەبەری گشتی رزگاربووانی ئێزدی سوپاسی خانمی یەکەمی عێراقی کرد کە پشتیوانی سەرەکی کچان و ژنانی ئێزدی بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری نەھامەتییەکانیان بووە، داواشیکرد پشتیوانییەکانی لە داھاتوودا بەردەوام بێت.
وتیشی، لە یاسای ئاسایشی خۆراک بودجەیەک بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی ئێزدی دانرابوو، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجنەکراوە. داواشیکرد کارئاسانی بکرێت لە دەستنیشانکردنی رزگاربووەکان و ئەو ئاستەنگ و رۆتینانەی کە ھەیە نەمێنێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە کەمترین کاتدا ھاوکاری بکرێن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، لەئێستادا حکومەتی ھەرێم "زۆر بەسیاسی کراوە و بە واقیعی ھەرێم دوو ئیدارەیە, چونکە چاوەڕواندەکرێت سلێمانی خۆی بودجەی خۆی دابینبکات."
ئاشکراشی دەکات، یەکێک لە زیانەکانی ئەم کەشوھەوای دژایەتییە، پلانەکانی حکومەتی ھەرێم بووە بۆ راکیشانی بۆری غاز کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستەکەی بە کۆمپانیای کار-ی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە، دووپاتیدەکاتەوە، بەشێوەیەکی تایبەتی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، بەو پێیەی گرێبەستەکە بەبێ "ھیچ پرۆسەیەک" و "بێ تەندەر" دراوە بە گروپی کار.
سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، دەیەوێت بەشداربێت لە بڕیاردانی ستراتیژی سەبارەت بە کەرتی وزە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دوور لە ھاوبەشە سیاسییەکانی خۆی لە پرۆسەکە و بە غیابی ئەوان لەگەڵ بەغداد کاردەکات، دەشڵێت، لەوە تێناگەم بۆچی حەز بە کارکردن لەگەڵ بەغدا ناکەن. بەسرە ١٠٠٠ ئەوەندەی ھەموو کوردستان دەوڵەمەندترە، ئەگەر سەرۆک وەزیران بێت پیاڵەکەی خۆی بخاتە سەر ئەم مێزە، و دوای ئەوە دەتوانیت ببیت بە بەشێک لەم مێزە گەورەیە، بە بەسرەشەوە، ئەوە بۆ من دەستکەوتێکی گەورەیە.
رونیشیکردەوە، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی زۆر جیاوازە لە حکومەتەکانی دیکە، ئەم حکومەتە زۆر بە سیاسی کراوە و پێیوایە ئیتر کات نەماوە بۆ ڕیفۆرم و پرۆژە و چاکسازی، حکومەت چوار ساڵی خۆی تێپەڕاند و ئەوەی ھەیە ئێستا حکومەتی کار بەڕێکەرە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، وا دەردەکەوێت کە دیوارێک لەنێوان ئەوان و سەرۆک وەزیران ھەبێت، چونکە دەیانەوێت وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێک بگۆڕن، بەڵام نایکەن، یان وەزیرێک دەستلەکاردەکێشێتەوە بەڵام نایکەن، زۆر زۆر قورس بووە، سەرباری ئەوەش، جیاوازییەکانی زۆر دەکرێت لەنێوان ھەولێر و سلێمانی، لە پرۆژەی خزمەتگوزاری و موچە و پارەی دەرمان و پێشمەرگە و کۆمپانیاکان. حکومەت بە ئەنقەست پارەی خوێندکاران خەرجناکات نەک لەبەرئەوەی داھاتی نییە، بۆ ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانانە لە سلێمانی ڕووبدات. ئەوەی تێیدان لە ڕاستیدا دوو ئیدارەییە.
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی یەکێتی باسی لە داھاتی دەروازە سنورییەکان کردوو و ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی دەروازەی مونزرییەوە، باشماخ و پەروێزخان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، لە حاجی ئۆمەرانیش ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کراوە بۆ ئەوەی ببێت بە دەروازەی سەرەکی ئێران بۆ ھەرێم، لەناو حکومەتیشدا کەسانێک ھەن ڕێگری لە بازرگانان دەکەن تا لە باشماخ و پەروێزخانەوە بازرگانی بکەن، بەڵام پارتی حاجی ئۆمەرانی ھەیە، ئەو دەروازەیەی نێوان ھەرێم و سوریا کەس ھیچ دەربارەی نازانێت و نازانین چی دێت و چی دەڕوات جگە لەوە پاڵاوگەش ھەیە داھاتی دیار نییە وەک عەین زالە، بەردەوام ئیشی تێادەکرێت و نازانن بۆ کوێ دەڕوات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، دژە تیرۆر کە باشترین و پرۆفێشناڵترین ھێزی تایبەتی عێراقە، بەیانییەک ھەڵدەستن دەبینن بودجەکەیان بڕاوە، لەکاتێکدا ئەوان ھێشتا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان و ھەفتانە گورز لە داعش دەدەن، ئەمە ھیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە، بەس ئەوەیە یەکێک خەبەری دەبێتەوە و دەڵێت بەمشێوەیە فشار لە یەکێتی دەکات.
