کوردستانکوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن دانا ئەحمەد مەجیدەوە پێشوازی لێکرا.
 
لە کۆبوونەوەیەکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی ئامادەیبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق خرانەبەر باس و دووپات لە تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان کرایەوە.
 
پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر کرایەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەناردەی نەوت لەڕێی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی زیادی كردووە.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە كۆمپانیای سۆمۆوە، بە كوردسات نیوزی راگەیاند، كۆی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك و هەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆدا دەگاتە نزیكەی 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، بڕی هەناردەكراوی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی نزیكەی 25 بۆ 30 هەزار بەرمیل زیادی كردووە.

بەپێی سەرچاوەكە، ئەو بڕە نەوتەی لەئێستادا لە كێڵگەكانی هەرێمەوە هەناردە دەكرێت، گەیشتووەتە 40 بۆ 45 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.

لەبارەی نۆژەنكردنەوەی بۆریی نەوتی كەركوك-توركیا، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی نەوتی عیراق لە هەوڵی نۆژەنكردنەوەی بۆریی نەوتی كەركوك-توركیایە كە بە هێڵی 46 ناسراوە و ئەوەشی خستەڕوو، کە بۆریی نەوتی كەركوك-بانیاسیش لەنێوان عیراق و سوریا، هێشتا كاری تێدا نەكراوە، هەرچەندە بۆرییەكە لە سنووری عیراقدا هیچ كێشەیەكی نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی مامۆستا عەلى باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی ئامادەیبوون، تاوتوێی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و گرنگیی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی دارستانی مێرگەپان هاووڵاتییەکی دەستگیرکردووە کە دوو بۆ سێ هەزار ماسی مردووی فڕێداوەتە چەمی تابین.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: دوای وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری، بەفەرمانی ئەفسەری بنکە مەفرەزەیەک لەکارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان دەرچوون بۆ چەمی تابین بەمەبەستی ئەوەی کە گوایە هاووڵاتیەک هەستاوە بەفڕێدانی ( ٢ بۆ ٣ ) هەزار ماسی مردووی حەوز بۆ ناو چەمەکە کە بۆتە هۆی پیس بوونی ئاوەکە.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: لەئەنجامدا لەگەڵ گەیشتنی مەفرەزەکە بینیان کەوا هەواڵەکە راستەو دەستبەجێ کەسی تۆمەتباریان دەستگیرکرد ، هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی .

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا، كەمترین موچەی خانەنشینیی كرێكارانی كەرتی تایبەت، نابێت لە 500 هەزار دینار كەمتربێت.

مەریوان بەگۆك عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای پێشكەشكردنی ئەو راپۆرتەی كە لەلایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بە ئەنجومەنی وەزیران كرا بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشینیی كرێكارانی كەرتی تایبەت بە كۆی دەنگ لە لایەن ئەنجومەنەكە پەسەندكرا، وتیشی بە پێی بریارەكە دەبێت موچەی خانەنشینی كرێكاری كەرتی تایبەت لە 500 هەزار كەمتر نەبێت.

بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە لە هەرێم كاری پێدەكرێت، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان لە 20 ساڵی خزمەت و 60 ساڵ تەمەندا، بۆ ئافرەتانیش لە 20 ساڵی خزمەت و 55 ساڵ تەمەندا دیاریكراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی وتیشی، زیاتر لە هەزار كەس موچەی خانەنشینیی كرێكاریی وەردەگرن و ژمارەی ئەو كرێكارانەیش كە دەستبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە گەیشتووەتە زیاتر لە 303 هەزار كەس.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات کە لە بەرانبەرن گۆڕینی بوتڵی غازی کۆن بۆ نوێ، هیچ بڕە پارەیەک نەدەنە بریکارەکانی غاز.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بریکارەکانی غازیش ئاگادار دەکەنەوە کە لە بەرانبەر گۆڕینی بوتڵی غازی کۆن بە نوێ، هیچ بڕە پارەیەک لە هاووڵاتیان وەرنەگرن، بەپێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

