وەزارەتی ناوخۆ: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە تۆمار ناکرێن
کوردسات نیوز
٧ی ئازاری ٢٠٢٣
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەریی دووکەڵ، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرھێنراوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆ تۆمار نەکرێن.
بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرمیانگەی میدیا و زانیاری، "وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ھاتووچۆی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادار کردووەتەوە کار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بکرێت و ھیچ ئۆتۆمبێلێک ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرھێنرابێت، تۆمار نەکرێت."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی فەرمیانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، "بەردی ساڵنسا (بەردی ژینگەدۆست) وەکوو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکانیان و فرۆشتنەوەیان، ئەم بەردە لە سیستەمی دووکەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەردەهێنن."



