کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر سەبارەت بە رەوشی گوھدار زێباری لە زیندان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیگەرانن لە مانگرتنی رۆژنامەنووس گوھدار زێباری لەخواردن لەناو زینداندا، بۆیە لە نزیکەوە چاودێری ئەو دۆسیەیە دەکەن لەگەڵ ئەو رۆژەی دیاریکراوە بۆ دادگاییکردنی کە ١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵە.
گوھدار زێباری لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەگەڵ چوار چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکەی بادینان بەتۆمەتی “سیخوڕیی و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران و بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، بەڵام دواتر بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی ھەرێم سزاکەیان بەڕێژەی ٦٠% کەمکرایەوە، بەو پێیەش بڕیاربوو لە ١٦ی ئاداری ئەمساڵ ئازادبکرێت، بەڵام بەھۆی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی جارێکی دیکە سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
دواتر دەبوو لە رۆژی ١٦ی ئابی رابردوو و لەدوای نزیکەی سێ ساڵ ئازادبکرێت، بەڵام بەھۆی کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەسەر ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت جارێکی دیکە ئازادنەکراو لە زیندان ھێڵرایەوە، لەبەرامبەریشدا گوھدار ماوەی دوو ھەفتەیە مانی لەخواردن گرتووە، کەسوکار و پارێزەرەکەشی ھۆشداری لە خراپی دۆخی تەندروستی دەدەن.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خزمانی شێخانی قادرکەرەم
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (دکتۆرە فیراز) کچی شەھید شێخ مارف بەرزنجی و خێزانی شێخ مستەفا شێخ ئیسماعیل بەرزنجیمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەین.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھاوڵاتییەی کوژراوە تەمەنی نزیکەی ٥٠ ساڵە، خەڵکی دەوروبەری پارێزگای ھەولێرە و ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھاتووەتە بازیان، بەیانی ئەمڕۆش لە ئۆتۆمبێلێکەوە کە چەند چەکدارێکی تێدابووە، دەسترێژی گوللـەی لێکراوە و کوژراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتوون و دەستگیرنەکراون، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تواندراوە ئەو ئۆتۆمبێلە بناسرێتەوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی، لەئێستادا تەرمی ھاوڵاتییە کوژراوەکە بۆ توێکاری زیاتر لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە و گەڕان بەشوێن تۆمەتباراندا بەردەوامە.
ئەردەڵان دۆسکی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کارەبا و لێپرسراوی لیژنەی باڵای پڕۆسەی پریپەید رایگەیاند، ھاوبەشانی یەکە نیشتەجێبووەکان دڵنیادەکەنەوە پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای پریپەیدی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی (ھای کۆستەکان) دەکەنەوە، ئەمرۆش لە کۆبونەوەی وەزارەتی کارەبا پێشنیازکراوە بەکەم کردنەوەی نرخی سیستمی پریپەید لە ١٥٦ دینار بۆ ١٠٠ دینار.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، وەزارەتی کارەبا رۆژی یەکشەممە بڕیاری کۆتایی لەو بارەی پێشنیازەکەیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای یەکەکانی نیشتەجێبوون دەدات.
لە ماوەی رابردوودا حکومەتی ھەرێم نرخی کارەبای پریپەیدی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار بەرزکردەوە، ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی دانیشتووانی یەکە نیشتەجێبووەکانی لێکەوتەوە و داویانکرد نرخەکە کەمبکرێتەوە.
د.دلێر شینە، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی میھرەبانی لە شاری ھەولێر رایگەیاند، نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر بڕیاریداوە نرخی نەشتەرگەری کەمبکاتەوە و ئیتر نەشتەرگەری بە چوار ملیۆن و پێنج ملیۆن کۆتای پێھاتووە، ئەگەر نەخۆشێکیش توانای ماددی نەبێت بە سەڵاواتێک لەسەر گیانی پێغەمبەر (د.خ) نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت.
