پۆلیسی دارستان لەسەر کاری گەزۆ رێنمایی دەداتە گوندنشینان و هاووڵاتیان
بڵند
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاندوە، دەبێت گوندنشینان لەکاتی گەزۆکردندا هۆشیاربن و گەڵاکان لە بنی دارەکاندا جێنەهێڵن، چونکە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و سوتانی دارەکان.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، لە سنوری ناحیەی ناڵپارێزی سەربە قەزای پێنجوێن، مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بە سەرپەرشتی ئەفسەری بنکەکەیان، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیان بۆ پێدانی رێنمایی بە گوندنشینان و ئەو هاوڵاتیانە ئەنجامدا کە کاری کۆکردنەوەی گەزۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات، کە بەهۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی گەزۆوە، رێژەیەکی زۆر لە گەڵا، چیلکە و پاشماوە لە بن درەختەکان جێدەمێنێت، کە دوای رەقبوون و ووشکبوونیان دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پاوانەکانی ناوچەکەدا.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە بە تەواوی پابەندی رێنماییە ژینگەیییەکان بن و لە دوای تەواوبوونی کارەکانیان، هیچ جۆرە پاشماوەیەک لە بن درەختەکاندا بەجێ نەهێڵن، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سامانی سروشتی ناوچەکە لە سووتان.



