ئەنجومەنی وەزیران: پەلاماردانی جوتیاران لە سنوری كەركوك نادەستووریی و نایاساییە
هادی
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی راسپارد بەردەوام بێت لە رێكارەكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، بەپێی راگەیەنراوێكیش لە كۆبوونەوەكەدا پەلاماردانی جوتیارانی كورد لە سنوری كەركوك بە رەفتارێكی نادەستووریی و نایاسایی و قبوڵنەكراو لە قەڵمدراوە، جەختیشكراوەتەوە، جووتیاران خاوەنی رەسەنی زەوییەكانن و دەبێت ئازادانە مافی كێڵان و سوودوەرگرتنیان لە موڵكی باوباپیرانیان هەبێت.
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمیش، ئەنجومەنی وەزیران داوا دەكات هەرچی زووە، هەناردەكردنەوەی نەوت دەستپێبكاتەوە كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكانە، چونكە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عیراق گەیشتووە، بۆ ئەو مەبەستەش، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی راسپێردرا، لەسەر رێكار و میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق لە هاریكاریی بەردەوامدا بێت، بە تایبەتی كە ئێستا یاساكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و رێگری یاسایی لەبەردەم پرۆسەكە نەماوە.