کوردستان

بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم رۆژی چوارشەممە ١٣ی ئەیلول دەستپێکی دەوامە لە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام بەھۆی دابەشنەکردنی موچەوە بەشێک لە مامۆستایان ھەڕەشەی بایکۆتی دەوام دەکەن و بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەگەر ھەیە لە بەشێک لە پەروەردەکانی دھۆک و گەرمیان و شارباژێڕ ھیچ رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ لێدانی زەنگی خوێندن بەڕێوەنەچێت.

لای خۆیەوە، ئەنجومەنی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، دواکەوتنی مووچە بووەتە گرفتی بەردەم پڕۆسەی خوێندن، پشتیوانی ھەموو داخوازییەکانی مامۆستایان دەکەن و ھەموو رێکارێکی مەدەنی بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکان دەگرنەبەر.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، دابەشکردنی مووچە دەبێتە دەستپێکی دەوامکردن بەشێوەیەکی گشتی لای مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە دەگەیەنێتە سەر رێچکەی دروستی خۆی.

پێشتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێم رایگەیاندبوو، ١٣ی ئەیلول زەنگی ساڵی نویێ خوێندن لێدەدرێت، ١٧ی مانگیش دەستدەکرێت بە خوێندن لەناو خوێندنگاکاندا و بە ھیچ جۆرێک پڕۆسەی خوێندن دوا ناکەوێت.

ھاوکات بڕیارە سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە دواناوەندی تێکەڵاوی گوندی کۆری لە ھەولێر لێ بدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە حەوت بڕگە پێکھاتووە و سەعات یەکی دوانیوەڕۆ دەستپێدەکات، لە بڕگەی دووەمیشیدا، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دەخرێتە دەنگدانەوە، کە لە چوار ماددە پێکھاتووە و بە پەسەندکردنی ھەڵەبجە دەبێتە ١٩ھەمین پارێزگای عێراق.

لە بڕگەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرۆژەیاسایەکی دیکەش دەخرێنە دەنگدانەوە، لەوانە پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی بیمەی بەرپرسیارێکی کەسی فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی حکومەت و پرۆژەیاسای ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافیای عێراق، ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەریەک لە پرۆژە یاساکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگە ئاسمانییەوە لەنێوان عێراق و روسیا و پەیماننامەی ھاوبەشی نێوان عێراق و فەڕەنسا دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، خێزانی رۆژنامەنوس گوھدار زێباری لە ھەولێر سکاڵایی یاساییان لە دەستەی سەربەخوی مافی مروڤ تۆمارکرد، لەبەر ئەوەی دوای ٢٧ رۆژ لە تەواکردنی سزاکەی، جارێکی تر لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە دۆسیەیەکی تری لەسەر کراوەتەوە.

وتیشی، گوھدار زێباری ١٦ی ئابی ئەمساڵ سزای یاسایی تەواوکرد، لە چاکسازی گەورانی ھەولێرەوە گواسترایەوە بۆ ئاسایشی گشتی، دوای ئەوەش دووجار براوەتە دادگا، بەڵام تائێستا ھیچ وادەیەک بۆ رۆژی دادگایی دیارینەکراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جارێکی تر شەش رۆژە مانی لە خواردن گرتوە، تا ئەو کاتەی دۆسیەکەی لە دادگا یەکلایی دەکرێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەو بارەیەوە ساتع ناسح نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا بە کوردسات نوزی وت: بڕیارەکەی ئەمڕۆ  دوای سەردانەکەی ھادی عامری دێت، کە بەڵێنی بە جوتیارانی کورد و تورکماندا، ھەنگاو ھەنگاو بڕیارەکانی تەعریب ھەڵبوەشێننەوە و مقاتعەکان بگەڕێننەوە بۆ خاوەنە شەرعیەکانی خۆیان، کە بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکور (شون شیمال) لێیان داگیر کرابوو، ئێستا چاوەڕێ دەکرێت دوایی گوندی بڵاوە مقاتعەکانی تۆپزاوا و سەرگەڕان و ناوچەکانی دیکەی کەرکوک ھەڵبوەشێندرێنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٢ بەبڕیاری نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بڕیاردرا بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکور ھەڵبوەشێندرێتەوە کە تایبەتە بە تەعریبی زەوی کورد و تورکمان و پێدانی بە عەرەبە ھاوردەکان بەشێوەی گرێبەست، ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە.

