وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە هەردوو باڵیۆزی وڵاتی نەمسا و سویسرا کرد
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
باڵیۆزی نەمسا و باڵیۆزی سویسرا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان بە دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی لەقەڵەمداوە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە: ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی 9ـی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پێشوازی کرد لە ئاکسێل وێچ، باڵیۆزی نەمسا و پیتەر نیڵسون، باڵیۆزی سویسرا لە عیراق، لەگەڵ وەفدی سەربازیی یاوەریان.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەردوو باڵیۆز کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان وەک باڵیۆزی نوێی وڵاتی نەمسا و سویسرا لە عیراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکە نوێیەکەیاندا، هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە کرا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرایەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشداوە، هەردوو باڵیۆز پیرۆزباییان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد بە بۆنەی پرۆسەی یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە دەستکەوتێکی گرنگ و مێژووییان لەقەڵەمدا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەروەها ڕۆڵی باڵا و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.



