وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دادگای فیدراڵی ئەمریکا سزای روس رۆجیو تەمەن ٥٤ ساڵی خەڵکی ویلایەتی پێنسلڤانیای داوە بەھۆی ئەشکەنجەدانی ھاووڵاتیەکی وڵاتی ئیستۆنی لە ساڵی ٢٠١٥ لە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا ئەو کەسە ھەوڵیداوە کارگەیەکی دروستکردنی چەک بە نایاسایی لە ھەرێمی کوردستان دروستبکات.
سزای ئەو کەسە کە دادگا بۆی بڕیوەتەوە بریتییە لە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی و چەندین تۆمەتی دیکەشی ھەیە لەوانە ناردنی چەک بۆ عێراق بێ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و بەقاچاغبردنی کەلوپەل و سپیکردنەوەی پارە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ماڵیکیان لە گوندی خەڵەف لە سنوری ناوچەی بارێ لە سنوری قەزای شنگال بۆردومانکردووە، بەڵام ھێشتا زیانەکانی ئەو بۆردومانە نەزانراون.
بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە، کە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵێکی لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنوری شنگال بۆردوومانکرد و بەھۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دوای رووداوەکەش، لیژنەیەکی ئەمنی لە سوپای عێراق و پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانی پێکھێندران و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە شوێنی بۆردومانەکە کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی دەشڵێت، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی ئەنجامبدرێت و داواشمان کردوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی هەموو لایەنەکان بێت.
دەقی روونکردنەوەکەی فراکسیۆنی ئازادی:
سەبارەت بە دانیشتنی ئەمرۆی دووشەمە رێکەوتنی ٢٢ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ ی پەرلەمانی کوردستان
فراکسیۆنی ئازادی نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لە بارەی ئەو گرژی و ئالۆزیەی کە لە دانیشتنەکە رویدا لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە هەیە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان
وە ئیستاش داوا لە هەموو فراکسیۆنەکان دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بارودۆخە هەنوکەییە بکەن و دەتواندرێ بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت هەر لەم بارەیەوە فرکسیۆنی ئازادی وەک پێشتر ڕای گەیاندوە کە پێویستە هەلبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی ئەنجامبدرێت و لەگەل درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە و داواشمان کردوە کۆمسیۆنی هەلبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی هەموو لایەنەکان بێت نەک بە شێوەی قۆرخکاری لە نێوان پێنج لایەن کارا بکرێتەوە
لە کاتێکدا هەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن کە ئەمە دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا
لە هەمانکاتدا سەر لەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە حزبی شیوعی و فراکسیۆنی ئازادی لەگەل ئەم شێوە کۆمسیۆنە بێت و جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەینەوە
د.محی الدین حسن
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣
فراکسیۆنی ئازادی لە لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت کۆبوونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بۆی داوا لە ھەموو فراکسیۆنەکان دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە ھەنوکەییە بکەن، چونکە دەتواندرێت بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە، پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجامبدرێت، داواشیانکردووە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی ھەموو لایەنەکان بێت، نەک بەشێوەی قۆرخکاری لەنێوان پێنج لایەن کارابکرێتەوە، لەکاتێکدا ھەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمیسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن، ئەوەش دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا، بۆیە جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەنەوە.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان روویدا پێچەوانەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتییە و زیانی زۆری بە سازانی نیشتمانی گەیاند.
راشیگەیاند، بەشێکی زۆری پێکھاتەکان لەژێر فشاردا بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیان کردووە و پارتی پێکھاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەھێنێت و ئەوەی روویدا بە تەواوی پرسی پێکھاتەکانی خستە ژێرپرسیارەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چێشتخانەیەکی چەمچەماڵ دەمەقاڵێ لەنێوان گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ و چەند کەسێکی دیکە روویداوە و دواتر لە دەرەوەی چێشتخانەکە گەنجەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکە پێشەی پێشمەرگە بووە و خەڵکی گوندی گوڵمکی سنوری ناحیەی ناوشوانە و دانیشتووی چەمچەماڵە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەڵگەو تاوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی روویداوە و سکاڵا لەسەر شەش کەس تۆمارکراوە.
ئاشکراشیکرد، ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە ناسراون و کوژراوەکە و تەقەکەرەکانیش خزمی یەکترن، بەڵام تائێستا تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.
کامیل قەزاز بریکاری وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بۆ کارەبای ٢٤ سەعاتی، حەوت ھەزار مێگاوات کارەبا پێویستە و لەو بڕە زیاتر توانایان ھەیە، بەڵام نەبوونی سوتەمەنی رێگرە لە بەرھەمھێنانی، بۆیە تا ٤٥٠٠ مێگاوات کارەبا دەتوانن بەرھەمبھێنن.
ھاوکات عەلی ئیسماعیل بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوونی سەربە وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، لە چەندین شوێن پڕۆژەی پریپەید سەرکەوتوو بووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگ تەواوی سیستەمەکە بەسەر ھاوبەشانی پێوەری زیرەکدا لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت.
کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و ئامادەبوونی ستران عەبدوڵا لیپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکاندا ھەڵوێستە لەسەر داواکاری ھاوڵاتیان لەسنوری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش بەتایبەتی کرا لێپرسراوانی یەکێتی بەڵێنیاندا بەوردی بەدواداچوون بۆ کێشەی دانیشتوانی ناحیەی شۆڕش بکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیکرد لە فۆتوشی ماتسۆمۆتو باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق و لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بەردەوامی نێوان لایەنەکان بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا گفتوگۆی لەسەرکرا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی ھەرێم و پرسی ھەڵبژاردن، ھەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، زەمینەیەکی لەبار بۆ گەیشتن بە سازان و رێککەوتنی نیشتمانی ھاتووەتە ئاراوە و ھەموو ھەوڵێکیشیان لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتییاندایە.