ئاماژە بەوەش کراوە، هاووڵاتیان دەتوانن لە کاتی هەبوونی هەر سەرپێچی و سکاڵایەک تایبەت بە بریکارەکانی غاز دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفۆنی (07716963939) سکاڵای لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی  لیژنەی غاز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو هەزار و 700 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان  و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر راگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە چالاكییەكدا كە بە بۆنەی رۆژی جیهانی روبەروبونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر رێكخرابوو رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان هیچ دەرفەتێك نییە بۆ دەربازبونی بەكارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە لێكۆڵینەوە و سزا .

ئاشكراشیكرد، بەپێی ئامارەكان لە هەرێم نزیكەی دوو هەزار بەكارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر سزا دراون و لە گرتوخانەكاندان و زیاتر لە دوو هەزار و 700 كەسیش بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر راگیراون و لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت .



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات بۆ تاووتوێکردنی دوو دۆسیەی سەرەکی کە پەیوەستن بە سیستمی گومرگی و شایستەی دارایی کرێکاران.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) تاووتوێ کرا، کە هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا واژۆ کرابوو.

هاوکات لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنەکە پرسی چاکسازی لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران و میکانیزمی دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت خستە بەرباس.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (23/6/2026) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی ئەمەل جەلال، سەرۆکی پێشووی دەستەی گەشتوگوزاری کرد کە خاوەنی دیدگا و رۆئیایەکی روون بووە و لەماوەی ئەرکەکەیدا هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم. پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیشی لە ژوان سابیر، سەرۆکی نوێی دەستەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک دەبڕی بۆ گەشەپێدانی زیاتری کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم کرا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە هەرێم دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە و رایگەیاند: لە چوارچێوەی سیاسەتی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، حکومەتی هەرێم ئامانجییەتی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، کەرتی گەشتوگوزار ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات.

جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد میکانیزمێکی گونجاو دابنرێت بۆ ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و دەستەی گەشوگوزار و کەرتی تایبەت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە و هانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی گەشتوگوزاردا و کارئاسانی تەواویان پێشکەش بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سارا مەولود ناوی ئەو ژنەی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ئاوی کونەماسیدا خنکا و تیمەکانی بەرگری شارستانی و غەواسی دوکان توانیان تەرمەکەی بدۆزنەوە. 

ئەندامێکی تیمی غەواسی دوکانیش لەبارەی روداوەکەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سارا مەولود زانیویەتی مەلە بکات و لە کاتی رزگارکردنی کەسێکی دیکەدا، توانیویەتی کەسەکە بەسەرکەوتوویی رزگار بکات بەڵام خۆی نەیتوانیوە بگەڕێتەوە دەرەوەی ئاوەکە و خنکاوە.

ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، تیمەکانیان و تیمی غەواسی دوکان دوای بیستنی هەواڵەکە گەشتنە شوێنی روداوەکە و دوای کەمێک گەڕان، تەرمی ژنەکەیان دۆزیوەتەوە کە خۆی سەرئاو کەوتبوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی  روسیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (23/6/2026) بە ئامادەبوونی ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، هەردوولا هیوایان خواست لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرەنجامێکی دڵخوازی بۆ هەردوولا و ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، جەختی کردەوە قۆناغێکی نوێ لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد لەم قۆناغەدا هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ گەشەپێدانی ئابووری عیراق و باشترکردنی رەوشی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، لەم قۆناغەدا عیراق هەنگاوی باشی ناوە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی و پێویستە هەموو لایەنەکان پشتگیری ئەم حکومەتە نوێیە بکەن بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت عیراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەممەد به‌هائه‌دین، ئەمیندارى گشتیی یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانی کرد و سەرەخۆشی لێکرد بەهۆی کۆچی دوایی براکەیەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی ئامادەیبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێ کران.

سەرۆک بافڵ پێزانینی بۆ رۆڵی کاریگەری مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەممەد به‌هائه‌دین هەبوو لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و هەردوولا لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هاوڕابوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی سەردانی عومەری سەید عەلی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوەی لە دەستی هات دڵسۆزانە و ئازایانە پێشکەشی کرد.

قوباد تاڵەبانی، رایگەیاندووە: زۆر خۆشحاڵ بووم لە بەسەرکردنەوەی کاک عومەری سەید عەلی، هیوای لەشساغی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازم، رێزگرتن لە سەرکردە و تێکۆشەرە دێرینەکانمان ئەرکی سەرشانمانە.

ئاماژەی بەوەشداوە: سەرکردە و تێکۆشەری دێرینی یەکێتی و رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، سیاسییەکی دەستپاک، دڵسۆز و خاوەن ئەزموون. بە گەنجێتی و لە رۆژە سەختەکاندا درێخی نەکرد لە قوربانیدان بۆ گەلەکەی و ئەوەی لە دەستی هات دڵسۆزانە و ئازایانە پێشکەشی کرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی تۆماركردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من، نوسراوێكی ئاراستەی هەموو فەرمانگە و وەزارەتەكان كردووە و تیایدا هاتووە، لە دواین كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەفدی هەرێم و حكومەتی عیراق، بڕیاردراوە بە دانانی دوا مۆڵەت بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی تۆماركردنی سەرجەم سودمەندانی هەرێم لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەپێ بڕیاری حكومەتی عیراق، هەر فەرمانبەرێك تا 31ی ئابی ئەمساڵ خۆی تۆمار نەكردبێت و كارتی بانكییەكەی وەرنەگرتبێتەوە، شایستەی درایی و موچەكەی لەلایەن بەغدادەوە رادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، دروستكردنی كارتی بانكی لە كاتی خۆتۆماركردنەوە نزیكەی مانگێك دەخایەنێت، لەبەر ئەوە دەبێت رێكاری پێویست و بە پەلە بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون كە تەواوی سودمەندان خۆیان تۆماركردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی هاتوچۆدا لە رانیە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی تریش برینداربوون.

نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی تریش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سەختە و رەوشی تەندروستی ناجێگیرە.

خالید ئەحمەد پەیامنێری کوردسات نیوز لە شوێنی روداوەکەوە رایگەیاند، لە سەعات 10 ئەم بەیانییە ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای دەربەند – قوڕەگۆ کە شەش سەرنشینی تێدابووە، توشی روداوی هاتوچۆی لە جۆری وەڕگەڕان بووە.

وتیشی، تیمەکانی هاتوچۆ لە شوێنی روداوەکەن و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە.

لەلای خۆشیەوە، عەلی عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی ئیدارەی راپەڕین، ئۆتۆمبێلەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە، دایکێک و دوو منداڵن و یەکێکی تریش باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات، لە سبەینێوە شەپۆلێکی خۆڵبارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ کەشوهەوا بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەک تا سێ پلە بەرز دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت، بەڵام خێرایی با چالاک دەبێت و دەگاتە زیاتر لە 25 کم لە سەعاتێکدا، هەروەها شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین.

کەشناسی هەرێم تێبینییەکی گرنگی بۆ هاووڵاتیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە سبەینێوە پلەکانی گەرما بە ڕێژەیەکی بەرچاو و بە چوار تا شەش   پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

کەشناسی دڵنیایی دەدات، ئەم دابەزین و جێگیربوونەی پلەکانی گەرما بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان لە ژێر یان نزیکەی 40 پلەی سیلیزیدا دەبێت، هاوکات دووپاتیشی دەکاتەوە کە لەم ماوەیەدا هیچ شەپۆلێکی گەرما روو لە هەرێمی کوردستان ناکات.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 38 پلەی سیلیزی

پیرمام: 36 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:39 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 39 پلەی سیلیزی

دهۆک: 37 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:38 پلەی سیلیزی

گەرمیان:40 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:24 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3233343536...991