بەشێک لە وتەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی:
تۆ بەیانییەك لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت چالاكترین، پیشەییترین، باشترین یەكەی هێزی تایبەتی ڕاهێنراو لە سەرتاسەری عێراقدا - كە هێشتا لە دژی داعش شەڕ دەكەن، رووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە- بەیانییەك لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت بودجەكەیان بڕاوە.
هەر لەم ماڵەدا، بیرمە لەگەڵ مام جەلال و كاك مەسعوود و جەنابی كاك كۆسرەت دانیشتبووم. بیرمە مام جەلال بە كاك مەسعوودی گوت، دەبێت كارێك بكەین كە هەولێر وەك سلێمانی لێ بكەین.
بەڵام سەرنج بدە چۆن بارۆمەترەكە تا ئێستا بە یەك ئاراستەدا ڕۆیشتووە. من گاڵتە لەگەڵ قوباد دەكەم، كە ئێمە هێشتا لە چاوەڕوانیی جادەیەكداین ، هەولێریش خەریكە ئەركێكی مرۆیی دەنێرێت بۆ مەریخ. ئەزانی من خوازیاری ئەوەم كوردێك ببێتە كەشتیوانی فەزایی، بەڵام تكایە رێگەكەی منیش دروست بكەن، باخوێندكارەكانیشم یارمەتییەكانیان وەرگرن؟
بە ڕوونی ئێستا لە حكومەتدا چەقبەستوویەك هەیە، قوبادیش یەك دوو هەفتەیە ناچێتە كۆبوونەوەكانی حكومەت، منیش بە تەواوی پشتگیریی دەكەم. ئێمە خەڵك دەنێرین بۆ كۆبوونەوەكان، تەنها بۆ چاودێریكردن و دڵنیابوون لەوەی ئەگەر هەر بڕیارێكی شێتانە درا ، لانیكەم زانیارییەكمان هەبێت. ئەو كەسانە هەموو هەفتەیەك لەلایەن كاك قوبادەوە دەستنیشان دەكرێن. بەڵام قوباد ناگەڕێتەوە بۆ ئەم كۆبوونەوانە تا ئەو كاتەی جۆرێك لە دادپەروەری فەراهەم دەبێت.
هەروەها دەزانن یەكێتی بەڕاستی بێزارە لە دۆخی ئەمنیی هەولێر. دەزانی كاتێك كەسێكی دەركراو لە خاكی یەكێتی دەسەڵاتی كۆكردنەوەی هێز دەدات بەخۆی لە دووریی 200 مەتر لە ماڵی براكەمەوە. ئەمە قبوڵ ناكرێت. ئەمە سەلمێنەری پشوودرێژیی یەكێتییە ، ئامادەیی ئێمە پیشان دەدات كە تەنها بیر تۆڵە نەكەینەوە، و نەچینە ناو ئەو هەڵە گەمژانەیەوە.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە تیرۆركردنی هاوكار جاف و هاتنی وەهاب هەڵەبجەیی بۆ هەولێر، لە كاتێكدا لە هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد سەبارەت بە پرسی هاوكار - ئێمە بە تەواوی ڕەتمان كردۆتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەشمان كردووە، ئێمە هێشتا داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەش دەكەین. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت ئەو كارە بكات. بەڵكو خۆیان بە فیلمێكی گاڵتەجاڕانەی بۆلیوودەوە سەرقاڵ كردووە، كە ئێمە هەموو هەڵەكانی ئەو فیلمەمان ئاشكرا كردووە.
سەبارەت بە وەهاب هەڵەبجەییش ئەو لەگەڵ من چووە بۆ هەولێر بۆ سەردانی خێزانی یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكانمان. ئێمە هەرگیز فەرمانی دەستگیركردنی سیاسی، بە جددی وەرناگرین. وەهاب لە فڕۆكەخانەوە هات، بە رەسمی، لەگەڵ مندا هات. بە قاچاخ نەهێنرایە ناو هەولێر. من بە بازگەكاندا نەمبرد. دەمتوانی بە یەكێك لە فڕۆكە جەنگییەكانم بێم و لەگەڵ وەهابدا لە ناو مەكتەبی سیاسیدا بنیشێمەوە و كەسیش پێی نەدەزانی.
سەبارەت بە فەرمانی گرتن، من هەمان فەرمانی دەستگیركردنم هەیە، قوبادیش هەروەها. كەواتە پرسیارەكە ئەمەیە كە ئاخۆ یاسا هەیە؟ یاخود یاسا نییە؟ چونكە ئەگەر یاسایەك هەبێت ئەوا نەدەبوو منیش بچمە كۆبوونەوەی هەولێر و قوباد دەوام بكات. من پێم خۆشە خەڵك لە دادگا دادگایی بكرێن، نەك لە تەلەفزیۆن، ئەگەر وابڕوات سەرەنجام بەم نزیكانە لە تیك تۆكیشدا تاقی دەكەینەوە.
با لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش بە ئەنجام بگەیەنین. من هەرگیز ناپاكی لە هەڤاڵەكانم ناكەم، دەرهەق بە قارەمانەكانی كوردستان بێ وەفا نابم، تەنها لەبەر ئەوەی كەسێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەیانییەك لە خەو هەڵدەستێ و بڕیار دەدات چەند تۆمەتێك بخاتە پاڵمان كە ئێمە بە تەواوی لێی بێبەرین.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵ كردوون - تەنانەت لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا، یەك كەس ناتوانێت پاساوی ئەوەمان پێبدات كە بۆچی پێیان وایە ئێمە ئەو كارەمان كردووە، یان سوودی بۆ یەكێتی چی بووە، سوودی بۆ پارتی چی بووە، سوودی بۆ دژەتیرۆر چی بووە.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە یەدەگی گازی كێڵگەكانی كۆرمۆر كە لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندان، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی:
لە ڕاستیدا ئەو كێڵگانە لە ژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدا نین، بەڵكو كەوتوونەتە ناو جوگرافیای یەكێتییەوە. دەنا بەڕاستی ، یەكێتی دەستی لە هیچ كام لە گریبەستەكانی گازدا نییە.
من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت. سیاسەتی نەوتم بەدڵ نییە، پێموانییە سیاسەتێكی كاریگەر بێت لە بواری نەوتدا. من لەوەش تێناگەم كە بۆچی ئامادە نین لەگەڵ بەغدا كاربكەن.
من پسپۆڕی دارایی نیم، بەڵام دەزانم بەسرە هەزار جار لە هەموو كوردستان دەوڵەمەندترە. بە تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆك وەزیران بێت بۆلام و بڵێ ئای بافڵ ئەم قۆریە بچوكەی خۆت بخەرە سەر ئەم مێزە، و دوای ئەوە دەتوانیت ببیت لەم مێزە گەورەیەدا هاوبەش بیت، بە بەسرەشەوە، ئەوە بۆمن دەستكەوتێكی گەورەیە.
ئەمە خراپ بەڕێوەبردنە، گرێبەستەكان تەنها بە ئارەزووی خۆیان واژۆ دەكرێن ، سەرنج لەو ژمارانە بدەن كە دكتۆر ئاشتی چەند ساڵێك لەمەوبەر خستوونیەتە روو، ئەوەی بەڵێنی پێداوین لە كوردستان بێتەدی، بەراوردی بكە لەگەڵ واقیعدا.
تاكە كێشەی ئێمە لەگەڵ پرسی گازدا ئەوەیە، نامانەوێت بەو شێوەیە خراپ بەڕێوەببرێت. ئەوە تاكە كێشەی ئێمەیە لەگەڵ گازدا. چونكە تاكە سەرچاوەیە كە ماوە، و ئەگەر ئەم كەرتە خراپ بەڕێوە ببرێت بۆ هەرێم كارەساتبار دەبێت.
من شتێكت پێ دەڵێم كە پێشتر بە كەسم نەگوتووە. چەند مانگێك لەمەوبەر بە ئەنقەست لێدوانێكی توندم دا بۆ ئەوەی كاردانەوەكان بزانم.
ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا كە من ویستم. شاندێك لە هەولێرەوە هاتن وتیان "با باسی گاز بكەین." زۆر دڵخۆش بووم.
ئەزانیت، حەز دەكەم بیر بكەمەوە لەوەی كە ڕەنگە سەرەتا بتوانین كار لەسەر بازرگانی ناوخۆیی بكەین، و كارەبای ٢٤ كاتژمێری. و پاشان دەتوانین بیر لە هەناردەكردنی بكەینەوە، لە كوێ هەناردەی دەكەیت؟ باشە بەغدا پێویستی بە كارەبا و گاز هەیە. ئەوروپا پێویستی پێیەتی، توركیا پێویستی پێیەتی. ڕەنگە بتوانین شتێك بكەین.
من پێم وابوو قسەوباس لەسەر ئەم پرسانە دەكەین، بەڵام وا نەبوو، لەبری ئەوە قسە هاتە سەر ئەوەی پشكی یەكێتی چەندە و پشكی پارتی چەند دەبێت، راشكاوانە بڵیێم، پێم وتن بۆ دەرەوە، من بۆ قسەكردن لەسەر ئەمانە نەهاتووم.
ئەو گازە موڵكی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە. گازی یەكێتی نییە. گاز هی خەڵكی كوردستان و عێراقە. من خاوەنی نیم، دەسەڵاتم بەسەریدا نییە. ئەم عەقڵیەتە دەبێت بگۆڕێت. ئەوە نەبوونی دامەزراوەكانە كە ڕێگە بەم شتانە دەدات، نەبوونی دامەزراوەی ڕاستەقینە، كاتێكیش سەروەریی یاسا نەبێت ئەمە بەردەوام دەبێت.
با چیرۆكێكی ترتان بۆ بگێڕمەوە، كە لەلایەن ئاسایشەوە بە ڤیدیۆ بەڵگەی لەسەر گیراوە. بەڕێزێك هەیە بە ناوی عەبدولڵا موبارەك لە چەمچەماڵ. هەندێك لە خزمەكانی، یا كەسێكی نزیك لێی، دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەفسەرێكی ئاساییشدا، و بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە، باشە فەرمانی دەستگیركردنەكەی چی بەسەر هات؟ بۆچی دەستگیر نەكرا؟ پێت دەڵێم فەرمانی دەستگیركردنی بەكوێ گەیشتووە. كەیسەكەی گواسترایەوە بۆ هەولێر و پاشان بە شێوەیەكی سەیر چارەسەرێكی خێڵەكیانەی بۆكرا، هەر ئەوەش نا، بۆ بەیانی كرا بە جەنەڕاڵ. شەو كابرا خێڵەكی بوو، تۆ بڵێ رێگرێك بوو، بەیانی بوو بە ژەنەڕاڵ و میلیشیاكەشی بە رەسمی بوون بە بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەمە شێتییە. ڕاستگۆیانە بڵێم شێتییەكی تەواوە. سەرەتا ئەوە شەرمەزارییە بۆ پێكهاتەی سەربازیمان. ئەگەر ئازان سەبارەت چاكسازیی پێشمەرگە قسەم لەگەڵ بكەن؟ ئەمەیە چاكسازی لە ریزەكانیپێشمەرگەدا ؟ رێگرێك لە شەو و رۆژێكدا بكرَتە ژەنەڕاڵ.
ئەو دەمەی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی لە بەغدا ناكۆك بووین و نێوانی من و كاك مەسعوود گرژ بوو، كێشەیەكی ئەمنی لە دەڤەرەكەی ئەوان دروست بوو، منیش تەلەفۆنم بۆ كاك مەسعوود كرد، و گوتم: پێم خۆشە لەگەڵ دژەتیرۆردا بچین ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، چونكە نامەوێت وا بیربكەنەوە كە كورد یەكگرتوو نییە.
بە گەمژەیی وەڵامی گەمژەیی نادەینەوە. من ئەو یارییە ناكەم و پێم وایە یارییەكی خراپە. پێموایە پارتی سەرەنجام درك بەوە دەكات كە ئەمە پێشینەیەكی باش نانێت.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی مەگەر بەسەر تەرمی مندا ئەوە رووبدات.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەو گرێبەستەی كە لەگەڵ كۆمپانیای كار بۆ راكێشانی بۆریی گواستنەوەی گاز كراوە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی راكێشانی ئەو تۆڕەی بە كۆمپانیای كار رەوا بینی، كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نزیكە، هێزە ئەمنیەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگرییان لەو كۆمپانیایە كرد و بە كردەوە پرَۆژەكەیان پەكخست.