وتیشی، گفتوگۆکان لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لەھەرێم بەردەوامە و ھیوادارن ئەو خاڵانەی ناکۆکی لەسەرە، بەزووترین کات رێککەوتنی لەسەر بکرێت و ھەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ھەر لە دیدارەکەدا بەھێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ھەردوولا تاوتوێکرا.
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی دوو شەممەی پەرلەمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، تاک لایەنە و بە نایاسایی بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی پەرلەمانی کوردستان زیادکردووە کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمە.
فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاندوە، ئەو ھەنگاوەی پارتی پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان و رێکەوتنی سیاسی لایەنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دوو پرسی نیشتمانین و دەبێت دوای رێککەوتن و سازانی لایەنەکان بە یەکەوە بخرێنە بەرنامەی کارەوە و کاریان لەسەر بکرێت، بەڵام پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ ئیمزاکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیڕەوی.
دەشڵێت، ئەو ھەنگاوە بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانە دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانیش، وەک فراکسیۆنی یەکێتیش ئەو ھەنگاوە نا یاسایی و ناپەیڕەویە رەتدەکەنەوە و ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەنە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆی و ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە بارودۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانی ھەردوولا تاوتوێکراون و لێکتێگەشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان ھەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەندێ بابەتی تر کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر ھەبوو، لەکۆبوونەوەکانی ئایندە بڕیاری پێویستیان لێ دەدرێت.
کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، رۆژی ھەینی لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی سەبارەت بە ھەموواری یاسای ھەڵبژاردن، مەکتەبی ھەڵبژاردنی ھەردوو حزب بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی دابینکردنی سەلامەتی بۆ ھەموو نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە، لەو رەفتارە نایاساییانەی کە ھەندێک لە نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە ئەنجامیانداوە و سەریان کێشاوە بۆ ناسەقامگیریی لە عێراق و زیانگەیاندن بە پەیوەندییە ھەرێمییەکانی عێراق.
رەتیشیکردووەتەوە کە ھێرشکرابێتە سەر کەمپەکە و دەڵێت ھیچ نیاز و پلان و فەرمانێکیش نییە، بۆ جێبەجێکردنی رێکار لەناو کەمپەکە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، دەستووری عێراق و ستراتیژییەتی حکومەتی ئێستا بەپێی کارنامەکەی، دابینکردنی پاراستنی تەواوەتی و پاڵپشتییە لە ھەموو پەنابەران لە خاکی عێراق، ھەروەھا حکومەت رێگە نادات عێراق ببێتە ناوچەی ئۆپراسیۆن لەدژی وڵاتانی دراوسێ.
داواشی لە رێکخراوەکان و دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرێتیی کەمپەکە کرد، ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان بکەن، لە دابینکردنی ئاسایش و رەتکردنەوەی پێشێلکاریی نایاسایی، راشیگەیاند، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ھەر کەسێک دەگرنەبەر کە دژی بەرژەوەندی گشتیی عێراق بوەستێت و ھەوڵی دروستکردنی پشێوی بدات.
زانکۆی پزیشکی ئیلام لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە ناوچەی ئیڤان، سیروان و لەوماری سەر بە پارێزگای ئیلام سێ ھاوڵاتی بە ھەورەبروسکە گیانیان لەدەستداوە، لە ناوچەی مەلەکشای سەر بە ھەمان پارێزگاش کەسێک برینداربووە.
لە گوندی پارسانیانی سەر بە پارێزگای سنەش ھاوڵاتییەکی تەمەن ١٧ ساڵ بەھۆی ھەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستدا، لە کرماشانیش ھاوڵاتییەکی دیکەش بە ھەمان ھۆکار گیانی لەدەستداوە.
د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت ھەموارکردنەوەی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، دوای لابردنی دەستەواژەیەکی ناو ماددەی ١٢ لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ھەرێم بوو، لە ھەوڵێکدا ١٠ ئەندامی لیژنەی دارایی یاداشتێکیان پێشکەش بە سەرۆکی لیژنەی دارایی کردوە بۆ ھەموارکردنەوەی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ لە لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، دیسانەوە دەیانەوێت ناردنی شایستەی دارایی مانگانەی ھەرێم ببەستنەوە بە ھەناردەکردن و فرۆشتنی بە لایەنی کەم ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە، لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕێکەوتنامەی نەوتی نێوان ھەردوو حکومەت فرۆشتنی نەوت لە لایەن سۆمۆ جێبەجێ دەکرێت نەک ھەرێم، ئەو ئەندام پەرلەمانانەش دەڵێن، لە کاتی ھەبوونی ھەر ناکۆکیەک لە نێوان ھەردوو حکومەت ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ کارکردن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتمەندەکانی بواری شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان، سوود لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرن و ئەنجومەنی باڵای بەرەنـگاربوونەوەی شێرپەنجە لە عێراق و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ھەرێمی کوردستان دەخەنە ناو بەرنامەی پاڵپشتییەکانیان.
راشیگەیاند، وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندیداوە لەسەرئەوەی، نوێنەری سەنتەرە تایبمەتمەندەکانی تەندروستیی ھەرێم لە ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە ھەبێت و بخرێنە ناو پڕۆگرامی پاڵپشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا رێکخەری سەنتەرە تایبمەتمەندەکانی بواری شێرپەنجە لە ھەرێم، بۆ ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە زیاد دەکرێت.
وتیشی، ئەو ھەنگاوە سوودی دەبێت بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرە شێرپەنجەییەکانی ھەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە وەرگرتنی چارەسەرەکان و دابینکردنی ئامێری پێویست.