وەزیری کشتوکاڵ: پاڵپشتیی تەواوی جووتیارانی هەرێم دەکەم
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ژمارەیەک جوتیاری ناحیەی قوشتەپە سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمیان کردووە و بێگەرد تاڵەبانیش دەڵێت، "هەمیشە پاڵپشتیی تەواوی جووتیارانی هەرێم دەکەم".
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ پێشوازی لە ژمارەیەک لە جوتیارانی بەرهەمهێنی کەلەرم و لەهانەی دەشتی هەولێر (ناحیەی قوشتەپە) کردووە، لە نزیکەوە گوێ لە کێشە و داواکارییە رەواکانی جووتیاران گیراوە، لەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی و چۆنیەتی ساغکردنەوەی لە بازاڕەکاندا.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاندووە: هەمیشە پاڵپشتیی تەواوی جووتیارانی هەرێم دەکەم، هەروەها بڕیاردراوە بە ئاراستە کردنی نوسراوی رەسمی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رۆژژمێری کشتوکاڵی و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیدا، بە ئامانجی پاراستن و رەخساندنی بازاڕی گونجاو بۆ بەرهەمی جووتیارانی خۆماڵی.



