بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی گەرمیان وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزینی بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دیاریکرد
محەمەد رزگار
١٩ی ئابی ٢٠٢٦
لە گەرمیان بڕیارێکی نوێ لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین بەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا دەرکراو شوێن و کاتی وەرگرتنی بەنزینیان بۆ دیاریکرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان ، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی شۆفێران و بۆ رێگریکردن لە دووبارە وەرگرتنەوەی بەنزین لە یەک رۆژدا لەلایەن بەشێک لە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانەوە، لە رۆژی پێنجشەممەوە ئۆتۆمبێلە بێتابلۆ و تابلۆ کاتییەکان تەنها لە وێستگە و کاتە دیاریکراوەکاندا دەتوانن بەنزین وەربگرن؛ بە شێوازێک لە کەلار لە (وێستگەی مرواری - گردەگۆزینە) تەنها رۆژانی یەکشەممە و پێنجشەممە، لە رزگاری لە (وێستگەی دەروو) تەنها رۆژانی سێشەممە، و لە کفریش لە (وێستگەی میر) تەنها رۆژانی چوارشەممە بەنزینیان پێ دەدرێت.
نەوت و کانزاکانی گەرمیان جەختیشی کردووەتەوە، لە کات و وێستگە دیاریکراوەکاندا هیچ ئۆتۆمبێلێکی تابلۆدار بەنزینی پێ نادرێت و لە مەودوا پرۆسەی پێدانی بەنزین بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە رێگەی تۆمارکردنی (ژمارەی شاسی) دەبێت لە سیستمدا، بە جۆرێک هەر شۆفێرێک لە ماوەی حەوت رۆژدا تەنها یەک جار دەتوانێت بەنزین وەربگرێت.



