نێچیرڤان بارزانی: ھیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئازادیی ئافرەت، ئازاد نییە و پێشناکەوێت
کوردسات نیوز
٨ی ئازاری ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ….
ڕۆژی جیھانیی ئافرەتان بە گەرمی لە تەواوی ژنانی کوردستان، عێراق و جیھان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتنی زیاتر، کۆڵنەدان و بەردەوامییان بۆ دەخوازم.
ئافرەتان ساڵانێکی زۆرە خۆیان ڕێکخستووە و لە ھەموو بوارەکاندا خەبات دەکەن بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانیان و بنبڕکردنی چەوساندنەوە و توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی. وەک چۆن پێشتر لە بواری چاکسازیی یاسایی، سیاسەتی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆییی دارایی و پەروەردەدا پشتگیریمان لە ژنان کردووە، بەردەوام دەبین و ھەمیشە پشتگیری لە خەباتیان دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی تەواوی مافەکانیان.
ھیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئازادیی ئافرەت، ئازاد نییە و پێشناکەوێت. کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان بواری زیاتر بە بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردن و ھەموو بوارەکانی دیکەدا بدرێت، توندوتیژی دژی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان کە مایەی نیگەرانییە، کۆتایی بێت.
لەم ڕوانگەیەوە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کار و سیاسەت و ستراتیژیی نوێ، بە بەشداریی ھەمووان ھەیە. پەروەردە و فێرکردن و برەودان بە توێژینەوەی ئەکادیمی و کاری زانستی، ھۆشیاری و گفتوگۆی ھەمەلایەنە، باشترین ڕیگەن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
ستایش و دەستخۆشی بۆ ئەو خانمانەی متمانەیان بە خۆ بووە، لە کایە و بوارە جیاکانی ژیاندا چوونەتە پێشەوە و خۆیان سەلماندووە، لە ڕاپەراندنی ئەرک و کارەکانیاندا سەرکەوتوون و بوونەتە پێشەنگ. ھەروەھا ئافرەتانی کوردستان، دەبێ ھاوشانی ژنانی جیھان، ئامادەیی و بەشداریی زیاتریان ھەبێت لە پرسەکانی ئافرەتان و پرسەکانی دیکەی ژیاندا.
لەم یادەدا کار و خەباتی ئافرەتانی کوردستان لە ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، لە فەرمانگە و دامەزراوەکاندا بە بەرزی ھەڵدەسەنگێنین. بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ڕەنج و ماندووبوونی ھەموو ئەو خانمە کۆڵنەدارنە دەڕوانین کە لە ھەر بوارێکی کەرتی گشتی و تایبەتدا کار دەکەن و بەشدارییەکی کارا لە بەڕێوەبردن و بنیاتانی کۆمەڵگە و وڵاتدا دەکەن.
سڵاو لە گیانی پاکی ھەموو ئەو خانمانەی لەپێناو یەکسانی و بەدیھێنانی مافەکانی ژناندا گیانیان بەخشی و ھەموو ئەوانەی بوونەتە قوربانیی توندتیژی. گیانیان شاد و یادیان ھەمیشە بە خێر.
شکۆدار بێت یادی ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانیی ئافرەتان.



