هاتوچۆی سلێمانی راگەیەنراوێکی لەبارەی کامێراکانی نێوان رێگای تاسڵوجە- دوکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیچ کام لەو کامێرانە لانەبراون و بەردەوامن لە کارکردن، دەشڵێت، ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن کامێراکان لابراون، دوورن لە راستییەوە.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی کامێراکانی رێگای دوکان – تاسڵوجە یان شەقامی نێوان تاسڵوجە و راپەڕینی لێکردووەتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە چەواشەکارییە و دوورە لە راستی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کامێراکان وەک هەر ئامێرێکی دیکە پێویستی بە چاککردن و چاودێری بەردەوام یان گۆڕین هەیە، بەڵام بە گشتی وەک بنەمایەک بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک لە هیچ شەقامێک کە کامێرای داناوە هەڵنەوەشاوەتەوە و لای نابات، بەڵکو هەندێک شوێن هەیە کامێراکان بە سیستەمێکی نوێ و جۆری کامێرای پێشکەوتووتر لە رووی کوالێتییەوە دادەنرێت.

هاتوچۆی سلێمانی روونیشیکردووەتەوە، سیستمی کامێراکان بە بەرنامەیەکە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و لە هەر شوێنێکش دانرابێت بە تایبەتی سیستەمی پۆینت تو پۆینت ژمارەی گیان لەدەستدانەکانی ئێجگار کەمکردووەتەوە.

داواش لە شۆفێران دەکات، سەرچاوەی راستی هەواڵەکان بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بڵاویدەکاتەوە و باوەڕ بە هەموو هەواڵێک نەکەن کە سەرچاوەکەی نادیارە. دەشڵێت، پرۆسەی کامێراکان لە گەشەی بەردەوامدایە و بەهیچ جۆرێک لێناکرێنەوە.