حسێن عەلاوی راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی پرسی نەوت رێکاری تەکنیکی بە ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا ھەیە و بەمنزیکانە دۆسیەی نەوتی نێوان عێراق-تورکیا بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە چارەسەردەکرێت، بە تایبەت کە بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغداد بکات و ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ بکات.
رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، دوای سکاڵایەکی حکومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی، بڕیاری راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لە رێگەی تورکیاوەدا.
وەزارەتی پەروەردەی ھەریمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێویست ناکات چیتر ھاووڵاتیان سەردانی دیوانی وەزارەت بکەین بۆ بەدواداچوونی مامەڵەکانیان، چونکە ئیمزای نوسراوەکان و نوسینی پەراوێزەکانیش کراونەتە ئەلیکترۆنی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تەنھا لە رێگای ئەم لینکەوە دەتوانیت (ژمارەی نووسراو) و(ژمارەی مۆبایل)بنووسیت، بزانیت نووسراوەکەت بەکوێی گەیشتووە لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە.
http://followup.moe.gov.krd/dms1
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی سنوری باشماخ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی بوونی کێشە لە کاروبارەکانی یاسایی و بیمە لە ئێران، ھاووڵاتیان ناتوانن لە ٢٥ی٧ تا ٣٠ی٧ بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی ئەو وڵاتە بکەن. بەڵام گەشتکردن بەبێ ئۆتۆمبێل ئاساییە.
ھەروەھا دەروازەی حاجی ئۆمەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە لایەن دەروازەی تەمەرچینی ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە بە ھۆی چەند گرفتێکی تەکنیکی تا کاتێکی نادیار ھیچ ھاوڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان و عیراق ناتوانێ بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی سەردانی ئێران بکات. بەڵام سەردانیکردن بە بێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی ئاساییە.
دڵشاد شەھاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێم وەفدێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پێکھێنراوە و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە بیروڕای لایەنەکانی بە مەبەستی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە.
وتیشی، لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن سەرخستنی ھەڵبژاردن نیشانداوە و وەفدەکەش سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکات و دوای کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
د. مەجید حمدامین ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سێی ھەولێر، بەئامادەبونی جێگرو کارگێڕانی مەڵبەند، لەمەڕاسیمێکدا سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە راھێنەر رەعد عەبدوڵا و یاریزان بانوو تەھا کرد، لەبەرامبەر ئاستبەرزی لەبواری وەرزشی (گۆڕەپان و مەیدان) .
ھاوکات لێپرسراوی مەڵبەندی سێی ھەولێر، ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ھەردوو یاریزان خواست.
بەھمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ دینار و موحەسەن لە ١٠٥٠ بۆ ١٠٧٥ دینار و بەنزینی سوپەریش لە ١٢٠٠ دینار بۆ ١٢٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی غازی شل (ئێڵ پی جی)ی دابەزیووە و بووە بە ٤٢٥ دینار.
وتیشی، ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەنزین بۆ زیادبوونی خواست و کەمی خستنەڕو دەگەڕێتەوە، چونکە پشکی پێویستی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێم و عێراقیش ناگاتە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان.
راشیگەیاند، ھۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی ھەیە بە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، بەھۆی ئەوەی سوتەمەنی بازرگانی لە دەرەوە ھاوردەدەکرێت و بازرگانەکانیش بە دۆلار دەیکڕن، بۆیەش ناچارن بە نرخێکی گرانتر بیخەنەبازارەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەئێستادا وەفدی ھەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی بۆ بەغداد، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی خاڵەناکۆکەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.
وتیشی، پارەی کۆمپانیاکانی نەوت و داھاتی ناوخۆ خاڵی ناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدادە، کە بەپێی دەستور ٥٠%ی داھاتی ناوخۆی ھەرێم بۆ عێراقە و ٥٠%یش بۆ ھەرێمی کوردستانە، بەڵام لەئێستادا عێراق داوای ١٠٠%ی داھاتی ناوخۆ و خاڵەسنورییەکانی ھەرێم دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیاربوو، یەکشەممەی رابردوو وەفدی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکاتەوە، بۆ رادەستکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران، بەپێی یاسایی بودجە، بەڵام سەردانی وەفدی ھەرێم بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە (وەکالەت) لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەمەد مەولوود یاکوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان باسی لە ئاسانکاریی و ھاوکاریی وەزارەتەکەی بۆ کۆمپانیاکانی تورکیا کرد.
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق پەیوەست بە ھەناردەی نەوتی کوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوەکردووە، گفتوگۆکان بەردەوامن و بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باشیان بەخۆوە بینیوە.
چوار مانگ بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تێپەڕدەبێت بەڵام بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد لەلایەک و عێراق و تورکیا لەلایەکی دیکەوە، تائێستا ھەناردەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە.
دەروازەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە لایەن دەروازەی تەمەرچینی ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە بە ھۆی چەند گرفتێکی تەکنیکی لە کاتی ئێستا دا و لە ئەمڕۆ وە تا کاتێکی نادیار ھیچ ھاوڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان و عیراق ناتوانێ بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی سەردانی ئێران بکات.
دەشڵێت بەڵام ھاوڵاتییان بە بێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری دەتوانن گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.