سەرۆك تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو خۆی دژی ئەو پڕۆژەیە بووە، و باسی لەوەشكرد كە كۆمپانیاكە بەبێ تەندەرین ئەو گرێبەستەی پێ رەوا بینراوە، وتیشی لە راستیدا گروپی كۆمپانیاكانی كار ئەو گرێبەستەی پێ بەخشراوە، ئەوەش سوكایەتیكردنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش.
هەر سەبارەت بە پرسی پەرەپێدانی كێڵگەكانی گاز و لە وەڵامی پرسیارێكدا كە لە واقیعی جوگارفیدا زۆربەی كێڵگە گازیەكان لە دەڤەری یەكێتین، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: ڕەنگە ئەمە ببێتە مایەی سەرسامی، پێم باشە حكومەت ئەو كارە بكات، بەڵام دەبێت هەست بكەم حكومەت حكومەتی منیشە، نەك تەنها حكومەتی مشتێك كەس. هەرچەندە ئەمە ئێستا ئاڵۆزە، بەهۆی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە. دەبێت ئاگاداری ئەم شتانە بین. كەواتە یەكەم شت بنەمای یاسایە. سەرەتا دەبێت بزانین لە كوێ وەستاوین، كاتێك زانیمان لە كوێ وەستاوین، ئەوا ڕەنگە بتوانین بڕیارێكی دروست بدەین.
ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە ئەگەر سەرمان بخەینە ناو لمەوە و بڵێین "نا، ئەمە لە بەغدا ڕووی نەداوە، هەموو شتێك باشە، با هەر بەردەوام بین" من زۆر دڵنیام كە ئەوە سەرەنجامی باش نابێت، سەرەتا با حكومەتی هەرێم ڕزگار بكەین، با ئەم حكومەتە ڕزگار بكەین. بەم دواییانە تۆمەتبار كرام بەوەی دەمەوێت حكومەت لەناو ببەم. دەمتوانی لە پێنج خولەكدا حكومەت لەناوببەم تەنها بە وتنی "یەكێتی وەرە دەرەوە". ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئامانجی من نییە. ئەو پشوودرێژییەی كە یەكێتی پیشانی داوە، جێی شازازییە. ئێستا كەسانێ: هەن لەناو حكومەتدا كاری باش دەكەن بۆ لەناوبردنی حكومەتەكەی خۆیان و پێویستیان بە ئێمە نییە كە یارمەتیان بدەین، ئەوان بەبێ ئێمەش ئەو كارە دەكەن.
رەئیسی بۆ دووەمجار لە ماوەی شەش مانگدا سەردانی سنەی کردوو لە میانی کردنەوەی پڕۆژەیەکی گەیاندنی ئاو بە پارێزگاکە جەختیکردەوە لەسەر گرنگی یەکڕیزی نەتەوەکانی ئێران لەبەرامبەر دوژمنان.
رەئیسی ھەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانیش کرد و رایگەیاند، ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە تاوانی کوشتنی خەڵک و ھێزە ئەمنییەکانیان ئەنجامداوە رووبەرووی دادگا دەکرێنەوە.
بە وتەی رەئیسی، رەوتێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش ھەوڵیدا رەوشی پارێزگاکە تێکبدات، ھەمان رەوت خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەمجارەشی قۆستووەتەوە بۆ نانەوەی پشێوی لە پارێزگاکەدا، بەڵام رۆڵەکانی گەلی ئێران روبەروی وەستانەوە.
ھەر لە سەردانەکەیدا سەرۆک کۆماری ئێران چاویکەوت بە کەسوکاری ژمارەیەک لە کوژراوان و جەختیکردەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئاشکراکردنی ھۆکاری گیانیان لەدەستدانی ئازیزانیان. دواتریش چاویکەوت بە زانایانی ئاینی سنە و نوێژی بە کۆمەڵی لەگەڵ زانایانی سونە و شیعە کرد.
خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەمریکییەکان داوایان لە تورکیا کردووە، چاو بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان لە باکووری سوریا بخشێننەوە، لەبەرامبەریشدا تورکیا داوایکردووە ئەمریکا پابەندنی بەڵێنەکانی بێت.
خڵوسی ئاکار وتیشی، تورکیا ھۆشداری داوەتە وڵاتە ھاوپەیمانەکانی کە پێوییستە بە زووترین کات گرووپە چەکدارەکان لە سنوورەکانی تورکیا دووربخەنەوە و ھەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵدا بپچڕێنێنن.
رۆژی پێنجشەممە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پەیوەندی بە خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیاوە کرد و بەپێی راگەیاندراوی پنتاگۆن، ئۆستن بە ئاکاری وتووە، ئەمریکا بە توندی دژی ھەر ئۆپراسیۆنیکی نوێی تورکیایە بۆ سەر کورد لە باکووری سوریا.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کورستان چەندین جار رایسپاردوون کاری جددی بۆ بەڕەسمی کردنی دەروازەی سنووری کێلێ لە قەزای پشدەر بکەن، فراکسیۆنی یەکێتیش چەندین نوسراویان لەوبارەیەوە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد.
دواجار محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەڵێنێ بەنێودەڵەتیکردنی مەرزی کێلێ پێدان و لە ڕۆژانی داھاتوودا کار بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی دەکرێت.
غەریب ئەحمەد وتیشی، بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو دەروازە سنورییە ھەلی کار بۆ دانیشتیوانی ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای دووکان دابین دەکات و زۆر سودی تریشی بۆ حکومەت و ھاووڵاتیان دەبێت.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) رایگەیاند، ھەرچەندە ئەمریکا و روسیا دڵنیاییان پێداون کە دژی ھێرشەکانی تورکیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵام دژایەتی تەنھا بە قسە بەس نییە و پێویستی کردار و ھەڵوێستی توندی لەگەڵدا بێت، چونکە تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنورەکان ئەو ناوچانە جێگیرکردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ھاوپەیمانەکانیدان.
ئارام حەنا وتەبێژی ھەسەدەش رایگەیاند، داوای ھاوکارییان لە نوێنەرانی روسیا کردووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا لەپێناو پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە و کۆبوونەوەکانیشیان لەگەڵ روسیا بەردەوامە و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن.
ئەوەش لەکاتێکدا ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، مەرجی راگرتنی ھێرشەکان کشانەوەی ھەسەدەیە لە مەنبەج و کۆبانێ و تەلڕەفعەت لەگەڵ گەڕانەوەی دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا بۆ ئەو ناوچانە.
بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای کار و ھەروەھا پاڵێوراو سۆز عەبدولقادر لە شوێنی شایان کاکەساڵح پەرلەمانتاری دەست لەکارکێشاوە سوێندی یاسایی دەخوات.
رۆژی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و پێشنیازە یاساکانی پاراستنی ئاژەڵان و بەرکارکردنی یاسای فیدڕاڵیی ئیمزای ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکانی پەسەندکرد، ھەروەھا پڕۆژە یاساکانی ھەمواری پیادەکردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقاف و ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شورای ھەرێمی پەسەند کرد، ھەروەھا خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسای کار کرد و لە کۆی ١٥٤ ماددەی پڕۆژە یاساکە گفتوگۆ لەبارەی ١٠٠ ماددە کرا.
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری کارەبا و کەمکردنەوەی بچڕانی کارەبا لە وەرزی زستان، بڕیاریانداوە بڕی ئەمپێری کارەبای ماڵان لە ٤٠ ئەمپێرەوە بۆ ٣٠ ئەمپێر کەم بکەنەوە.
ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، مەبەست لە کەمکردنەوەی ئەمپیرەکانی کارەبا، کۆنترۆڵکردنی زیاتری کارەبا و کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا و پاراستنی محویلەکان و کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر فیدەرەکانە لە وەرزی زستاندا، داواشی لە ھاووڵاتیان کرد، بۆ ئەوەی پێوەرەکەیان نەکوژێتەوە، ئامێری زیادەی کارەبایی بەکارنەھێنن.
نودا رەشید ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، زیاتر لە ھەفتەیەکە ھێرش و بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر شاری مەنبەج بەردەوامە و پێنججار بنکەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج بە فرۆکە بۆردومانکراون و رۆژانەش تۆپبارانکردنی ناوچەکانیان بەردەوامە.
رونیشیکردەوە، لە ناوچەکانی بەریەککەوتن چەکدارانی بە کرێگیراوی تورکیا ھەوڵی دزەکردنە ناو گوندەکان و بنکەکانیان دەدەن و لە ٢٠ بۆ ٢٧ی مانگ ، چەکداران شەشجار ھەوڵی دزەکردنیان داوە، بەڵام سەرجەم ھەوڵەکانیان شکستی پێھێنراوە.