کوردستانکوردستان

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاندووە، بەپێی یاسای ماف و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ژنان ھەمان مافی پیاوانیان ھەیە لە کارکردندا، جگە لەو مافانەی کە تایبەتە بە لەدایکبوون و مۆڵەتی دایکایەتی، ھەروەھا ژنان لە ھەرێمی کوردستان بەشدارن لە ھێزی کار و تائێستا ٢٢ ھەزار ژن دەستەبەرکراون، لەو ژمارەیەش دوو ھەزاریان بیانیین و ٢٠ ھەزاریشیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانن.

ھاوکات بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم، ١٨٩ ھەزار و ٣١٥ ژن لە کەرتی گشتی کار دەکەن، کە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانین و ژمارەیان ٩١ ھەزار و ٩٩٦ ژنە. 
بەپێی ئاماری ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ساڵی رابردوو ١٥ ھەزار و ٨٩٧ دۆسیەی سکاڵا لەلایەن ھەردوو رەگەزەوە تۆمارکراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی ئەو بارانە بەخوڕەی ئەمشەو لە چەندین شوێن و شەقامی سلێمانی لافاو دروست بووە، ئاو چووەتە دەیان ماڵ و شوێن و ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیش لە نێو ئوتومبیلەکانیان گیریان خوردووە، بەمەبەستی بەھاناوەچونی ئەو کەسانەو رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو ھەموو تیمە فریاگوزارییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو، سەرقاڵی بەھاناوەچوونی ھەموو ئەو ھاوڵاتیانەن کە گیریان خواردووە یان ئاو چووەتە ماڵەکانیان.

داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکات، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، ئەو کەسانەش گیریان خواردووە یان ئاو چووەتە ماڵەکانیان پەیوەندیی بە تیمە فریاگوزارییەکانەوە بکەن بۆ بەھاناوەچوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیاروایە سبەینێ چوارشەممە ھەردوو دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ھەولێر کۆببنەوە.

بە وتەی زیاد جەبار، لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسیی پێکھاتەکان تاوتوێدەکرێن.

بڕیاربوو ھەفتەی رابردوو دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، بەڵام بەھۆی نەخۆشکەوتنی ئەندامێکی وەفدی یەکێتی کۆبوونەوەکە دووجار دواخرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوەندی ئەوان وەک ئەندامانی لیژنەی دارایی ئاگادارن، ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە پەسەنددەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا نازانرێت پشکی ھەرێمی کوردستان بەچەند دیاریکراوە، چونکە شاندی حکومەتی ھەرێم یەک کۆبوونەوەشی لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەنجامنەداوە، بۆیە تا بودجە نەگاتە پەرلەمان نازانن پشکی ھەرێم بە چەند دیاریکراوە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی ھەولێر، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس ئەو زیندانییەیان دەستگیرکرد کە رۆژی دووشەممە لە گرتووخانەکە ھەڵات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو زیندانییە ناوی بەشارە و پەنابەری سوریایە.

رۆژی دووشەممە، لە زیندانی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی ھەولێر، پێنج زیندانی ھەوڵی ھەڵاتنیادا و چواریان دەستبەجێ دەستگیرکرانەوە، کە سەرجەمیان نەوجەوان بوون و پەنابەری سورین.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەریی دووکەڵ، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرھێنراوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆ تۆمار نەکرێن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرمیانگەی میدیا و زانیاری، "وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ھاتووچۆی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادار کردووەتەوە کار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بکرێت و ھیچ ئۆتۆمبێلێک ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرھێنرابێت، تۆمار نەکرێت."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی فەرمیانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، "بەردی ساڵنسا (بەردی ژینگەدۆست) وەکوو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکانیان و فرۆشتنەوەیان، ئەم بەردە لە سیستەمی دووکەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەردەهێنن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راشیگەیاندوە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک درێژە پێدەری سیاسەت و دیدی سەرۆک مام جەلال  ھەمیشە بڕوای نەگۆڕی بەھاتنە مەیدانی ژنان و بەشداری کاراییان لەھەموو جومگەکانی حزبی و حوکمرانیی و ناوەندەکانی بریاردا ھەبوەو بەکردەوە کاری لەسەر ئەو یاسایانە کردوە کە دەستەبەری زیاتری ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەید مەجید میر ئەحمەدی، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی، سەبارەت بە دواین پێشھاتەکانی پەیوەست بە ژەھراویبوونی خوێندکاران رایگەیاند، بە پشت بەستن بە رێوشوێنی دەزگا ھەواڵگرییەکان، چەند کەسێک لە پێنج پارێزگا دەستگیرکراون.

وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی تەواو دەکەن و دوای تەواوکردنی زانیارییەکان و دەستکەوتنی ئەنجامێکی روون، رای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.

بەوتەی یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی ئێران ، دوژمن ھەوڵی دروستکردنی ترس و پشێووی لە ناو سیستمی خوێندنی وڵاتەکەی دەدات و ھەوڵدەدات پرسەکە زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە بکات 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە رێوڕەسمێکدا لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراواندا کۆنووسێکیان ئیمزا کردووە بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەھیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی.