جیاواز لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش، کە ھێزی یاساییان ھەیە و دەبێت لە ڕێی یاساوە ھەڵبوەشێندرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال:

هەڤاڵ و برای بەڕێزم کاک فەرید ئەسەسەرد

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵى کۆچی دوایی (عایشە عەلی) دایکی ئازیزتانم بیست.

کۆچی دوایی دایکە عائیشە جێی داخە بۆ هەمووان بەتایبەت کە ژنێکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و پشتیوانی شۆڕش بووە و لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەر بووە کە نەوەکانی بەرۆحیەتی نیشتمانپەروەری و تێکۆشان جۆش داوە.
   
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی بەڕێزتان و کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەتانم. 

خواى گەورە لەکۆچکردوو (عائشە عەلی) خۆش بێت و جێگاى بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت. 

انا لله و انا الیه راجعون 

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

بەڕێز کاک فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (عائیشە عەلی) دایکی بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو کوردستان.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت.

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین، راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، دوای ئەوەی رۆژی حەوتی ئەم مانگە لە قەڵادزێ سێ کەس لە یەککات و شوێندا کوژران، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن ناسنامەی تۆمەتبارەکەیان ئاشکراکرد.

ئاماژەیان بەوەشکرد، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە، دوای "تاوانەکەی" بۆ دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین ھەڵاتووە، بەڵام ھێزەکانیان لە ماڵێکدا لە ناحیەی کۆڕێ لە سنووری قەزای شەقڵاوە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤، پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی سنوری قەزای پشدەرە.

دەشڵێن، چاوەڕوانی رادەستکردنەوەی تۆمەتبارەکەن بە ھێزەکانی پۆلیسی راپەڕین، ئەوەش بەھۆی تایبەتمەندیی شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی ئەو کەسە لە  دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد,وە، دوور و نزیک ئەو کردەوەی ڕۆژی یەکی ئەیلول لە ھەولێر ئەنجامدراوە، ھیچ پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە و کەسی ناوبراویش ھیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و نەناسراوە.

راشیگەیاند، تەڤگەری ئازادی ھێزێکی رەسمی مۆڵەت پێدراوە لە ئاستی عێراقدا و لە چوارچێوەی یاسادا کار و خەباتی سیاسی و مەدەنی ئەنجام دەدات.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، تەقینەوەکەی یەکی ئەیلول کردەوەیەکی تیرۆریستیی بووە و لە لایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە کە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، بەشێک لە ھێزە سەربازییەکانی عێراق کە لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک جێگیرکرابوون، گەڕەکەکانیان بەجێھێشتووە.

وتیشی، ھەریەکە لە ھێزەکانی فیرقەی ١١ی سوپا و فیرقەی سێی پۆلیسی فیدڕاڵی، بەشێوەیەکی خێرا و لەناکاو کشاونەتەوە.

راشیگەیاند، بڕیاروایە ئەمڕۆ وەفدێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ھەفتەی رابردووی کەرکوک، سەردانی ئەو شارە بکات، بۆیە پێدەچێت کشانەوەی لەناکاوی ھێزە ئەمنییەکانیش پەیوەندیی بەو سەردانەوە ھەبێت.

رۆژی دووی ئەم مانگە لە کەرکوک خۆپیشاندان دژی داخستنی رێگەی کەرکوک-ھەولێر بەڕێوەچوو، بەھۆی دروستبوونی گرژییەوە چوار ھاووڵاتیی کورد شەھید بوون و ١٤ کەسیش بریندار بوون و ھێزی ئەمنیی لە چەندین گەڕەکی کوردنیشین جێگیرکران، ئەوەش نیگەرانی ھاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارۆخ عەبدوڵا گوڵاوی نوێنەری گشتی وانەبێژانی ناڕازی لە ھەرێم رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە ١٣ی٩ی٢٠٢٣ دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی حکومەتی ھەرێم ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نابێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان، سەرەڕای ئەمەش وا ھەنگاو دەنێن بۆ مانگی ١٠ ھیشتا مامۆستایان شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە.

