ئیلهام ئەحمەد: ئارامی سوریا پەیوەستە بە رەوشی رۆژئاوای كوردستانەوە
لاوان
٩ی شوباتی ٢٠٢٥
لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر هۆشداری دەدات و دەڵێت، قۆناغێكی سەخت چاوەڕوانی سوریا دەكات، ئەویش بنیادنانەوەی سوریایە. دەشڵێت، ئاسایش و ئارامی سوریا پەیوەستە بە ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانەوە.
ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە دیدارێكیدا لەگەڵ 50 نوێنەری دامەزراوە و رێكخراوی مەدەنی لە حەسەكە، رایگەیاند، باشترین رێگەچارە بۆ رەوشی ئێستای سوریا، گرتنەبەری سیستمێكی لامەركەزییە، كە تیایدا دەسەڵاتی فراوان بە ناوچەكان بدرێت و هاوسەنگی بەدەستبهێنێرێت.
وتیشی، سوریا پێویستییەكی زۆری بە دامەزراوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری كاریگەر هەیە، كە توانای نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی هەبێت.
ئیلهام ئەحمەد لەبارەی یەكخستنی ریزەكانی كوردی سوریاش وتی، هەوڵێكی فراوان هەیە بۆ یەكخستنەوەی ریزەكانی كورد لە رۆژئاوا و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا بەرهەمی ئەو هەوڵە دەردەكەوێت، وتیشی، چەند لایەنێك هەوڵ دەدەن رەوشی ئێستای سوریا بقۆزنەوە بۆ هەڵگیرساندنی ململانێ و ناكۆكی لەنێوان كورد و عەرەب.