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆنوسەکە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پێشنیاز و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش ھاوکار و ھەماھەنگ دەبێت بۆ دابینکردن و رەخساندنی خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حسێن سەعبەری جێگری، سەرۆکی لیژنەی وەبەرھێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق پلانێکی ھەیە و دەیەوێت رسوماتی دەرھێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بۆ سێ ھێندە زیاد بکات کە دەکاتە ١٠٠ ھەزار دینار بۆ دەرھێنانی یەک پاسپۆرت کە ئێستا تەنھا ٢٥ ھەزار دینارە.

وتیشی، جێبەجێکردنی ئەو پلانە جگە لەوەی پێچەوانەی حوکمەکانی ماددەی ھەشتیی یاسای پاسپۆرت و رێککەوتنەکانیشە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی تایبەتە بە دەرھێنانی پاسپۆرت لە عێراق، کاریگەری خراپی دەبێت و لەرووی دارییشەوە ئەرکی سەرشانی ھەموو ئەو کەسانە قورس دەکات کە دەیانەوێت پاسپۆرت دەربھێنن، بۆیە بەرەسمی داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن رێگە نەدات وەزارەتی ناوخۆ ئەو پلانە جێبەجێ بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەکۆبونەوەیەکی نێوان ھەردوو لیژنەی یاسایی و ھەرێم و پارێزگاکاندا لەبارەی ھەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان، باس لە چەند بڕگە و خاڵێکی یاساکە و تەمەن و بڕوانامەی کاندید و سیستمی ھەڵبژاردن کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەی یاسایی بڕیاریداوە بەڕەسمی پێشنیازێک بخاتەڕوو بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و دەنگدان لە وڵاتانی دەرەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ھیچ سوودێکی نییە و لە رووی دارییشەوە بودجەیەکی زۆری پێویستە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکانی تورکیا ئافاد رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک، بە گوڕی ٤.٥ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەی پایاسی لە پارێزگای ھاتای دەهەژێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی نەبووە.

ئەمرۆ مانگێک تێپەردەبێت، بەسەر بومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا، کە چەقەکەی لە شاری مەرەشی تورکیا بوو، بەھۆیەوە زیاتر ٥٠ ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارزان لەتیف مەجید، بەڕێوەبەری کەشناسی لە کشتوکاڵی ھەرێم، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بۆ بەھاری ئەمساڵ پێویستیان بە بارینی ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملم باران ھەیە بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکان.

ئاماژەبەوەشکرد، ساڵانە جووتیاران دەیانزانی کەی وەرزی چاندنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیانە، بەڵام لەم چەند ساڵەی رابردوودا ئاسان نییە جووتیارەکان ئەوە یەکلایی بکەنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەمساڵدا بووەتە پرسی گەرمی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش، بە مەرجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بەگویرەی ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە دەربڕیوە.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

یادی سی و دوو ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ١٩٩١ لە خانەوادە سەربەر‌زەکانی شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی گەلی کوردستان، بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە پیرۆز دەکەم. بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدان دەکەینەوە،‌ سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکیان دەنێرین.

ڕاپەڕین ھەستانێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەی جەماوەریی سەرتاسەریی گەلی کوردستان بوو بە ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانییەوە کە بەپشتگیریی پێشمەرگە و بەرەی کوردستانی، لە دژی ستەم و زۆرداری ڕاپەڕی. پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ ئازادی، بۆ ژیان و داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان، گیانیان خستە سەر دەست و بەرەنگاری مەرگ بوونەوە.

یەکڕیزی و تەبایی، ھەوێنی سەرکەوتنی ڕاپەرین بوو کە ھەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانی لە ئازادی، پەرلەمان، حکوومەت، فیدراڵی و چەسپاندنی مافەکانی لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا بەدیھێنا. ئێستاش گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتە و ھێز و لایەنە سیاسییەکانییەوە،‌ دەبێ وانەی سەرکەوتن لە ڕاپەڕین وەربگرن. دەبێ یەکڕیزی و تەبایی و یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردن، بکەنە ھەوێنی سەرکەوتن و داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان.

لەم یادە شکۆدارەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە ھەموو ھەوڵ و توانامان بۆ ئەوە دەبێت ھەموو پێکەوە کار بکەین بۆ بەدیھێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی ڕاپەڕین و ئەو خەونانەی شەھیدان لەپێناویاندا گیانیان بەخشی. وەک چۆن لە ڕاپەڕیندا پێکەوە سەرکەوتین، گەلی کوردستان بە ھەموو ڕەنگ و پێکھاتەکانیەوە سەرکەوت، ئێستاش سەرکەوتن و مسۆگەرکردنی داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان، تەنیا و تەنیا یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردنە.
بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕین.

شاد و ئارام بێت گیانی شەھیدان.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٣٠٢٣/٣/٥

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...533534535536537...998