ئاشکراشیکرد، بەکۆی دەنگی سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم پەروەردەکان بڕیاریاندا ھەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣_٢٠٢٤ بکەین نەچینەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بەکردار و بە نوسراوی رەسمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات ، لەھەمان ڕۆژیش خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجامدەدەن.

نوێنەری گشتی وانەبێژانی ناڕازی لە ھەرێم دەڵێت، لەساڵی ٢٠١٤ حکومەتی ھەرێم بەبیانوی جۆراوجۆر ستەم لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکات و وەڵامی داواکاریە رەواکانیان ناداتەوە کە بریتیە لە دامەزراندن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد کازم ئالسادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداد تاوتوێکران.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەکردووەتەوە، ھەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە، ھەروەھا دڵنیاییدا ھەرگیز رێگەنادەن ھیچ ھەڕەشەیەکی ئەمنی لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆسەر دروستببێت.

ھاوکات باڵیۆزی ئێران لە عێراق، جەختی لە بایەخ و گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە رایگەیاند،"٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی ھیچ بابەتێکی دیکە بکات، دەبوو وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستا مووچەی مانگی ئەیلوول  وەردەگرن، مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش مووچەکانیان وەرگرتایە نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە".

لەبارەی ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، ھەروەھا نەشیانوتوە بۆ ئەو چەند مانگە ھەقی ھەرێمی کوردستان چەند بووە".

راشیگەیاند، لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھاووڵاتییان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داھاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵی، ھیواخوازن بە ھەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەدرێن و ورووژاندنی ھەر پرسیارێکی دیکەش کات کوشتنە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازارەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان، بەھای ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ ھەزار و ٩٥٠ دیناربوو، بەڵام دواتر بەرزبووەوە و لەکاتی داخستنی بازاڕیشدا بەھای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٥٦ ھەزار و ٧٥٠ دینار بەرزبووەوە، جیاوازی بەرزبوونەوەکەش گەیشتە ھەزار و ٨٠٠ دینار.

لەلایەکی تریشەوە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی ١٩٦ ملیۆن و ٥٨٩ ھەزار دۆلاری خستەڕوو، لەو بڕەش ٢٧ ملیۆن و  ٤٦٠ ھەزار دۆلاری بە کاش خستەڕوو.

دابەزی بەرچاوی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، لەکاتێکدایە کە وەک خاوەن نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو باسی دەکەن کەمی خستنەڕوی دۆلار بەشێوەی کاش و بڕیاری ژمارەیەک بانک بۆ راگرتنی دانەوەی دۆلار بە ھاوڵاتیان و ناچارکردنیان بە وەرگرتنەوەی پارەکانیان بە دینار، ھۆکاربوون بۆ زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لە قسەکانی وەزیری دارایی کردووەتەوە کە ھەرێم زیاتر لە شایستەی خۆی وەرگرتووە و پابەندی یاسای بودجە نەبووە.

لیژنەکە لە شەش ئەندام پێکھاتووە و رۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێکھێنرا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ماددەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان.

رۆژی شەممەی رابردوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەیدا لەلایەن لیژنەی داراییەوە رایگەیاندبوو، ھەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لەپشکی خۆی وەرگرتووە و بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵیش ترلیۆنێک و ٥٠٠ ملیار دیناری پێدەدرێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لیژنەی فەرمانی دیوانی کە لەلایەن سودانیەوە پێکھێنراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە، ھاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغداد لەبارەی یاسای بودجە و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

لیژنەکە لە شەش ئەندام پێکھاتووە و رۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێکھێنرا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ماددەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا ڕایگەیاند، وەفدێکی حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم گەیشتووەتە بەغدا.

وتیشی وابڕیارە وەفدەکەی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێرق کۆببنەوە.

سەردانەکەی وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ھاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی کێشەکانیان لەسەر بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و ھەردوولا یەکتری بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان و یاسای بودجە تۆمەتبار دەکەن

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...277278279280281...814