بەبیانووی شەڕ لەگەڵ پەکەکە زیاتر لە سێ هەزار گوندی ناوچەی جزیرەی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان چۆڵکراون و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون.

ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، دەسەڵاتی تورکیا لە ساڵی 1990ـەوە بە بیانووی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە زیاتر لە سێ هەزار گوندی جزیرەی شرناخی باکوور کوردستان بە زۆرەملێ چۆڵ کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە یەک ملیۆن کورد لەو ناوچانە ئامادەنەبوون ملکەچی دەسەڵاتی تورکیا بن، بۆیە زۆربەیان ئاورەی شوێنەکانی دیکەی باکوور و شارەکانی تورکیا بوون و تاوەکو ئێستا 35 ساڵە خەون بە گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان دەبینن.

ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەو گوندانە باس لەوە دەکەن، هیوایەکیان بۆ گەڕاوەتەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، بتوانن دوای زیاتر لە 30 ساڵ جارێکی دیکە بە زێدی خۆیان شاد ببنەوە، چونکە بە وتەی ئەوان لە دوای چۆڵکردنی ئەو گوندانە ژیانیان لە هیچ شوێنێکی دیکە ئاسودەیی و جێگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە.