وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای مانگێک لە گفتوگۆی چڕ، پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ بودجەی فیدراڵی 2027 کۆتایی هات و پڕۆژەکە بە شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەم پڕۆژەیەدا سەرجەم شایستە داراییەکان جێگیر کراون، لەوانە: دابینکردنی تەواوی موچە، هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان و پێشمەرگە، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و پزیشکان، لەگەڵ دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

وەزارەتی دارایی جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەمە بنەمایەکە بۆ چارەسەری ریشەیی کێشە داراییەکان و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم بکەن.

هاوکات، داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات لە پەرلەمانی عیراق یەکدەنگ بن بۆ داکۆکیکردن لەم مافانە و جێگیرکردنیان لە یاسای بودجەدا.