کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران روو لە ناوچەکە دەکات و بەفر لە سەنتەری زۆرینەی شارەکاندا دەبارێت. شارەزایەکی کەشناسییش دەڵێت، ئەمە باشترین و درێژترین شەپۆل دەبێت لەچاو شەپۆلەکانی ماوەی رابردوو و لە هەندێک ناوچەی شاخاویی ئەگەری هەیە 80 بۆ 90 سانتیم بەفر ببارێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان نیمچە هەوردەبێت و لە ئێوارەدا  دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەگەڵ دەستپێکردنى بارانبارین سەرەتا لە سنوورى رۆژئاواى هەرێم و سنوورى پارێزگاى دهۆک، دواتر لە بەشیک لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، هەروەها لە شەو درەنگدا کەمێک بەفر دەبارێت  .

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی پێنجشەممە، ئاسمان هەور  و باراناوى دەبێت و ئەم شەپۆلى بارانبارینە سەرجەم ناوچەکە دەگرێتەوە، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، کە سەرەتا دابارین بەشێوەی پچڕپچڕ دەبێت، دواتر لە شەودا هێز و تاوى باران زیاد دەکات بۆ بارانى مامناوەند و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ  لێزمەبارانى بەردەوام لەگەڵ زیاد بوونى خێرایی با.

کەشناسیی هەرێم دەشڵێت، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە و سبەنێش 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزن.

لەلایەکی دیکەوە، شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسیی باس لەوە دەکات، سەرەتا شەپۆلەکە لەشێوەی دابارین دەبێت و لەو ناوچانەی بەرزییان هەزار و 200 مەتر یان کەمترە لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەفر دەبارێت، دەشڵێت، شەپۆلەکە هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت و لە هەندێک شوێن ئەگەری لافاو هەیە.

باسی لەوەشکردووە، شەپۆلی دووەم لە رۆژی شەممەوە روو لە هەرێم دەکات و کە سەرچاوەکەی دەریای ناوەڕاست و دەریای رەشە و تاوەکو رۆژی سێشەممە دەمێنێتەوە، چەقی سەرماکە لە 22 تاوەکو 26ی مانگدا دەبێت، کە پلەکانی گەرما 11 تاوەکو 12 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

ئەوەشێ خستووەتە روو، لە ناوچە شاخاوییەکان زۆرترین بڕی دابارین دەبێت و لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان لەنێونا 40 بۆ 100 ملم باران دەبارێت، لە هەندێک ناوچەی شاخاوییش ئەگەری هەیە 80 بۆ 90 سانتیم بەفر ببارێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر     : 11 پلەى سیلیزى

سلێمانی  : 9پلەى سیلیزى

دهۆک     : 7پلەى سیلیزى

کەرکوک  :14 پلەى سیلیزى

زاخۆ      :   8پلەى سیلیزى

هەڵەبجە : 7  پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران  : 6  پلەى سیلیزى

سۆران   :  13 پلەى سیلیزى

گەرمیان  : 14پلەى سیلیزى