دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان بنەماڵەی خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەد ئاغای زێباری
بە خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (شێخ عاسف ئەحمەد ئاغای زێباری) برای خوالێخۆشبووان شێخ لەتیف ئەحمەد ئاغا و شێخ ئەرشەد ئەحمەد ئاغا، سەرۆک عەشیرەتی زێباریمان پێگەیشت.
پرسە و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و خزمانی زێباری دەکەم، لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە:
کۆچی دوایی خاتوو (فاتیمە قادر مەحمود)، ژنە دڵسۆز و شۆڕشگێڕەکەی رێگای خەبات لە دڵەوە نیگەرانی کردین.
خاتوو فاتیمە مێژوویەکی درەوشاوەی لە رۆژگاری سەختی خەباتدا تۆمارکرد و سەرباری ھەموو نەھامەتییەکان، لە رێگا پیرۆزەکەی کوردایەتی لاینەدا و نموونەی ژنی قارەمان و تێکۆشەری کوردستان بوو.
لەخوای گەورە داواکارم دایکە فاتیمە بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و ئارامی بەھەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە:
کۆسرەت رەسول عەلی ھاوخەمی بۆ کۆچی دوایی خاتوو فاتیمە قادر مەحمود دەردەبڕێت
بەڕێزان: ئاراس شێخ جەنگی و لاھور شێخ جەنگی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (فاتیمە قادر مەحمود) خێزانی کۆچکردوو شێخ جەنگی و دایکی بەڕێزتانم بیست، دڵگران و خەمباری کردم، ھاوبەشی خەمتانم، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمتان ئاراستە دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشیتان بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە:
دڵگرانین بەکۆچی دوایی خاتوو (فاتیمە قادر مەحمود)، نمونەی ژنی دڵسۆز و تێکۆشەری رێگای رزگاری گەلەکەمان.
خاتوو فاتیمە لە نێو ڕۆژگاری خەباتی سەختی گەلەکەماندا خاوەنی مێژوویەکی پڕ لەبەخشش و میھرەبانی بوو .
لەیەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەگشت لایەک ببەخشێت.
اناللە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، حکومەتی ھەرێم لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز ، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێن .
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکان لە گەل حکومەتی بەغداد.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، حکومەتی ھەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لە گەل بەغداد تا گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری.
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، لە وەزارەتی بازرگانی بە کوردسات نیوز راگەیاند، لەئێستادا دابەشکردنی بەشەخۆراکی ئاسایی مانگی سێ لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە دەستیپێکردووە.
سەبارەت بەو ماددە خۆراکیانەی بۆ مانگی رەمەزان زیاد کراوە، نەوزاد کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەئێستادا ئارد و مەعکەرۆنی گەیشتووە، بەڵام بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان مافیان نەفەوتێت و چەند جارێک سەردانی بریکارەکان نەکەن، چاوەڕوان دەکەن ماددەکانی تریش لە بەغدادەوە بگاتە کۆگاکانی بازرگانی ھەرێم و دواتر بەسەر ھاووڵاتیادا دابەشبکرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە بۆ مانگی رەمەزان، چوار ماددەی خۆراکی زیاد بکات کە پێکھاتوون لە یەک تەبەق ھێلکە و پێنج کیلۆ ئاردی سفر و نیوکیلۆ نیشاستە و یەک کیلۆ مەعکەرۆنی.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، دەوامی رەسمی یەک سەعات کەمدەکەنەوە، بەجۆرێک ئەو شوێنانەی رۆژانی شەممە دەوامیان ھەیە، وەکو نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە تەندروستییەکان دەوامیان تاکو سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ دەبێت، بەڵام دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و ئەو شوێنانەی رۆژانی شەممە دەوامیان نییە، تاکو سەعات دووی دوای نیوەڕۆ دەبێت و تەواوکەری دەوامەکانی ئێواران و شەوان بە شێوازی ئێشکگری بەردەوام دەبێت.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامیش، ئاسۆ حەوێزی راشیگەیاند، رۆژی شەممە دەوامی رەسمیی لە سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە تەندروستییەکان و نۆڕینگە میللی و راوێژکارییەکان و خزمەتگوزارییە نیمچەتایبەتەکان دەستپێدەکاتەوە.
کەشناسی ھەرێم بە پێی پێشبینییەکان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ڕۆژی شەممە ئاسمان نیمچە ھەور و لە ھەندێ ناوچە ھەوری تەواو دەبێت لە گەڵ بارینی کەمێک نمە باران بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
ھەروەھا بۆ ڕۆژی یەکشەممەش ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لە گەڵ دەستپێکردنی بارانبارین وە لە کاتەکانی نێوەڕۆدا ڕێژەی باران بارین زیاد دەکات و ھەندێ کات ھەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت و خێرایی با (١٥-٢٥) کم/س دەبێت.
باسی لەوەشکرد، بۆ ڕۆژی دوو شەممە، ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران و بارانی مامناوەند وە لە کاتەکانی شەودا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور نمە باران لەناوچە شاخاویەکان و ھەندی ناوچەی دیکە بەردامی دەبێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئامەد رایگەیاند، لە ناوچەی لجێ مێردمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە کە لەگەڵ ھاوڕێیەکی بووە، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە وەستێندراوە و دواتر رفێندراوە و ئەشکەنجە دراوە.
