شەپۆلێکی سەرمای سەخت و بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات؛ ئەو رێنماییانە چین دەبێت جێبەجێیان بکەیت
هەساو ئەمیر
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، کەشناسێکیش باس لەوەدەکات، رۆژانی 23 تاوەکو 25ی ئەم مانگە شەپۆلی سەرماکە لە لوتکەدا دەبێت و پێویستە هاوڵاتییان چەند رێنماییەک جێبەجێ بکەن.
شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسیی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەکەونە ژێر کاریگەری تۆپەڵەهەوایەکی بەهێزی قوڵی ساردی جەمسەریەوە، کە رۆژانی 23 و 24 و 25ی مانگ کاریگەری بارستەهەوایەکە لە لوتکەدا دەبێت.
دەشڵێت، لە تەواوی ناوچەکاندا پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سیلیزی دادەبەزن، لە هەندێک ناوچەش زیاتر سارد دەبێت، بۆیه هەفتەی داهاتوو ئەگەری زوقم و شەختە و بەستن هەیە.
ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە لەو کاتی سەرمایەدا هاوڵاتیان چەند رێنماییەک جێبەجێ بکەن بۆئەوەی پارێزراو بن لە زیانەکانی ئەو سەرما سەختە.
دەقی رێنماییەکان:
١.پێویستە 'ئەنتی فرێز' بکەنە ناو ئۆتۆمبێلەکانتان، ئەگەر گەراجتان هەیە لە گەراجدا رایان بگرن.
٢.ئەو درەخت و بەربوبومانەی کە هەستیارن و خۆراگر نین بۆ سەرما و زوقم، پێویستە دایان بپۆشن.
٣.ئاوی پێویست لە ژوورەوە دابنێن و ئەو بەلۆعانەی لە دەرەوەی ماڵەکانتاندان دایانبپۆشن.
٤.هاوڵاتیان تاوەکو دەتوانن خۆیان بە دووربگرن لە ناوچە شاخاوییەکان و رێگا شاخاوییەکان بەکارنەهێنن.
٥.شوێنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانتان بە جوانی دابپۆشن.