دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، موچەی خانەنشینان لە مانگی شوباتدا گۆڕاکاریی بەسەردا دێت. وەفدی هەرێم لە بەغدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی هەرێم لە موچەی خانەنشیناندا ئەنجامیدا قبوڵ کراوە و خانەنشینان موچەی مانگی شوبات بە هاوتاکراوی وەردەگرن.

وەفدی هەورێم لە بەغدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رێککەوتنی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم ئیمزا کراوە و مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای بەغدا دەکرێت. ئەمەش واتە ئەوەی هەرێم لەماوەی رابردوودا لەبارەی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانەوە کردی، لە ئێستادا قبوڵ کراوە و کاری پێدەکرێت.

 ئەمەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەکرد، موچەی خانەنشینان لە مانگی شوباتدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، لەبەرئەوەی وەزارەتی دارایی عیراق ئاشكرایكردووە، هاوتاكردنی موچەی خانەنشینی لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیەوە جێبەجێ دەكرێت، واتا لە 23/11/2022 بەدواوە، ئەمەش بەو واتایە دێت، ئەگەر کەسێک پێش ئەو وادەیە خانەنشین بووبێت، هاوتاکردن نایگرێتەوە و دەبێت جیاوازی موچەی ئەو چەند مانگەی رابردووشێ لێوەربگیرێتەوە.