سەرچاوەیەکی رەسمیی ئیماراتی وەڵامی راپۆرتێکی رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی دایەوە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو ئەبو زەبی پێش حەوتی تشرینی یەکەم هۆشداریی دابووە ئیسرائیل لەبارەی هێرشێکی نزیکی بزووتنەوەی حەماس.
سەرچاوە ئیماراتییەکە لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی "زە ناشناڵ"دا روونی کردەوە کە وڵاتەکەی بابەتی ئەمنی لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەگەڵ وڵاتانی تر تاوتوێ دەکات، نەک لەسەر ئاستی سەرکردەی وڵاتان.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی لێدوان لەسەر ڕاپۆرت و گومانکارییەکانی ڕاگەیاندنەکان لەبارەی گفتوگۆی سەرکردەکان نادات.
ئەم وەڵامەی ئیمارات دوای ئەوە هات کە "هارتس" ئیدعای کردبوو محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات پێش وادەی هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەم، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە رودانی هەنگاوێکی گەورەی حەماس و یەحیا سنوار ئاگادار کردووەتەوە؛ لە بەرانبەردا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی بەتەواوەتی ڕەت کردەوە.