مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی نزیکن لە بازگەی دێگەڵە و ئۆتۆمبێلەکانیان جێهێشتووە و بەپێ بەرەو بازگەکە دەڕۆن، بەڵام لە ئێستادا هێزێکی ئەمنیی بەر لە بازگەکە بڵاوەی پێکراوە و رێگە نادەن مامۆستایان و فەرمانبەران نزیکی دێگەڵە بکەونەوە.

ئەو موچەخۆرانە باس لەوەدەکەن، هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێدەکەن و رێگەیان نادەن نزیکی بازگەکە ببنەوە.

ئەوەشیان خستە روو، "ئێمە بەشێوەیەکی ئارام هاتووین و دەمانەوێت بچینە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و ناڕەزایەتییەکانمان بگەیەنین و بگەڕێینەوە، بەڵام رێگەمان نادەن".

دەشڵێن، ئەوان نەوەک تەنها داواکاری خۆیان، بەڵکو داواکاری ئەو هێزە ئەمنییانەش دەگەیەنن کە رێگریان لێدەکەن.

لە ئێستادا مامۆستایان و فەرمانبەران چەند سەد مەترێک لە بازگەی دێگەڵەوە دوورن و هێزە ئەمنییەکانیش رێگەیان نادەن نزیکی بازگەی دێگەڵي بکەونەوە.