ئەو پزیشکە دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو قسەیە لەلایەن سەندیکای پزیشکانی کوردستانەوە لیژنەی لەسەر پێکھێندراوە و بۆ ماوەی ھەفتەیەک لە کارەکانی سڕکراوە، ھەڕەشیان لێکردووە ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو کارە بڕوانامەی لێوەردەگرنەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھاوپەیمانان شایستە داراییەکانی مووچەی مانگی ئابی لیوا ھاوبەشەکانیان خستووەتە سەر ھەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و رێکارە دارایی و ژمێرییارییەکانی بۆ ئەنجامدراون و بانکەکان ئاگادارکراونەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی یەکشەممەی داھاتووی رێکەوتی ٢٤ی ئەیلول مووچەی مانگی ئابی لیوا ھاوبەشەکانی وەزارەتی پێشـمەرگە دابەشدەکرێت.
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی
تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
مامۆستایانی ئایینی پایەبەرز
بەبۆنەی یادی ٥٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا رۆڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی بەرز دەنرخێنم لە پەرەپێدانی میانڕەوی و گیانی و لێبوردەیی و کلتوری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان.
لەم قۆناغەشدا کە زیاتر لە ھەر کاتێکی دیکە گەلەکەمان پێویستیی بە بەھێزکردنی میانڕەویی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ھەیە، ھیوادارین یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی بەڕێز پێداگرتر لە رابردوو ھەوڵ بۆ نەھێشتنی توندڕەوی و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بدەن، بە دڵنیاییەوە مێژوو ئەم ھەوڵە گرنگ و جێی بایەخەتان لەبیر ناکات.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێکدار، کە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو رێکەوتی ٢٤ ئەیلول لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئەنجامەکانی وەرگرتنی دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی٢٠٢٣ -٢٠٢٤ رادەگەیەنرێت.
راشیگەیاند، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان لە یەکی کانوونی یەکەم دەستدەکرێت بە پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆ و پەیمانگاکان، وتیشی پێویستە لەسەر وەرگیراوان لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەن.
راشیگەیاند، لە زانکۆکانی کوردستان ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان سەندیکای پزیشکانی کوردستان
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو د. فیراز معروف بەرزنجی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (د. فیراز معروف بەرزنجی)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو (د.فیراز) خانمێکی مرۆڤدۆست و پزیشکێکی بەئەزموون و دڵسۆزی شاری سلێمانی بوو کەخزمەتێکی بەرچاوی بەکەرتی تەندروستی و ھاوڵاتیان گەیاند، کۆچکردنی جێگای داخە.
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی ھەموو پزیشکانی کوردستان و کەسوکار و بنەماڵەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگای بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
رەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازیکرد لە کلاودیۆ کۆردۆن جێگری جینین بلاسخارت نێردەی یۆنامی لە عێراق و جێگری نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، دەیانەوێت لەنزیکەوە رای لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بزانن.
رەفعەت عەبدوڵاش راگەیاند، لە کەرکوک ھەندێک لایەن ئەجێندای دەرەکی و نەخوازراو بەرامبەر بەو شارە جێبەجێدەکەن و ئامانجیانە ھەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، لە بارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش وتی یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردندایە، بەڵام لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن تۆمارکردەوە کە ھەندێک بڕگەی لەبەرژەوەندی تەنھا یەک لایەندایە بەتایبەتی لە کورسی کۆتای پێکھاتەکاندا.
وتیشی کێشەیەکی تر پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەرانە کە لەگەڵ لیستی دەنگدانی عێراق نزیکەی ٣٥٠ ھەزار ناو جیاوازی ھەیە و لەسەر ئەم پرسەش یەکێتی لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدادیش، رەفعەت عەبدوڵا وتی، پێشتر و ئێستاش یەکێتیی ھەمیشە پەنای بۆ گفتوگۆ بردوە بۆ چارەسەری کێشەکان، لە بارەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییش ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت لەم کۆنگرەیەدا کارەکانی ناو یەکێتی باشتر و چاکتر رێکبخەنەوە.
شێرکۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لەکەشێکی ھەڤاڵانە و لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتی گیانی پێکەوەیی و خزمەتکردن بەرێبازی سەرۆک مام جەلال، لەلایەن لیژنەی کۆنفرانسی مەڵبەندی خانەقین بۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامانی بەشداربوو بۆ کۆنگرە لە سنوری مەڵبەندەکە دیاری کران.
راشیگەیاند، لەسەر رەزامەندی تەواوی بەشداربووان و لەچوارچێوەی رێنماییەکانی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە، بەشێوەی تەوافق و رەزامەندی ھەمووان نۆ ئەندامی سنوری مەڵبەندی خانەقین بۆ بەشداری لەکۆنگرەی پێنجەم دەستنیشانکران.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ھێزی دژە تیرۆر دووپات دەکەنەوە شەھیدانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە بە خوێنی خۆیان، رێگایەکی بەنرخی خەبات و قوربانیدانیان دامەزراندووە و گەل و نەتەوەکەیان پاراستووە.
لەلایەکی ترەوە، پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە"لە پەیامێکدا وێڕای ھاوخەمی بۆ شەھید و بریندارەکانی پەلامارەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت رایگەیاند، ئەو ھێرشە توندەڕەوانەی تورکیا بە درۆن ئەنجامی دەدات، بەزاندنی ھەموو بەھا ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
راشیگەیاندوە، لەو قۆناغە ھەستیارەدا کە دوژمنانی گەلی کورد یەکیان گرتووە، جەخت لە یەکڕیزی و پێشخستنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە، تابتوانن بەرامبەر بە دوژمنان بوەستنەوە.
تەلار لەتیف وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەم و ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی فەرمی کۆنگرە رایگەیاند ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی کۆنفرانسی مەڵبەندو مەکتەبەکان بەکۆتا گەیشتوە و سبەی پێنج شەممە بەرواری ٢١/٩/٢٠٢٣، لە سەعات ٨ـی سەر لەبەیانی بۆ ٤ـی پاشنیوەرۆ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا ھەڵبژاردنەکە ئەنجامدەدرێت.
رۆژی ٢٠ـی مانگی رابردوو، بەسەر پەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک کۆبوەوەو بڕیاریدا ٢٧ی ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەم ببەستێت.
لە کۆبونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی لەسەر ھێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامەو جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسی لایەنەکان و نێوان ھەرێم و بەغداد لەپێشینەی کارەکانیانە.
وتیشی، ژیان و گوزەرانی خەڵک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و بەھەموو شێوەیەک داکۆکی لێدەکەین.
ھاوکات سەرۆکی یەکێتی باسی لە پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی کرد، ئەوەشی بۆ یەکھەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە، وتیشی، ستراتیژی نەگۆڕیان لەخزمەتی گەلدایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە پێکەوەژیان دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕی لەسەرکرا و بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانە بۆ ھێرش و زیانەکانی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتی کشتوکاڵی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێتی ئەوروپا جەختدەکاتەوە لەسەر پشتیوانیکردن لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق، ھەمیشە لە پێشەنگی کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بووە و ھەرواش بەردەوامدەبێت.
پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە تورکیا بە درۆن فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی کردە ئامانج و بەھۆیەوە سێ ئەندامی دژەتیرۆر شەھیدبوون و سێی دیکەش برینداربوون، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە و جیھان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دڵنییانداوە بەوەی ھەرگیز سازش لەسەر ماف و شایستە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن و دەستبەردارییان نابن، لە ھەوڵەکانیشی بەردەوامدەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی مووچە و شایستەی مووچەخۆران، بۆیە پڕۆژەی پێویستیان پێشکەشی سودانی کردووە کە چارەسەری ھاوسەنگانەی لەخۆگرتووە و لێکتێگەیشتنی ھاوبەشیش دروستبووە.
راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی ھەرێمیان راسپاردووە کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی پارەکە کە ٧٠٠ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، راستەوخۆ بەبێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، سەرجەم وەزارەتەکانی راسپارد کە بەردەوامبن لە ھاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندینجار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران ئیدانەی ھێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی کرد و داواشیکرد کە رێز لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.