چەند بڕیارێک لەبارەی ئەنجامی بەرایی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا بڵاودەکرێتەوە
کوردسات نیوز
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەو پێشکەشکارانەی لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون، بەڵام بەھۆی نەمانی کورسی خوێندنەوە وەرنەگیراون، کورسی خوێندنیان بۆ دەستەبەردەکرێت، ئەگەر زانکۆکەش نەتوانێت بەو میکانیزمانە خوێندکار وەربگرێت، ئەوا خوێندکارەکە بە وەرگیراو ھەژماردەکرێت، بەڵام دەستپێکی خوێندنەکەی دەکەوێتە خولی داھاتوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر کورسی بەشەکان بەھۆی دەرنەچوونی خوێندکارانەوە پڕنەبوونەوە، ئەوا کورسیەکانیان پڕدەکرێتەوە بە رەچاوکردنی ڕیزبەندی نمرەی توانستی زانستی پێشکەشکاران.
بەپێی بڕیارەکان، کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی نمرەکەیان لە (١٠) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو ھەژمار دەکرێن، ھەروەھا کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە رێژەی ٪٧٠ داشکاندنیان بۆ دەرکرێت و کورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلان بۆ تەرخان دەکرێت.، بە مەرجێک نمرەی توانستی زانستی بەدەستھاتوو لە ١٠ کەمتر نەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریشیداوە بە تەرخانکردنی کورسی خوێندن بۆ ناوچە دابڕیندراوەکانی ھەرێمی کوردستان بەھەمان پێوەر، بڕیاریشدا، ئامادەکاری بکرێت بۆ خولێکی دیکە خوێندنی باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان ڕاسپێردراون لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە پلانی نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتی بنێرن.