رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە وادەی خۆیدا، بەڵام ئەو یاسایەی پێشتر کاری پێکراوە بەسەرچووە، لە رابردوودا ھەرێم یەک بازنە بووە و خەڵکی ھەندێک ناوچە دەنگی بە کاندیدی ناوچەی دیکە داوە، بۆیە دەبێت یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکرێتەوە و بگۆڕێت بە یاسایەکی باش بۆ ئەوەی متمانە بۆ خەڵکیش بگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێوشوێنەکانی ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن ١٨٠ بۆ ٢١٠ رۆژی دەوێت و ھەموو ھەڵبژاردنێک پێویستی بە کۆمیسیۆن و یاسا و بودجە ھەیە، کۆمیسیۆنی ھەرێمیش ماوەی بەسەرچووە.

سەبارەت بە کورسی پێکھاتەکان، رزگار حاجی حەمە باسیلەوەکرد ، داوایانکردووە کورسی کۆتا بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێت، ھەروەک چۆن مەسیحی لە ھەولێر و دھۆک ھەن، لە سلێمانیش ھەن، تورکمانەکان ھاوشێوەی ھەولێر لە کەلار و کفریش ھەن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئەگەر سیستمی ھەڵبژاردن بگۆڕێت، کورسی پارێزگاکان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان دیاریبکرێت و پشت بە داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق ببەسترێت، خەڵک نوێنەری خۆی ھەڵدەبژێرێت، بەوشێوەیە پەرلەمانتار بەرپرسیارە بەرامبەر دەنگدەرانی، یەکێتی و پارتیش ھەوڵدەدەن بە گفتوگۆ بیروڕاکانیان یەکبخەن و یاسایەکی ھاوچەرخ و باش دابنێنن.