ماڵپەڕی وێبۆمەتریکس بڵاوکردەوە زانکۆی کۆیە ھەنگاوێکی بەرچاوی لە ژمارەی سایتەشنەکانی لە گووگڵ سکۆلار زیادیکردووە و بە پێی دوواین ریزبەندی مانگی تەمووزی ساڵی٢٠٢٣ ژمارەی سایتەشنەکانی زانکۆی کۆیە گەیشتووەتە ٩٤٥٧ سایتەیشن، ئەمەش بە بەراوورد لەگەڵ ریزبەندی مانگی کانوونی دووەمی ھەمان ساڵ کە ژمارەی سایتەیشنەکان ٥٥٣٩ سایتەیشن بوو، زانکۆی کۆیە نزیکەی چوار ھەزار سایتەشنی زیادکردووە.
ھاوکات ژمارەی سایتەیشنەکانی ئێستا بە بەراوورد لەگەڵ ژمارەی سایتەیشنەکانی وەشانی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ کە ٤٥٤٦ سایتەیشن بوو، نزیکەی پێنج ھەزار سایتەیشن زیادی کردووە.
فەرمانگەی یاسایی سەربە دەستەی دەستپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دادگای تاوانەکانی کەرکوک بەغیابی حوکمی زیندانیکردنی ١٠ ساڵی بۆ بەرێوەبەری پێشووی پلاندانان و چاودێریکردن لە دیوانی پارێزگای کەرکوک دەرکردووە، لە سەر دۆسیەی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی کە برەکەی زیاتر لە سێ ملیار دینارە.
دەشڵێت، ناوبراو ساڵی ٢٠١٥ بریارێکی کارگێڕی تایبەتی دەرکردوە، بۆ جێبەجێکردنی خەندەقێکی ئەمنی بۆ شاری کەرکوک و تاوەر و گەیاندنی تۆڕی کارەبا و چەند پرۆژەیەکی تر بەبێ ئەوەی رێنمایی بۆ گرێبەستی حکومی بۆ بکرێت، بەڵکو راستەوخۆ ئاراستەی کۆمپانیاکانی کردوە و رەزامەندی وەزارەتی پلاندانانی وەرنەگرتووە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و سەلامەتی گیانی ھاووڵاتیان، ١٠٠ کەس وەک فەرمانبەری گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە دادەمەزرێنرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەروەھا ٣٠ کەس وەک فەرمانبەری گرێبەست لە نەخۆشخانەی بیارە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە، دادەمەزرێنرێن.
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول عەلی ....
بەڕێزان: خانەوادەو کەسوکاری دکتۆر یادگار رەئووف حشمت
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی پزیشکی دیارو ناسراو، تێکۆشەری دێرین و وەزیری پێشووتری تەندروستی ھەرێمی کوردستان (دکتۆر یادگار رەئووف حشمت)م بیست، دڵگران و خەمباری کردم.
دکتۆر یادگار کەسایەتییەکی دیارو ناسراو بوو، پزیشکێکی ناسراو و خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانیی بوو، وەزیرێکی چالاک و دڵسۆز بوو، ژیان و تەمەنی خۆی تەرخانکرد بۆ خزمەتی گەلەکەی، بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەم تێکۆشەرو پزیشکە دڵسۆزە، دڵگران و خەمبارم بۆ لەدەستدانی، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆم ئاراستەی ھەموو لایەک دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددەھۆشبەرەکان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددەھۆشبەرەکان، دوای دەستکەوتنی زانیاری ورد، وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ٢٠٢٣/٧/۲۳ توانیان سێ کەس دەستگیربکەن کە کاری کڕین و فرۆشتن بەماددەی ھۆشبەر دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تۆمەتبارەکان لەکاتی دەستگیرکردنیاندا بڕی زیاتر لە نیو کیلۆ لەماددەی کریستاڵ و ماریجوانایان پێگیراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ھەر سێ تۆمەتبار کراوەتەوە و رووبەروی یاسا دەکرێنەوە.
دەقی پەیامەکە...
بە ناوی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، بە خەم و پەژارەییەکی زۆرەوە سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمان دەردەبڕین بۆ کۆچی دوایی "ئان کلوید" پەرلەمانتاری پێشووی پارتی کرێکاران.
خاتوو ئان، بە بەردەوام باشترین ھاوڕێ و دۆستی کورد بووە، لە بەشێکی زۆری کاتە سەختەکاندا داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد کردووە لە عێراق، لە ھەمان کاتیشدا پشتگیری کورد و کوردوستان و مافی مرۆڤی کردووە بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی دڕندەی سەدام حسین.
ساڵانێکی زۆر کاری بۆ مافەکانی ژن و بەدەستھێنانی کردووە و ھاوڕێیەتیەکی بەھێزی لەگەل سەرۆک جەلال تاڵەبانی ھەبووە، لە ماوەی کارکردنیشیاندا بە بەردەوامی بیروڕاکانیان دەربارەی سیاسەت و ڕووداوەکان لە کوردستان و عێراق ھاوبەشی پێکردووە.
لە دەستدانی خاتوو ئان بۆ کورد و کوردستان دڵگرانییەکی گەورە و لەبیرنەکراوە، بۆ ھەمیشە لە ھزر و دڵماندا دەمێنێتەوە.
لەم کاتە سەختەدا، دلسۆزی و ھاوخەمی خۆمان دەردەبڕێن بەھیواین خوای گەورە بە بەھەشتی بەرینی شادبکات.
لەگەڵ دڵسۆزیمان
د. محەمەد سابیر ئیسماعیل
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
٢٥/٧/٢٠٢٣
دەقی پرسەنامەکە...
کۆچی دوایی د. یادگار رەئوف حیشمەت، وەزیری پێشووتری تەندروستیی حکومەتی ھەرێم و پزیشکی دێرین و دیاری کوردستان لە دڵەوە نیگەرانیکردم.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆم ئاڕاستەی کەسوکار و ھاوڕێیانی دەکەم و لەخوای گەورە داواکارم سەبووری بە ھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان