سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایان رایدەگەیەنێت: ئەمرۆ مامۆستا نەوزاد عومەر جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایان، سەعات 9:30 خولەکی بەیانی لەسەر رێگای کۆیە دەستگیرکراوە.

عیسا حسێن سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: هەر ئەمرۆ جگە لە مامۆستا نەوزاد، مامۆستایەکی دیکەی ناڕازی لە هەولێر بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکراوە.

وتیشی: مامۆستایان بە شێوەیەکی مەدەنی داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن، ناکرێت مامۆستا ببرێنە زیندان و دەستگیربکرێن.

عیسا حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو یەکێتی مامۆستایان پشتیگیری لە تەواوی هەموو خەباتێکی مەدەنی مامۆستایان دەکەین، چونکە مافی مامۆستایانە کە موچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و شایستەکانیان بۆ خەرجبکرێت.

راشیگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە لە سلێمانی فەرمانبەران و مامۆستایان، دێنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ توندوتیژیەک درووست بێت، بەڵام نازانم حکومەت لە هەولێر بۆ لە خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندان دەترسن.