رەمەزان قەرەئاپ پارێزەری خانەوادەی منداڵەکە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند، بە چوار پۆلیس ھێرشیانکردووەتەسەر مێردمنداڵەکە و پێیانوتووە دەبێت رقت لە کورد بێت و بڵێی ئەوان خۆشبەختن کە تورکن، بەڵام ئەو مێردمنداڵە ترساوە و ھیچی نەوتووە، ئەوەش پۆلیسەکانی توڕەکردووە و لێیانداوە و بێھۆش بووە، دواتر گوندنشێک مێردمنداڵەکەی بەفڕێدراوی و دەستوپێی بەستراوەوە دۆزیتەوە و بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە.
ئاشکراشیکرد، مێردمنداڵەکە بەھۆی ئەشکەنجەدان و لێدانی توند، چاوی ڕاستی کوێر بووە و نیشانەیەکی زۆری لێدانیش لەسەر جەستەی ھەیە، سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش سکاڵای لە دژی پۆلیس تۆمارکردووە و داوایان لە داواکاری گشتی کردووە کە دۆسیەکەیان لەسەر پۆلیس بکەنەوە.
دەستەی کەشناسی ھەرێم پێشبینیکردووە، کەشوھەوا بۆ رۆژی ھەینی ھەوربێت و پلەکانی گەرما کەمێک روو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بۆ رۆژی شەممەش کەشوھەوا ھەور و نمەباران دەبێت و لە ھەندێک کات ھەورە بروسکە روودەدات.
بۆ رۆژی یەکشەممەش، شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و لەچەند کاتێکدا بەخوڕ باران دەبارێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن، باران بارینەکە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەش بەردەوامیان دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دابەزین تۆمار دەکەن.
میدیاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، لە شاری بانەی سەربە پارێزگای سنە، ھاووڵاتییەک بەناوی بێھزاد عەزیزی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی گوندی دەرگا شێخان لەکاتی گەڕانەوەی لە سنوری کێلێ، لە خاڵی پشکنینی کەریماوا لەلایەن ھێزەکانی سوپای پاسدارانە تەقەی لێکراوە و بە سەختی برینداربووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی بانە، بەھۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکەش ناڕەزایی خەڵکی شارەکەی لێکەوتووەتەوە و چەند کەسێک ھێرشیان کردووەتەسەر بازگای کەریماوا و بازگەکەیان سوتاندووە.
رۆژی ٢١ی ئاداری ٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و ڕاپۆرتەکە لەچەند بەشێکیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان دەکات و تیایدا رەخنە لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەگرێت.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە ھەرێم ئەوپەڕی ئازادی بیروڕا و ئازادی راگەیاندن ھەیە، بەڵام راپۆرتی ئەمریکا پشت بەچەند سەرچاوەیەکی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت کە ھەڵوێستەکانیان سیاسین.
سەبارەت بە کەیسی زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینانیش دەڵێت، ئەو کەیسانە پەیوەندییان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەبووە.
راشیگەیاندووە، زانیارییان پێشکەش بە کونسوڵگەری ئەمریکا لە ھەولێر کردووە، بەڵام دیارە بەمەبەست ئاماژەیان پێنەکراوە و وەکو پێویست پشتیان بە زانیارییەکانی حکومەتی ھەرێم نەبەستووە.
دەقی روونکردنەوەکە:
لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.
١- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند ھۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێمی کوردستان.
٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم ڕۆژی ١٤ ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنھا بۆ مووچە ھاتووەو بۆ ھیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.
٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت ھیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەھاتووە.
٤- بەھۆی دابەزینی داھاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنھا ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتھێنانەشی دروست بووە لە داھاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، ھەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.
نەقیب ئامانج، بەرپرسی تیمی غەواسی خەبات بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٣ی دوای نیوەرۆ، دوای ئاگادارکردنەوەمان لە بونی روداوێکی خنکان، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە.
قوربانییەکە کچێکی تەمەن ٨ ساڵانە بەناوی سۆنیا ئەمجەد عارەب، لەکاتی کارکردنی لەگەڵ باوکی لە کێڵگەکەیان لە گوندی وەردەکی سنوری دەشتی نەینەوا، لەگەڵ خوشکێکی بچوکتری دەکەونە ناو ئاوی زێی گەورە و خوشکە بچوکەکەی رزگار دەکرێت و خۆشی دەخنکێت.
بە وتەی نەقیب ئامانج، بەرپرسی تیمی غەواسی خەبات، تائیستا تەرمی کچە هەشت ساڵانەکە نەدۆزراوەتەوە و گەران بەردەوامە بەشوێنیدا.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا، ئاگاداری خاوەن موەلیدە ئەھلییەکانی ناوشاری سلێمانی دەکات، لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە لە سەعات ١ی پاشنیوەڕۆ تا سەعات ٩ی بەیانی رۆژی دواتر کارەبا بدەن بە ھاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گۆڕانکارییەی لە کارەبای موەلیدە ئەھلییەکاندا کراوە لەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت.