بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پەیامێكی بەبۆنەی 8ی مارسەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند،  لە رۆژی جیهانیی ژناندا بەڕێزەوە یادی هەموو ئەو ژنە ئازا و بوێرانە دەكەنەوە، كە خەباتیان لەپێناو یەكسانی و چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤدا كردووە و رۆڵێكی كاریگەریان لەبەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەدا گێڕاوە.

‏‎دەشڵێت، ژنانی كورد هەمیشە پێشەنگی بوارە جیاوازەكان بوون و لە رووداوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی گەلی كورددا، ئامادەیی بەرچاویان هەبووە و جێدەستیان دیارە لە هەموو كایەكانی كۆمەڵگەی كوردیدا.

‏‎سەرۆك بافڵ راشیگەیاندووە، بە شانازییەوە هاوكار و پشتیوانی ژنان دەبێت لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانیان و بە كرداریش دژی جیاوازی رەگەزی وەستاونەتەوە و رووبەڕووی بەربەستەكان بوونەتەوە.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، كە یەكێتیی پشتیوانی هەمیشەیی ژنان بووە و بەردەوامیش دەبێت، لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و فراوانتر بۆ ژنانی كورد تاوەكو پەرە بە تواناكانیان بدەن و سەركردایەتی حزبەكە بكەن.